لە ئێستادا پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بووەتە بابەتی ڕۆژ و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان و سیاسییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش چەند کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پرسەکە ئەنجام داوە و تائێستا نەسازاون.
لە حاڵەتی نەسازانی لایەنەکاندا چۆن دەتوانرێت یاسایەک پەسەند نەکرێت پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێم کۆتایی پێ بێت؟
ئەو بەرەیەی کە لە ئێستادا داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات لە گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و بەشێک لە یەکگرتووی ئیسلامیی پێکهاتوون و بەرەکەی دیکەش لە پارتی و کەمینەکان پێکهاتووەن و چەند سیناریۆیەکیش لەبەردەم ئەو لایەنەدایە، کە دەیەوێت یاساکە پەسەند نەکرێت پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم کۆتایی پێ بێت.
یەکەم
ناردنی پرۆژە یاسایەکی نوێ لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە و بڕینی ڕێکارە یاساییەکان.
لەکاتی ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکاندا پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە لە دانیشتنێکی نائاساییدا بکرێت، دواتر پرۆژەکە ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی بکرێت و دووبارە لیژنەی یاسایی ڕاپۆرتێک ئامادە بکات، کە ئەندامەکانی لەسەری ڕێکبکەون و تێکەڵ بێت لە پرۆژە یاساکەى ئێستادا.
دواتریش دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیار لەسەر دانیشتنی دووەم بۆ خوێندنەوەی یاساکە بدات و یاساکە پەسەند بکرێت، بەم پێیەش ناتوانرێت پێش ١٩ی ئەم مانگە یاساکە هەموار بکرێتەوە.
دووەم
ڕازیکردنی زۆرینەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە پێکهاتووە لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان، بەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجام نەدرێت لەڕێگای ڕازیکردنی دوو کەسی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەشدا پارتی پێویستی بە دەنگی سەرۆکی پەرلەمان یان سکرتێری پەرلەمان دەبێت و پێویستە لەگەڵ گۆڕان یان کۆمەڵدا لەسەر پرسەکە ڕێکبکەوێت.
سێیەم
هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی لایەنێکی سیاسی کە لەئێستادا لە بەرەی هەموارکردنەوەی یاساى سەرۆکایەتیى هەرێمدایە، بۆ ئەوەی لایەنەکە بەشداریی دانیشتنی خوێندنەوەی دووەمی پەرلەمان نەکات و نیسابی یاسایی بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساکە ئامادە نەبێت.
چوارەم
ڕەتکردنەوەی یاساکە لەلایەن سەرۆکی هەرێم و گەڕاندنەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان، چونکە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی ڕەتکردنەوەی یاسای هەیە، بەم پێیەش پەرلەمان ناتوانێت پێش کۆتایی هاتنی ویلایەتی بارزانی یاساکە ئامادە بکاتەوە.
لە ئەگەری ئەنجامدانی هەریەک لەم سیناریۆیانەش هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکەوە کە تیایدا ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێم بەپێی یاسا کۆتایی هاتووە. هەرێمی کوردستانیش بە وتەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ناتوانێت بەپێی ئەو یاسایەی سەرۆکایەتیی هەرێم کە کاری پێدەکرێت سەرۆک لەلایەن گەلەوە هەڵبژێرێت، ئەو هەموارەی یاساکەش کە پەرلەمان سەرقاڵی ئامادە کردنییەتی پەسەند ناکرێت تا پەرلەمان سەرۆکێک بۆ هەرێم دیاری بکات.
سەرچاوە : NRT