وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماری ڕووداوەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ٦٠٢ ڕووداوی ھاتوچۆ ڕوویانداوە و ٩٢ کەسیش گیانیانلەدەستداوە.
فازل حاجی وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، تەنھا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦٠٢ ڕووداوەی ھاتووچۆ ھەبوون، کە ٩٢ کەس تێیدا گیانیان لە دەستداوە و ٤٥١ کەسیش زامدار بوون
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ڕووداوانەدا ١٠٤ ڕووداویان ماتۆرسکیل ھۆکار بوون.ھاتوچۆی ھەولێر ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ھاوکات ١٠٨ ھەزار و ٦٠٧ سەرپێچی تۆمارکراون جگە لە کامێرەکانی چاودێری کە ئەوانیش ٧٥ ھەزار سەرپێچییان تۆمار کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەھۆی زۆربوونی ڕووداوەکانی سەرپێچیکردنەوە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ھاتووچۆی ھەولێر دەستی بەسەر ٨٥٣ ئۆتۆمبێل و ٩٣٧ ماتۆرسکیلدا گرتووە .
ئەوەشی ئاشکراکردووە، ھەر لەو شەش مانگەدا ٩٣ ھەزار ئۆتۆمبێل پشکنینی ساڵانەی کردووە و لە ھەردوو خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانەوە ٢١ ھەزار ئۆتۆمبێل ھاتوونەتە ھەرێم.
لە کۆتاییدا ئەوەشی وتووە، ٧٣٢ ھەزار و ٦٦٠ ئۆتۆمبێل ھەڵگری تابلۆی ھەولێرن و ٣٨ ھەزار و ٩١٧ مۆڵەتی شۆفێری دەرکراوە و تازەکراونەتەوە.