ئەمساڵ؛ چەند جارێك دەستەواژەی “کۆپتەری نەناسراو ” دووبارە بوویەوە، جارێك بۆردومانی هەڕەمەکی شوانە کوردەکان دەکا، جارێك و دووجار بۆردومانی باخچە و بێستان و ٦ هەزار دۆنمی ئاغجەلەر دەکا، جارێکیتر تەقە لە ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایش لە تەقتەق دەکا، هەندێ جار خواردن و تەقەمەنی بۆ داعش فڕێ دەدا، ئەوا ئەمجارەش دیسان کۆپتەری نەناسراو بە پێی هەواڵەکە کە لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریەوە وەریان گرتووە! بێجگە لەوەی ٥ سەعات بۆردومانی هەرەمەکیان کردووە دواترهەندێ لە سەرکردەکانی داعشیان لە ناوچەی ساری تەپە لە پارێزگەی کەرکوك گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادایار!
لێرە، میدیا و سەرچاوەی هەواڵ (جا هەواڵگری بێت یان سەربازی بێت) خەریکی هەمان یارین کە بریتیە لە یەك وشە ئەویش “گەوجاندن”، بەڵام گەوجاندنێك کە ڕەنگە تەنیا بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان و خوێنەرانی پێ قەناعەت بکەن. لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە، لە رووی بارودۆخی هەستیاری سەربازییەوە، سوپای زلهێزەکان لە ناوچەکە، سوپا ئقلیمیەکان، هەرچوار ئاسمانی عێراق و سوریا و تورکیان خستۆتە ژێر تەرکیزێکی سیستیماتیك و ئاگایان نەك تەنیا لە کۆپتەر و موشەکی یەکترە، بەڵکو ئاگایان لە کۆلارەی منداڵانیشە!
هەتا بڵێ ی گەمژانەیە، کە “ڕادار”ە هەرە سەرەتاکانی جەنگی دووەمی جیهانی دەیتوانی دەستنیشانی ئەوە بکا فڕۆکەی دوژمن یان دۆست لە ئاسمانە، کەچی هێزەکانی ناتۆ لە هەولێر و سلێمانی، سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هەموو موتەحیر ماون لە دەست ئەم کۆپتەرە نەناسراوانە!! کە بێجگە لەوەی بە ئارەزووی خۆیان سەرەکردەی داعش دەگوازنەوە، پێچ سەعاتیش بۆردومانی هەڕەمەکی دەکەن یەك ڕادەریش کەشفیان ناکا؟
ئەم درۆیە هەتا بڵێ ی هەم لە ڕویی سەربازی، هەم لە ڕووی سیاسییەوە زۆر منداڵانەیە! دەزانن بۆ؟ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە کە کاتی خۆی UN لە سەرەتای نەودەکان بە بڕیارێک دژ بە رژێمی سەدام دەریکرد وەکو ناوچەی “دژە فڕین” . لە نەوەدەکان ئەوان لە ڕێگای ڕادارەکان بە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە لە وڵاتی عێراق دەیانزانی کە فڕۆکەی عێراقی هەڵساوە یان نا، ڕیکۆردی ئەوسای ناتۆ و یو ئێن پڕە لەو ئینزارانەی کە داوایانە بە ڕژێمی عێراق لەسەر هەڵفڕین و جموجۆڵی هێزی ئاسمانی عێراق لە سەردەمی نەوەدەکان، ئەی خێرە ئێستا هەر لەم ناوچە و ئەم وڵاتانە ئەم هەموو تەکنۆلۆژییە سەربازییە حەیران ماوە بە دەست ئەم فڕۆکە نەناسراوانەی ئاسمانی کوردستان کە ماڵی بەرپرسی ئەمنی گولەباران دەکات، باغ و باغات دەسوتێنن، ٥ سەعات هەر بۆ تەرح بۆردومانی هەرەمەکی دەکەن و دوایش هەر بۆ خۆشی تەواوکردنی ئەم یاری و گەمژاندنە سەرکردەکانی داعش بۆ ناوچەیەکی نادیار دەگوازنەوە!
ڕاستی ئەوەیە لە ئێستای ئەم ناوچەیە، جموجۆڵێکی سەربازی نییە جا چ لە زەوی بێت چ لە ئاسمانەوە بێت زانراو نەبێت! بەڵام، ئەوە بەرژەوەندیی موخابەراتی و ستراتیژییە کە وا دەکات تەنانەت جموجۆڵە ناسراو و موسبەتاکنیش بە جۆرێك لە تامی ئەفسانە موتوربە بکرێن، دەستەواژەی (نەناسراو و نادیار) بەشێکە لە بێ ئیرادەکردنی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە و زاڵکردنی حەقیقەتی حەیابەر و سکانداڵ بە تامی ئەفسانە و غەیب. لە هەر ئەفسەرێکی سوپایەکی ناتۆ بپرسی، لەکاتی جەنگدا رادار لە سەر وشکایی یان لە ژێر دەریا یان لە ئاسمان ئەگەر تەنێکی بە دی کرد ئەگەر هی خۆمان نەبوو هی کێیە؟ بێ گومان وەڵامەکەی ئەوە دەبێت هی “دوژمنە” و دەبێ بخرێتە خوارەوە یان نقوم کرێت یان تێک بشکێنرێت. لە کوردستان هەتا ئێستا یەک بەرپرسی ئەمنی جورئەتی نییە لێدوانێك لەسەر ئەم فڕۆکە “نەناسراوانە” بدات! ئەرێ ئەم فڕۆکانە ئەگەر دۆستن بۆ باغ و باغاتمان لێ دەسوتێنن و یارمەتی داعش دەدەن؟ ئەگەریش “دوژمنن” بۆ پیاوێك نیە گولەیەکیان تێ بگرێت؟