ڤیان فه‌ره‌ج
بریاردان له‌گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆی هه‌ر نه‌ته‌وه‌و گه‌لێك كه ویستی پێكه‌وه ژیانی نه‌بێ له‌و چوارچێوه ده‌ستوری‌و یاساییانه‌ی ئه‌حكامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆیان دیاریكردوه، مافێكی شه‌رعی‌و یاسایی‌و سیاسیه. گه‌لی كوردیش له‌وچوارچێوه‌یه‌دا وه‌ك هه‌ر گه‌لێكی تر مافی خۆیه‌تی له‌به‌شێكی خاكه‌كه‌ی یان هه‌مو كوردستانی گه‌وره ئه‌و مافه به‌كار بهێنێ‌و داوای سه‌ربه‌خۆیی‌و گشتپرسیش له‌و پێناوه‌دا بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م گشتپرسیه‌ی هه‌رێمدا ده‌بینرێ جگه له‌وه‌ی نایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ بنه‌ما گشتی‌و یاساییه‌كانی به‌كارهێنانه‌كانی ئه‌م مافه‌دا، ئامانجه سیاسیه‌كانی ئه‌نجامدانه‌كه‌شی جودایه.
هه‌ڵبه‌ت ده‌مه‌وێ گوزه‌رێك به‌سه‌ر جۆره‌كانی به‌كارهێنانی مافی ریفراندۆم بكه‌م‌و پاشانیش تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و ئه‌زمونانه‌ی له‌دونیادا له‌م بواره‌دا گیراونه‌ته به‌ر تا وه‌ك پێشینه‌یه‌كی سیاسی‌و یاسایی به‌راوردیان بكه‌ین به‌مه‌ی هه‌رێم.
یه‌كه‌م: جۆره‌كانی ریفراندۆم
گه‌لان و ده‌وڵه‌تان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئه‌م گشتپرسیه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له هه‌ڵپه‌سێراوانه‌ی توانای یه‌كلایكردنه‌وه یان مافی یه‌كلاكردنه‌وه‌یان نیه له نێو پارله‌ماندا، یان به‌هۆی تانه‌دانی (گه‌ل) یان پێشنیاری (گه‌ل) بۆ یاسایه‌كی سیادی، یاخود به‌هۆكاری شه‌ڕو رزگاریه‌وه وه‌ك كیانێكی دیفاكتۆ دروستبون و ده‌یانه‌وێ شه‌رعیه‌ت بده‌نه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی( گه‌ل)ه تازه رزگاربوه‌كه ده‌با به‌ڕێوه. هه‌ڵبه‌ت جۆره‌كانی رفراندۆم ( یاخود دیموكراسی راسته‌وخۆ) به‌گشتی ناوخۆییه‌و ده‌شێت به‌زۆره‌ملێ بێت، یان خۆبه‌خشانه بێت.
كاتێك ریفراندۆمێك زۆره‌ملێی (Mandatory) ده‌بێت واتای وایه به‌بێ ئه‌وه‌ی به فلته‌ری ده‌نگدانی گشتی (گه‌ل)دا بڕوا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناتوانێ ئه‌و كاره‌تێپه‌ڕێنێ كه ویست و ئیرادی (گه‌ل)ی پێویسته یه‌كلاكردنه‌وه‌ی. به نمونه گۆڕانی ده‌ستور له وڵاتاندا پێویستی به ده‌نگدانی گشتی گه‌ل هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێ پرسی تر هه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له سویسرا چینێكی جه‌ماوه‌ری دژ به‌یاسایه‌كی پارله‌مانی ده‌وه‌ستنه‌وه‌و بۆ ئه‌مه لانی كه‌م په‌نجا هه‌زار ئیمزا له ماوه‌یه‌ك سه‌د رۆژ تێپه‌ڕنه‌كا له‌ده‌ركردنی یاساكه كۆده‌كه‌نه‌وه تا رێگر بن له‌به‌رده‌م به‌ركارخستنی ئه‌و یاسایه‌دا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش ریفراندۆمی بژارده‌كی (ptionalO) پێ ده‌وترێت. ده‌شكرێ داوایه‌كی بژارده‌كی بێت و شه‌رعیه‌ت له ده‌ستوره‌وه وه‌ر بگرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ٣ پارێزگا له عیراقدا ده‌توانن ریفراندۆم بكه‌ن بۆ به‌كارهێنانی مافی پێكهێنانی هه‌رێمێكی سیاسی له‌ناو چوارچێوه‌ی عیراقدا.
هه‌ڵبه‌ت ریفراندۆمی شه‌عبی (Popular) له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی ده‌سپێشخه‌ری (Initiative) له‌وه‌دا جودان كه یه‌كه‌م بۆ رێگریه له‌یاسایه‌ك یان كۆدێكی ده‌ستوری له‌كاتێكدا دوه‌م پێشنیاره بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كه بونی نیه‌و (گه‌ل) نه‌بونی ئه‌و یاسایه به گرفت له‌به‌رده‌م چاره‌نوسی مه‌سه‌له‌یه‌ك یان چینێك دا ده‌بینێت. ریفرانده‌ی شه‌عبی ده‌كرێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی یان یاساییه‌وه بێت كه نوێنه‌رایه‌تی له‌گه‌له‌وه وه‌ر گرتوه‌و په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی پێوه‌ی ده‌ناڵێنن و له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌تردا نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كا.
بۆ نمونه ئه‌ندامانی پارله‌مانی كوردستان یان عیراق، ده‌توانن له‌سه‌ر یاسای نه‌وتوغاز رێژه‌یه‌كی دیاریكراو ئیمزای (گه‌ل) كۆ بكه‌نه‌وه‌و له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی به‌غدا یان هه‌رێم یان هه‌ردوكیان تانه له‌و یاسایه بده‌ن و به قوه‌تی (گه‌ل) هه‌وڵی گۆڕانكارییان بده‌ن. یان ده‌كرێ لانی كه‌می ده‌نگ بۆ پرۆژه‌ی گۆڕانی ده‌ستوری كۆ بكه‌نه‌وه‌و پاشان بیخه‌نه به‌رده‌م لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار تا ریفراندۆمی گشتی بكا بۆ گۆڕینی ئه‌و ده‌قانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره. راستی ئه‌م جۆره له ریفراندۆم به‌كارهێنانێكی زۆری هه‌یه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌نمونه سویسرا، ماڵتا، روسیا له ١٨٧٤ه‌وه، ئه‌لبانیاو دانیمارك له ١٩٥٣ه‌وه، ئیتاڵیا له ١٩٧٠، ٢٣ ولایه‌تی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له ٢٠٠٩ه‌وه، سه‌رباری فه‌نه‌زویلاو كۆڵۆمبیاو ئۆروگوای له ئه‌مریكای لاتین.
جۆرێكی تر له‌ریفراندۆم په‌یوه‌ندیداره به‌مافی نوسینی یاداشت یاخود (عه‌ریزه)، ئه‌م جۆره له زۆربه‌ی وڵاته دیمۆكراسیه‌كاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشه ناوخۆییانه‌ی به‌رۆكی وڵاته‌كه یان یه‌كێتیه‌كه‌یان ده‌گرێ. به نمونه ئه‌مریكا، و پارله‌مانی ئه‌وروپاو لۆردانی به‌ریتانیا مافی (petition) ده‌ده‌نه هاوڵاتیان به رێژه‌یه‌كی دیاریكراوی ده‌نگ كێشه‌یه‌ك بخه‌نه ناو پلانی تاوتوێكردنه‌كانی لیژنه پارله‌مانیه‌كانه‌وه. ریفراندۆم له‌سه‌ر شه‌ڕ (War Referendum ) جۆرێكی تری ریفراندۆمه گه‌لان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه ده‌خرێنه ناوه‌ندی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسیان ئایا تا چه‌ند ئاماده‌یی تێوه‌گلانی وڵاته‌كه‌یان هه‌یه له شه‌ڕێكدا، ئه‌م باسه بۆیه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن ئیمانوێڵ كانته‌وه باسی لێوه كراوه له ١٧٩٥ دا كه له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌بێ پرسیان پێ بكرێ ئایا ده‌یانه‌وێ به‌شێك بن له‌و سه‌ركه‌وتن و شكستانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێیت یان نا؟
دواین جۆری رفراندۆم ئه‌وه‌یه كه له‌هه‌رێم به نیوه‌ناچڵ بڕیاره ئه‌نجام بدرێ واتا ریفراندومی سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ختێك پارچه‌یه‌ك خاك له پرۆسه‌یه‌كی سیاسی یان شه‌ڕدا ده‌لكێنرێ به خاكێكی تره‌وه، گه‌لانی نیشته‌جێی سه‌ر ئه‌و خاكه لكێنراوه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه گشتپرسی بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ده‌یانه‌وێ سه‌روه‌ری یاسیای و شه‌رعی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆ ببن یان مانه‌وه‌یان به‌وجۆره‌ی كه هه‌ن.
دوه‌م: جێبه‌جێكردنه‌كانی
ژماره‌یه‌كی زۆرله وڵاتان و گه‌لان له‌دونیادا په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره له ریفراندوم بردوه كه به (Independence Referendum) ناسراوه. له‌سه‌ره‌تادا ده‌بێ گه‌لی داواكار له‌لایه‌ن ناوه‌نده سیاسی و یاساییه‌كانی خۆی جا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و هه‌رێمه بێ (له‌حاڵه‌تێكدا كه هه‌رێمه‌كه دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی و یاسای هه‌بێت)، یان رێكخراوه سه‌ربه‌خۆخوازه‌كانه‌وه وه‌ك پارت ورێكخراوه ناحكومیه‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌گه‌ر هێشتا له‌سه‌ر قاچ نه‌وه‌ستابێ، ده‌ست بكه‌ن به‌دانوستان و وتووێژ له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم له‌گه‌ڵ وڵاتی پێوه‌لكاودا، هه‌ڵبه‌ت به‌گوێره‌ی ئه‌حكامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌گه‌ر ریفراندوم به‌بێ ره‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی پێوه‌لكێنراو ئه‌نجامدرا ئه‌نجامه‌كانی هه‌رچی بێت له‌لایه‌ن دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌ك( ی‌و ئێن) و (یونامی)ه‌وه به‌هه‌ند وه‌رناگیرێ و ره‌ت ده‌كرێته‌وه، نمونه‌ی زیندوی ئه‌م حاڵه‌ته كه‌ته‌لۆنیای ئیسپانیا بو له ساڵی ٢٠١٤ دوای ئه‌وه‌ی به رێژه‌ی ٨٠،٧٦ له‌سه‌دا كه‌ته‌لۆنیایه‌كان ده‌نگیان به‌سه‌ربه‌خۆیی دا، ئه‌و پرسه برایه دادگای ده‌ستوری ئیسپانیا‌و له‌وێ ره‌تكرایه‌وه به‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كانی ریفراندومه‌كه كه له‌بنه‌ماوه به ره‌زامه‌ندی مه‌درید ئه‌نجامنه‌درابو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پارله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا ئاكتیڤ بو به یاسای تایبه‌ت به‌ر له ئه‌نجامدانی شه‌رعیه‌تی به ئه‌نجامدانی داب‌و، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان جۆرێك بون له‌به‌رژه‌وه‌ندی مه‌درید شكایه‌وه.
یه‌ك پرسیار ده‌خرێته سه‌ر كارتی ده‌نگدا ئایا كامه‌ت پێ باشه؟
ئه‌لیف: سه‌ربه‌خۆیی
بێ: دۆخی ئێستا (هه‌ندێ لایه‌ن له جێگای ئه‌مه ده‌نوسن ئۆتۆنۆمی) كه له‌حاڵه‌تی هه‌رێمدا باشتره بنوسرێ (سیسته‌می فیدرالی كارپێكراو به‌گوێره‌ی ده‌ستوری عیراق) چونكه ئۆتۆنۆمیه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنیش هه‌ر به ئۆتۆنۆمی حسا بو، دۆخی ئێستاش وابزانم هیچ كه‌س ئاواتی پێ ناخوازێت
ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ندێ له ریفراندۆمه‌كانی له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد زۆرینه‌ی ساده بتوانێ ئامانج بپێكێ ئه‌وا له حاڵه‌تی ریفراندومی سه‌ربه‌خۆیدا لانی كه‌م زۆرینه‌ی ره‌ها پێویسته. له حاڵه‌تی بردنه‌وه‌و ده‌نگدان بۆ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وا به‌گوێره‌ی یاسای تایبه‌ت كه به یاسای یه‌كلایه‌نه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی ناسراوه تا جێبه‌جێكردنی ئیجرائاته‌كانی تر به نزیكی وه‌ك وڵات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ له‌لایه‌ن ناوه‌نده جیهانیه‌كانه‌وه، خۆ ئه‌گه‌رنه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی زاڵ بو، ئه‌وا لایه‌نی داكۆكیكار له ریفراندوم بۆ سه‌ربه‌خۆی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ماوه‌یه‌كی تر پرسی ریفراندوم بخاته‌وه به‌ر ئه‌نجامدان. له كوبیك له‌لایه‌ن پارتی نه‌ژادپه‌رستی كوبیكۆیس له ١٩٨٠، ١٩٩٥ ئه‌و حاڵه‌ته دوباره كراوه‌ته‌وه.
له‌راستیدا پرسی ریفراندوم بۆ سه‌ربه‌خۆی له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا لانی كه‌م مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆیه‌كم جار بۆ هه‌ردو ولایه‌تی لیبیریاو ماریلاند له ئه‌مریكا كه له ١٨٤٦ و ١٨٥٣ تیایاندا ئه‌نجامدراوه‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌سه‌ند كراوه، دواتر له ١٩٠٥ دا له‌نێوان سوید و نه‌رویجدا كۆتای به‌سه‌ربه‌خۆی نه‌رویج هاتو له‌دوای ئه‌وه‌شه‌وه تا ئه‌مڕۆ ١٠٩ جار ئه‌نجامدراوه كه ١٨ حاڵه‌تیان هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یه كه بڕیاره له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێ بێ ره‌زامه‌ندی ده‌وله‌تی ناوه‌ندو داوای فه‌رمی به‌غدا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی وچاودێریكردن، هیچ دانه‌یه‌كیشیان له‌م شێوه‌یه‌ی هه‌رێم نه‌بون باس له‌وه بكه‌ن ئامانج له ئه‌نجامدانی سه‌ربه‌خۆی نیه، به‌ڵكو له‌و ١٨ حاڵه‌ته ٢ ریفراندومیان دانیان پێدا نرا له‌لایه‌ن وڵاتانی تر یه‌كێكیان سیسكی (بانتوستان) بو له ١٩٦١-ه‌وه سه‌ربه‌خۆی دیفاكتۆی وه‌ر گرتبو له‌ئه‌فریكای باشور، به‌ڵام له ١٩٨٠ ریفرانده‌یه‌كی كرد بوه مایه‌ی ئه‌وه‌ی تا١٩٩٤ به‌سه‌ربه‌خۆیی مایه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ وڵاتێك دانی پیا بنێت جگه له ئه‌فریكای باشور كه به‌مه‌ش مافی هاونیشتمانیبونیان لێ سه‌ندرایه‌وهو بۆ ماوه‌ی ١٤ ساڵ له دابڕانی نێو ده‌وڵه‌تیدا مانه‌وه تا جارێكی تر له ١٩٩٤ دا به‌ناچاری بڕیاری خۆلكاندنه‌وه‌یان دا به‌ئه‌فریكای باشوره‌وه. ئه‌وی تریشیان كۆسۆڤۆ بو كه له‌سربیا خۆی جیا كرده‌وه له ١٩٩٢.
هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كاتێك ئه‌ندامه ئه‌لبانیه‌كانی پارله‌مانی سربیا مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆیان خسته ناو دانیشتنه‌كانی پارله‌مانه‌وه، سه‌رۆكی پارله‌مانی سربیا باسه‌كه‌ی پێ داخستن و په‌یمانی دانێ كه له‌دانیشتنی گرێدانی داهاتودا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن به‌ڵام كاتێك پارله‌مانتاره‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ خولی داهاتوی پارله‌مان له ٢\٧\١٩٩٢، دوای پشوه‌كه‌یان، بینیان پارله‌مان داخراوه‌و له‌كار كه‌وتوه، بۆیه به مانگرتنه‌وه له‌سه‌ر جاده‌ی به‌رده‌م پارله‌مان ده‌نگیان دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆو خستیشیانه ناو یه‌كێتی یوگوسلاڤیاوه،به‌مه‌ش سه‌رۆكی سربیا زۆر توڕه‌بو له ئه‌نجامدا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ردو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكومه‌تی كۆسۆڤۆی دا‌و ئه‌و ئۆتۆنۆمیه‌ی هه‌شیان بو لێی سه‌ندنه‌وه.
ته‌واوی ئه‌و ئه‌لبانیانه‌شی ده‌ركرد كه نزیك هه‌شتا هه‌زار هاوڵاتی بون له سلكی حكومه‌ت و دامه‌زراوه گشتیه‌كاندا. له‌دۆخێكی هێجگار نائارامدا، پارله‌مانتارانی كۆسۆڤۆی به‌ره‌گه‌ز ئه‌لبانی له مانگی سێبته‌مبه‌ر بڕیاری ریفراندومێكی نافه‌رمیان دا چونكه نه وڵاته‌كه‌ی خۆیان و نه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ی پێبه‌خشینی ئه‌و مافه‌یان نه‌بو پێیان. سه‌ره‌نجام دواتر ناتۆ ده‌سوه‌ردانی كرد، له ١٩٩٥ دا شه‌ڕێكی خوێناوی له نێوان یه‌كێتی یوگوسلاڤیای فیدراڵ و كۆسۆڤۆییه‌كاندا روی دا‌و له ١٩٩٩ یشدا دوای شه‌ڕێكی خوێناوی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ستی پێكرد كه سربیاو كۆسۆڤۆ له‌سه‌ری كۆك بون به‌ڵام یوگوسلاڤیا ره‌تی كرده‌وه تا ٢٠٠٨ ئه‌م حاڵه درێژه‌ی كێشا به‌جۆرێك تراژیدیای گه‌وره‌ی مرۆی لێ كه‌وته‌وه تا ناتۆ بۆ ماوه‌ی ٣ مانگ به فرۆكه بۆمبارانی یوگوسلاڤیای كرد‌و سه‌ره‌نجام رێكه‌وتنێك روی دا له‌نێوان ناتۆ‌و ئه‌و وڵاته كه رێ بدرێ هێزه‌كانی ناتۆ بچنه كۆسۆڤۆوه، به‌مه‌ش دوای ١٦ ساڵ له شه‌ڕی خوێناوی سه‌ره‌نجام جارێكی تر له ٢٠٠٨ دا جاڕی سه‌ربه‌خۆی دا‌و ئه‌مجاره‌یان له لایه‌ن ١١١ وڵاتی دونیاوه راسته‌وخۆ پێشوازی لێكرا. ئه‌وه‌ی جێگای تێبینیه له ١٩٩٢ وه‌ختێك ریفراندۆمه نا فه‌رمیه‌كه‌ی ئه‌نجامدا ته‌نها ئه‌لبانیا دانی به كۆسۆڤۆدا نا، به‌ڵام له ١٩٩٤ دا كاتێك شه‌ڕو پێكدادانی نێوان یوگوسلاڤیاو كۆسۆڤۆ هه‌ڵكشانی به‌خۆوه بینی، ئه‌لبانیا له دانپیانانه‌كه‌ی كشایه‌وه‌و سه‌روه‌ری سنور‌و سیاده‌ی یوگوسلاڤیای لا گرنگتر بو له سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆ.
ئه‌و ١٦حاڵه‌ته‌ی تریش كه ریفراندومیان بێ دانپیانان ئه‌نجامداوه، ٩ وڵاتیان دۆخیان به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه چونكه گه‌له‌كانیان به به‌ڵێ ده‌نگیان دا به‌وه‌ی كه دۆخی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مری واقع به‌رده‌وام بێت به‌ڵام هیچكام له وڵاتانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دانی پێدا نه‌ناون ئه‌وانیش؛هه‌رێمه‌كانی لوگنسك و دێنتسك به‌جیا جیا له ٢٠١٤ له ئۆكرانیا، ترانس‌نیستریا له مۆلدۆڤا ٢٠٠٦، ئۆسێتیا له قیرگستان (جۆرجیا) له ١٩٩٢ و پاشان له ٢٠٠٦، ئه‌نجوان له مۆمۆرۆس ١٩٩١ و پاشان ١٩٩٧، ناگۆرنۆ\كاراباخ له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت\ئازربایجان له ١٩٩١، رۆدێسیا ١٩٦٤ له ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا. باقی حاڵه‌ته‌كانی تریش ئه‌وانه‌ن كه له‌لایه‌ن وڵاتی سیادیه‌وه ره‌كراونه‌ته‌وه به‌وه‌ش ریفراندۆمه‌كه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به ئه‌نجامنه‌دراو هه‌ژمار كراوه ئه‌وانیش كه‌ته‌لۆنیا له ئیسپانیا ٢٠١٤، سه‌بۆرگا ئیتاڵیا ١٩٩٥، ته‌ته‌رستان له روسیا ١٩٩٢، نێڤیس له سانت كیت و نێڤیس له ١٩٧٧، دورگه‌ی فارۆ له دانیمارك له ١٩٤٦و له‌كۆتایشدا ئوستورالیای خۆرئاوا له ئوستورالیا له ساڵی ١٩٣٣دا.
ماوه‌ته‌وه بنوسین، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی كه ئه‌مڕۆ پرسی ریفراندۆم هه‌ڵده‌سوڕێن ده‌بێت یان باش وشیار نه‌بن له‌وه‌ی به‌نیازی چین و زانیاری ته‌واویان له‌به‌رده‌ست نه‌بێ له ئه‌زمونه جیهانیه‌كان، یان نیه‌تێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كۆسۆڤۆیان هه‌بێت كه به نیاز بن له دوای ئه‌وه‌ی عیراق ئه‌نجامه‌كانی ره‌ت كرده‌وه وڵاتێكی وه‌ك توركیا دانی پێدا بنێت‌و به‌مه‌ش به‌فه‌رمی كوردستانی باشور به توركیاوه بلكێننه‌وه. چونكه ده‌بێت ئه‌وه‌شیان له پێش چاو بێت وه‌ختێك عیراق ئه‌نجامه‌كانی ره‌تنه‌كرده‌وه‌و دانی پێدا نا ئه‌وا به‌فه‌رمی ده‌بینه وڵاتێكی بێ شوناس‌و ته‌واوی هاوڵاتیانمان شوناسه‌كه‌یان سقوت ده‌كا به‌مه‌ش داده‌بڕێین له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهان، ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌تی توركیا ماوه‌یه‌كی باش خۆی بێده‌نگ بكا له له‌خۆگرتنمان، ئه‌وسا به قیمه‌تێكی زۆر گران ناچار ده‌بین مه‌رجه‌كانی توركیا یان عیراق قبوڵ بكه‌ینه‌وه. له‌هه‌موشی خه‌ته‌ر تر ئه‌وه‌یه وه‌ختێك به‌نیوه‌ناچڵی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی به جێناكۆك داده‌نێرن ریفرانده‌كه ئه‌نجامبدرێو سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی یه‌كێ بێ له‌و حاڵه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وسا خه‌باتی ١٠٠ ساڵی ره‌به‌قی گه‌لێك ده‌خرێته زبڵدانی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نه‌شاره‌زاو ناوشیار.