ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە هاوڵاتیە عەرەبەکانی دانیشتووی کەرکوک لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەوە ماڵەکانیان ڕوخێندراون.
لامع فاکیح بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیانی مەدەنی لەدەست چەکدارانی داعش دەپارێزێت ، پێویستە ڕێوشوێنە ئەمنیەکانیان مەترسی نەبێت بۆسەر هاوڵاتیان و پێشێلکاری مافەکانیان”.
وتیشی ” دەرکردنی خێزانە عەرەبەکان لە ماڵەکانیان پێشێلکاریەکی جددی مافەکانیانەو سوود بە سیاسەتی بەهێزکردنی پەیوەندی پارچەکانی عێراق ناگەیەنێت”.
ناوبراو ڕایگەیاندووە” ئەو خێزانە عەرەبانەی لە ماڵەکانیان دەرکراون لەسەر شەقامەکان ژیان بەسەردەبەن یاخود گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی دیکەی وڵاتەکە”.
لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشکراوە ، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە کەرکوک بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیان ڕاگەیاندووە، لە بەرواری ٢٣ ی مانگی تشرینی یەکەمدا بەرپرسانی شارەکە ٢٥٠ خێزانی شارەکەیان “ئاوارەکردووە” هەروەها ڕۆژی دواتر ٧٥ خێزانی دیکەیان گواستووەتەوە کە زۆرینەی ئەو خێزانانە دانیشتووی یەکەم گەڕەکی باشووری کەرکوک بوون.
ئاماژەش بەوەکراوە لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٠٠ خانوو ڕوخێندراوە.
شێرزاد مارف بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک ڕەتیانکردەوە هاوڵاتیانی ئەو شارە بە ناچاری ئاوارەکرابێتن.