ئاژانسەکانی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵ پێش گەیشتنیان بە تەمەنی ٥ ساڵی، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاوی خواردنەوە و خۆراکی تەندروستەوە گیانیان لەدەستداوە.، بە واتای هەر پێنج چرکەیەک منداڵێک گیانی لە دەستداوە.ئەو ڕێکخراوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، زۆربەی ئەو منداڵانەش کە گیانیان لەدەستداوە لە تەمەنی ٥ ساڵیدا بوون.
لۆرنس چاندی پسپۆڕ لە ڕێکخراوی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، بە چارەسەری ئاسانی وەک دەرمان و ئاوی خواردنەوە و کوتان دەتوانرێت ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە ڕیزی منداڵاندا کەمبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر چارەسەری پێویست بۆ ئەو دۆخەی ژیانی منداڵان لە جیهاندا دانەنرێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە بگاتە ٥٦ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی ٢٠١٧دا زۆربەی گیانلەدەستدانەکان لە وڵاتەکانی کیشوەری ئەفریقا بووە، کە لە هەر ١٣ منداڵێک یەکێکیان گیانی لەدەستداوە بەرلەوەی تەمەنی بگاتە ٥ ساڵ، لەکاتێکدا لەو وڵاتانەی کە خاوەنی داهاتێکی باشن لە هەر ١٨٥ منداڵ یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکەی یونسێف ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی منداڵەکان بەهۆی نەخۆشییەکانی هەوکردنی سنگ و سکچوونەوە گیانیان لەدەستداوە.ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری هەریەکە لە ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی و بانکی نێودەوڵەتی ئامادەکراوە