لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە ٤٩ هەزار کۆچبەری نایاسایی، کە زۆربەیان هاووڵاتیی مەغریبن، بە شێوازی جیاواز سنوورەکانیان بەزاندووە و ڕژاونەتە ناو خاکی شاری سێوتای ئیسپانیا. ئەم شەپۆلە گەورەیە وایکردووە بەرپرسانی ناوچەکە دۆخەکە بە “قەیرانێکی مرۆیی مەترسیدار” وەسف بکەن، چونکە تەواوی سەنتەرەکانی وەرگرتنی کۆچبەران پڕبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٧ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی قوربانییەکان لە ناو ئاودا خنکاون یان لە کاتی پاڵەپەستۆی سەر پەرژینە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە. لە ئێستادا هەزاران کۆچبەر، لەنێویاندا ژن و منداڵی بێسەرپەرشت، لە شەقام و پارکەکاندا دەخەون.
حکومەتی ئیسپانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، سوپا و تیمی ژێرئاو و پاسەوانی کەناراوەکانی ڕەوانەی سیوتا کردووە. هەروەها خوان جیسوس ڤیڤاس، سەرۆکی حکومەتی ناوچەیی سێوتا، داوای لە مەدرید کردووە بە فەرمی باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا ڕابگەیەنێت، دوای ئەوەی ئاڵۆزی و پێکدادان لەسەر سنوورەکان ڕوویاندا.
ئەم رووداوە ئاڵۆزییەکی گەورەی دیپلۆماسی لە ئەوروپا لێکەوتووەتەوە. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، توندترین کاردانەوەیان هەبووە و هەڕەشەی هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی شنگنیان لەگەڵ ئیسپانیا کردووە. ئەوان بڕیارەکانی مەدریدیان بۆ ئاسانکاریی کۆچبەران بە هۆکاری دروستبوونی ئەم قەیرانە ناوزەند کرد.
تاوەکو ئێستا حکومەتی ئیسپانیا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چارەنووسی ئەم دەیان هەزار کۆچبەرە نەداوە. بەپێی ڕای چاودێران، ئەم پێشهاتە زیانی گەورە بە ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسپانیا دەگەیەنێت و ئەگەری هەیە دراوسێکانی بڕیاری تووند سەبارەت بە سنوورەکانیان دەربکەن.
48