لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ کۆچ… ئەو برینەی نە دەتکوژێت و نە چاکت دەکاتەوە

کۆچ… ئەو برینەی نە دەتکوژێت و نە چاکت دەکاتەوە

0 تێبینییەکان 88 بینینەکان

کاتێک وێنەی منداڵ و گەنج و ژن و پیری مەغریبیەکان دەبینم کە بە کەهاوکاری شەپۆلەکانی ئەتڵەسی، پتر لە پێنج و شەش کیلۆمەتر مەلەیان کردووە تاوەکو پێیان بگاتە خاکی سەبتە، برینێک لە ناخمدا سەریهەڵدایەوە. نەک لەبەر ئەوەی سەیر بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بە ئێمەی گەلی کورد ئاشنا بوو. ئەو ترس و ئەو بێهیواییە، ئەو چاوە ماندووانەی کە دەیانڕوانییە داهاتووێکی نادیار، من پێشتر لە چاوی گەنجانی هەڵەبجە و ڕانیە و کۆیە و سلێمانی و هەولێر و دهۆکیشدا بینیبووم.

ئەو منداڵانەی لە دەریادابوون مەغریبی بوون بە ڕەگەز، بەڵام بە ئازار کوردیش بوو، سووریش بوو، ئەفغانیش بوو، هەمووکات و هەموو شوێنێک بوو کە دەسەڵات لەوێدا بووە بە زۆرداری و نیشتمانیان لێ بووە بە زیندان. کەمێک لەمەوبەر پۆستێکی هاوڕێیەکی فەیسبووکم بەناوی دانا بینی. کە لەنوسینەکەی خۆیدا وتەیەکی سارتەری نوسیبوو کە بۆ ئەم دۆخە ڕێک لەجێگای خۆیدابوو. کە ژان پۆل سارتەر لە وتەیەکدا دەڵێت (هەموو گێڕانەوەی ڕاستێک بەشێکی درۆیە و هەموو گێڕانەوەیەکی درۆ بەشێکی زۆری ڕاستە). بەڵێ سارتەر ڕاستی دەکرد چونکە ئەو ڕاستییەی حکومەتی مەغریب و حکومەتی داڕزیوی هەرێمی کوردستان بۆ دنیای دەگێڕنەوە، کە ئەوەی گەشەسەندن و ئابووری گەشە و ژیانی هێمنیان فەراهەمکردووە، کەچی لە ڕاکردنی خەڵک دەڕکەوت کە هەمووی درۆیەکی گەورەیە کە بەشێکی زۆر بچووکی ڕاستی تێدایە بۆ ئەوانەی لە قەڵا زێڕینەکانی ڕەبات و هەولێر و سەری ڕەش و دەباشان نیشتەجێن. بەڵام ئەو منداڵەی کە شەش کیلۆمەتر مەلە دەکات، ئەو گەنجەی کە هەموو پارەکانی دەداتە قاچاخچی تاوەکو لە بنی کامیۆنێکدا خۆی بشارێتەوە، ئەو کیژەی کە پاسپۆرتی ئەوروپای بۆی بۆتە خەونی شەوانە، ئەمانە درۆیەکی گەورە دەگێڕنەوە کە بەشێکی زۆر گەورەی ڕاستی تێدایە.

ئەو درۆیە بریتییە لە هیوا، ئەو ڕاستییەش بریتییە لە ئاوێنەیەک کە دەیخاتە بەردەم دەسەڵات و پێی دەڵێت، تۆ شکستت هێناوە، تۆ دۆڕای بەرامبەر بە میللەتەکەت. لەگەڵ بینینی ئەم تراژیدیایانەی گەلی مەغریب من بیرم لە دایکێکی کورد دەکردەوە کە کوڕەکەی لە دەریای ئێجە لەدەستداوە، دوای ئەوەی مانگەنە مووچەی نەبووە، دوای ئەوەی چوارجار سەردانی وەزارەتی گەشەپێدانی نەوتی کردبوو تاوەکو داوای پارەیەکی نیزیک بەپیی چاکسازی بکات، دوای ئەوەی گەنجێتی بە نانکردن و پاکردنەوەی ماڵان لە هەولێر وسلێمانیدا فەوتاند و هیچی دەست نەکەوت. ئەو دایکە کاتێک تاپۆی خانووە بچووکەکەی فرۆشت و پارەکەی دایە قاچاخچییەک، بە خۆی گوت، با کوڕەکەم لە بەریتانیا بێت و من هەموو ژیانم لە خانووی کرێدا بژیم کێشەم نییە. کەچی ئەم کوڕە دواتر لە ئاودا نوقم بوو. لە ماچی دایکی خۆی و لە ئاواتی باوکی خۆی و لە خەونی وڵاتێکی ئاوەدان کە هیچکات نەیبینی، نوقم بوو. ئایا ئەو دایکە دوژمنی نیشتمانی خۆی بوو؟ نەخێر.

نیشتمانەکەی دوژمنی ئەو بوو. کۆچ شەرمی گەلان نییە، کۆچ شەرمی ئەو دەسەڵاتانەیە کە گەلانی خۆیان بە دەستی خۆیان دەخنکێنن. سەرۆکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕەخنەگرانی کۆچ زۆرجار قسە دەکەن کە کێشەکە لە کۆچبەرەکاندا بێت، لە نەشیاوی ئەواندا بێت بە ژیانی وڵاتێکی ەر، لە بێبەزەیی ئەواندا بێت بۆ کەسوکاری خۆیان… بەڵام ئەوانە هیچ کاتێک نەیانپرسیوە، چ زیندانێک بۆ کوڕەکەت باشترە لە زیندانی ئاو؟ چ بێهیواییەک لە ژیاندا زیاترە لە شەش کیلۆمەتر مەلە کردن لە موحیتی ئەتڵەسی؟. ئەو گەنجە کوردەی کە لە کۆنتەینەری تسکۆدا دەڕوات بۆ بەریتانیا، نازانێت کە لەوانەیە بۆگەن ببێت لە ژێر بۆکسی سارددا؟ بەڵام مردنی خێرا لە دەریادا لای ئەو باشترە لە مردنی ماوە دوور و درێژ لە ژێر باری بێکاری و بێمانایی و شکستی هەموو ڕۆژانەدا… ئەمازیغیەکانی مەغریب و کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەند لە یەکتری دەچن!

هەردووکیان خاوەنی ڕەسەنایەتی زەوی خۆیانن، هەردووکیان ژێر تەفروتوونا کردن و تەعریب و سڕینەوەیان بەسەرداهاتووە، هەردووکیان زمان و کولتووریان لێ زەوتکراوە و هەردووکیان ئێستا لە کاتێکدا کە دنیا خەریکی دروستکردنێ چیپ و بەرەوپێشبردنی ژیریی دەستکردە، کەچی ئەمانە هێشتا خەریکی ئەوەن بزانن چۆن دەتوانن نانی سبەینێی بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن. لە کوردستانیشدا، دەسەڵات هەمان دیکۆر بەکاردەهێنێت. لە یەکەم وتەکانی مانگرتنی مامۆستایان تاوەکو دواین کۆچی گەنجانی ڕانیە، دەسەڵات وا نیشان دەدات کە هەموو کێشەکە لە ئاڕاستەی دەرەکییەکانەوە دێت، لە نائاسایی سۆشیال میدیاکانەوە، لە بێ پەروەردەی و نەخوێندەواریو تەمبەڵێ گەنجەوە دێن.

کەچی یەک بەرپرسی تڕۆهاتی کوردی ناڵێت گەنجێک کە ١٨ساڵی لە قوتابخانە و لە زانکۆدا خوێندووە و ئێستا لە قاوەخانەیەکدا کریێکاری بکات بۆ ٤٥٠ هەزار دینار مانگانە، بۆچی بمێنێتەوە؟ کەس ناڵێت ژنێک کە شووی کردووە بە پیاوێکی هەژار و بێکار، بۆچی ڕازی دەبێت بەوەی مێردەکەی گیرفانی خۆی و خانووەکەیان بفرۆشێت و بچێت بۆ ئەڵمانیا؟ کەس ناڵێت باوکێک کە هەموو ژیانی پێشمەرگە بووە بۆ ئەم نیشتمانە، ئێستا بۆچی کوڕی خۆی هاندەدات کە بچێت و ئەم خاکە جێبهێڵێت؟ ئەم پرسیارانە درزی ئەو دیکۆرە دەکەن کە دەسەڵاتی کوردی لە دنیای خۆی و خەڵکەکەیدا هەڵچنیوە. با دەسەڵاتداران دڵنیابن. کاتێک گەنجێک ئەم خاکە بەجێدەهێڵێت، خاکەکە بەشێک لە هەبوونی خۆی لەدەست دەدات. ئێمە نەک تەنها گەنجان لەدەست دەدەین، ئێمە خەونەکانی داهاتووی گەنجانی کورد لەدەست دەدەین، ئێمە ئەو هەردێنە لەدەست دەدەین کە بەیانی سبەینێ لە ژووری نوێی نەخۆشخانەیەکدا مندالانی بتەرخنن، ئێمە ئەو مامۆستایانە لەدەست دەدەین کە بۆ نەوەی داهاتوو خەرمانی زانستیان دەبووە شان، ئێمە ئەو هونەرمەندانە لەدەست دەدەین کە بۆ زمانی کوردی و…. سترانیان دەگووت.

مژدە نەورەس:

٢ی گەلاوێژی ٢٠٢٦

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە