لە نوێترین فشارەکانی حکومەتی تورکیا بۆسەر پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، شەوی سێشەممەی ئەم هەفتەیە هەر یەک لە گوڵتان کشاناک و فرات ئانلی هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئامەد لە ڕاگەیەنراوێکدا گوڵتان کشاناکی بە ئەندامێتی پەکەکە تۆمەتبار کردووە و هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە ناوبراو لە وتارەکانیدا داوای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی کردووە.
داواکاری گشتیی ئامەد سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی فرات ئانلیش رایگەیاندووە، کە ناوبراو لە ماوەی رابردوودا ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی شارەوانیی بۆ یارمەتیدانی پەکەکە بەکارهێناوە و گۆڕستانی بۆ ئەندامانی پەکەکە دروستکردووە.
چەند کاتژمێر دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد، سەدان لایەنگری هەدەپە لە بەردەم بینای شارەوانیی ئامەد خۆپیشاندانیانی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و زیاتر لە ٢٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکران.
حکومەتی تورکیا بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە ئامەد و چەند شارێکی دیکەی باکوری کوردستانی پچڕاندووە.
هەدەپەش لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەدی ئیدانە کردووە و رایگەیاندووە، ئەوان تەسلیمی حکومەتەکەی ئاکەپە و ئەردۆغان نابن.
هەدەپە لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد پێچەوانەی هەموو ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتیانەیە کە حکومەتی تورکیا واژۆی کردوون.
کۆما جڤاکی کوردستان کەجەکەش لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد بە واتای ئەوە دێت کە حکومەتی تورکیا بوونی کوردی پێ قەبوڵ ناكرێت و پەنا بۆ هەر ئامرازێک دەبات بۆ لێدانی کورد، هەر بۆیە خەڵکی کورد هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگری بەرامبەر بە حکومەتی تورکیا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا فێدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد دەربڕیوە و داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە لە هەر هەنگاوێک کە دەینێت سەروەری یاسا لەبەر چاو بگرێت بەوپێیەی تورکیا کاندیدی ئەندامێتییە لە یەکێتیی ئەوروپادا، مۆگرینی هەروەها داواشی کردووە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێ بکرێتەوە.
لە دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد لایەنگرانی هەدەپە نیگەرانی ئەوەن حکومەتی تورکیا لە جیاتی ئەوان سەرۆک شارەوانی بە وەکالەت (قەیوم) دەستنیشان بکات.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە ناوچەکانی باکوری کوردستان حکومەتی تورکیا ٢٨ سەرۆک شارەوانی دوورخستووەتەوە و لە جیاتی ئەوان سەرۆکی شارەوانی بە وەکالەتی دەستنیشان کردووە، لەو سەرۆک شارەوانیانەی تا ئێستا دوور خراونەتەوە ٢٤یان سەر بە هەدەپە بوون و چواریشیان لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن بوون.