تیرۆری نووسەری ئەردەنی “ناهض حتر”
ئـیـدانـە و مـەحکـوم دەکـەیـن
هێزە تاریکپەرست و کۆنەپارێزەکان وەکو ئەکتی هەمیشەییان، ئەمجارەیان لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥-٩-٢٠١٦ دەستیان برد بۆ تیرۆرکردنی نووسەری چەپی ئەردەنی “ناهض حتر” لە بەرامبەر کۆشکی داد، لە عەمانی پایتەختی ئەردەن، تەنها لەبەر ئەوەی نووسەربە پۆستێک لە پرۆفایلە تایبەتەکەی لە فەیس بووک، دووبارە کاریکاتۆرێکی بڵاوکردبووەوە بەناوی “خودای داعشەکان”، پرووپاگەندەی ئەوەیان کرد کە کاریکاتۆرەکە سوکایەتییە بە “شکۆی خواوەند”.
تیرۆرکردن لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە وەکو وەڵامێک بۆ ڕای جیاواز یاخود دژ، دروستکراوی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ململانێیەکی مێژووییە ریشەیەکی کۆنی هەیە لە سەردەمی دروستبوونی “خەلافەتی ئیسلامی”وە دەستپێدەکات تا ئەمڕۆژ، قوربانییەکانی ئەم ململانێیە وەحشیگەرە بە هەزارەهایە ئەگەر بە ملیۆنەها نەبن، هەر لە حەلاج و موعتەزیەلەکانەوە تا دەگاتە ئەبو قاسم ئەلشابی وعەبدولخالق مەعروف وفەرەج فوودە وشوکری بلعید و تا قوربانیانی چارلی ئیبدۆ تا دوا وەحشیەتیان بەرامبەر بە هاوڕێی خەباتگێڕمان “ناهض”، ئەم قوربانییەش سەلمێنەرە کە فیکری رۆشەنگەری رەوتی سیکۆلاریزم بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت لە بەگژداچوونەوەی فیکری کۆنەپارێزی تاریک پەرست.
ئیسلامی سیاسی چی ئەگەر رەوتێکی پەرلەمانی بێت و باوەڕی بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەبێت لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە، یاخود باوەڕی بە توندوتیژی و تیرۆر بێت بۆ گۆرینی سیستەم، هەردووکیان روی یەک دراون و مەبەستی کۆتاییان بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگایە وسەپاندنی شەریعەتی ئاینییەکەیانە بەسەریدا.
ئەم تیرۆرە سوودفەیەکی تێپەڕ نییە، بەڵکوو دەرەنجامی هاندانێکی روون و ئاشکرای هێزە تاریکەکانی ئیسلامی سیاسیە لە ئەردەن، “ئیخوانی موسلمین” بەیانامەیەکی بڵاوکردبووەوە تێیدا داوای کردبوو “حتر” بە تووندترین شێوە سزابدرێت، لە هەمانکاتدا لەلایەن دادوەری گشتیەوە تۆمەتبارکرا بە “ئیهانەکردنی باوەڕی ئاینی” بەهۆی پۆستی کاریکاتۆرەکەیەوە، لە کاتێکدا ئەو کاریکاتۆرە تەنها تەعبیرێک بوو لە فیکری داعش، ئەو فیکرەی کە بناغەی دەوڵەتە ئیسلامییەکەیان لەسەری بونیاد نراوە، ئەو دەوڵەتەی کە هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بەرووی بونەتەوە و پێکهاتوون لە زیاتر لە ٦٠ وڵات کە ئەردەن خۆی لەنێویاندایه !
ئەم تیرۆرە نامەیەکی روون وئاشکرایە کە دەڵێت؛ کۆتایی دەوڵەتی ئیسلامی داعش واتای کۆتایی هاتنی ئایدیۆلۆژیاکەی نییە، ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە جۆرەها وڵات و رژێم و حیزب و گروپی ناسراو بەرهەمی دێنن و پشتیوانی دەکەن و پەرەی پێدەدن لە ناوچەکە و جیهان.
نووسەرهەوڵی تیرۆرکردنی درابوو لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن هەمان هێزە کۆنەپارێزەکانەی ئەمڕۆ، بەڵام بەهۆی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی، بەردەوام بوو لە بەرزکردنەوەی ئاڵای رۆشەنگەری و سیکۆلاریزم بەرووی تاریکیزم و تەکفیر، سەنگەری بەرەنگاری و رووبەرووبونەوەی هەڵبژارد، هەر بۆیە جێگەی بایەخ ورێز بوو وهەرواش دەمێنێتەوە، وەکو ئەستێرەیەک لە ئاسمانی بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست.
لە کاتێکدا تەواوی پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێ و یاوەرانی دەکەین، بە توندترین وشە و هەڵوێست ئەم تیرۆرە مەحکوم و ریسوا دەکەین، داواکارین هەموو ئەو هێزانەی کە لە پشتەوەی ئەم تاوانەن دادگایی بکرێن نەک بەتەنها خودی تیرۆریستەکە خۆی.
ناوەندی سیکۆلار لە کوردستان
٢٦-٩-٢٠١