سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەمساڵدا سوپا و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا بەردەوام دەبن لە شەڕى دژى پەکەکە و کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتى کەجەکەش ڕایگەیاند، چالاکییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى حکومەتى تورکیا زیاتر دەکەن.
بەبۆنەى ساڵى نوێوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند “تورکیا خاوەنى هێز و دەسەڵاتە و بڕیارى ئەوەیە سەربکەوێت بەسەر پەکەکەدا و هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى تورکیا زنجیرەیەک چالاکى سەرکەوتوویان ئەنجامداوە.”
وتیشی “پەكەكە بووەتە داردەست و ئامرازی دەستی ئەو هێزە دەرەکییانەى کە دژى تورکیان و بە ڕووداوەكانی ئەم دواییەوە دیارە پەکەکە ئامانجی پارێزگاریكردن نییە لە مافەكانی خەڵكی ناوچەكە.”
هاوکات لە ڕاگەیەنراوێکدا هاوسەرۆکایەتى کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتى کەجەکە ڕایگەیاند، لە ساڵى ڕابردوودا چالاکییەکیان دژى دیکتاتۆرى حکومەتى ئاکەپە بەردەوام بووە و داواش لە هاوڵاتیانى کورد دەکات لە تورکیا لەمساڵیشدا چاکییەکانیان زیاتر بکەن بۆ هێنانەدى ئازادي و دیموکراسی لە تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتى تورکیا شەڕێکى سەرتاسەرى لە دژى گەلی کورد لە تورکیا دەستپێکردووە.
لە ناوەڕاستى مانگى ئابی ساڵى ڕابردووە وە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە باکورى کوردستان دەستیپێکردەوە و تا ئێستا لە چەند ناوچەیەک گەمارۆى سەربازى بەردەوامە.