لەدوای ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند، لە هەلومەرجێکی خراپدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدراوە، هاوکات سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، لە ململانێی سیاسی ناکشێنەوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دابەزینی ئاستی دەنگەکان دەکەن و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیش لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەستگیر کراون و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد کە هاوکاری پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بوون لە هەڵبژاردنەکەدا و پیرۆزبایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشی کرد.
هاوکات سەڵاحەدین سەمیرتاش ڕایگەیاند “لە دۆزەخێکدا بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە و هەڵبژاردنەکان ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە نەبووە و ئێمە بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی گەنجەکانماندا بووین و نەمانتوانیوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەین”.
وتیشی “دەنگی هەموو ئەو کەسانەی دەنگیان بۆداین بۆ ئێمە گرنگە و لەم هەڵبژاردنەشدا ژمارەیەک دەنگدەرمان لەدەستدا و لەهەر قۆناغێکدا لە پەرلەمان بووبێتین دژی هەموو نا هەقییەک دەبین”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئێمە هێزێکی ڕەواین و لە ململانێی سیاسیی ناکشێینەوە و هەوڵ دەدەین چارەسەری هەموو کێشەکان بکەین”.
بەپێى ئەنجامە بەراییەکانى ٢٦هەمین خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا، ئاکەپە لە ئاستى تورکیا و هەدەپە لە ئاستى کوردستاندا پلەى یەکەمیان بە دەستهێناوە.
تائێستا لە ٩٩.٩% دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا جیاکراوەتەوە و ئاکەپە لە ٤٩.٣% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە هاوتایە لەگەڵ ٣١٨ کورسیى پەرلەمان. جەهەپەش لە پلەی دووەمدایە و لە ٢٥.٤% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەو ڕێژەیەش دەکاتە ١٣٢ کورسیى پەرلەمان.
هەریەکە لە مەهەپە و هەدەپەش بەربەستی هەڵبژاردنەکانیان تێپەڕاندووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی دەنگە جیاکراوەکان، مەهەپە لە ١٢% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە هاوتایە لەگەڵ ٤١ کورسى و هەدەپەش لە ١٠.٦% ی بەدەستهێناوە و بە پێى ئەو ڕێژەیە بێت هەدەپە ٥٩ کورسیى پەرلەمانى تورکیا بە دەست دەهێنێت.
دەنگی دیکەش ڕێژەی لە ٢.٧% دەنگەکانە
ئەمڕۆ ١/١١/٢٠١٥ هەڵبژاردن بۆ ٢٦هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا بە شێوەى پێشوەختە لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو و لەم هەڵبژاردنەدا ١٦ حزب و ٢١ کاندیدی سەربەخۆ بەشدارییان تیادا کرد.
هەروەها ٥٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دەنگدەر لەناو تورکیا و دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار هاووڵاتیى دیکەى تورکیا لە دەرەوەى ئەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەبووە.
بە گشتى لە تورکیا ١٧٥ هەزار و شەش سندوقى دەنگدان لە ٣٥٨ بنکەى دەنگداداندا لەو وڵاتە بۆ دەنگدەران دانرابوو.
لە کۆى دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دەنگدەرى دەرەوەى ئەو وڵاتە ملیۆنێک و ٢٦٠ هەزار کەس دەنگیانداوە، کە دەکاتە ڕێژى ٤٤% دەنگدەرانى دەرەوەى تورکیا.
هەروەها لە ناوخۆى تورکیا رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا ٨٦% بووە.