لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ كەركوك رۆژێكی قورسی بەڕێکرد

كەركوك رۆژێكی قورسی بەڕێکرد

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان
chakdarبەتەقەی داعش بەخەبەرهات‌و بەتەقەكردنیش لەداعش خەوی زڕاوه‌‌

لەگەڵ تاریك‌و رونی بەیانی، خەڵكی كەركوك لەته‌کبیرو تەقەی چەكدارانی داعش خەبەریان بۆوە، پاش 17 كاتژمێر بەسەر هێرشەكەیاندا، هێشتا شەڕكردن لەگەڵ چەكدارانی داعش‌و تەقەكردن لەو شارەدا بەردەوامە.

رۆژی هەینی(٢١\١٠\٢٠١٦) شاری كەركوك رۆژێكی مێژویی بەڕێكرد، بەشێوەیەك پێشتر بەم ئەندازەیە روینەداوە که‌رکوک بوبێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان چەكدارانی داعش لەلایەك‌و پێشمەرگەو پۆلیس‌و خەڵكی خۆبەخش لەلایەكی دیكە، زیاتر لە 17 كاتژمێرە شەڕ‌و تەقەكردن لەچەند شوێنێكی ئەو شارەدا بەردەوامە.

ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاندوە كە خەڵكی ئەو شارە لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ 21/10ەوە، چەكدارانی داعشیان بینیوە چونەتە سەر مزگەوتی محەمەدی لەگەڕەكی تسعین لەباشوری كەركوك، ئاژانسەكە دەڵێت “جیهادییەكان دەستیانكردوە بەتەكبیر‌و ئەڵڵا‌وئەكبەرو دروشمدان لەڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتەكەوە”.

پەیامنێری فرانس پرێس ئاماژە بەوە دەكات كە 9 داعشی بەچاوی خۆی بینیوە ریشیان درێژ بوەو جلی ئەفغانییان لەبەردا بوە‌و سەریان بەپەڕۆ پێچاوە‌و چەكی قەناس‌و كاتیۆشا‌و نارنجۆكیان پێبوەو لەشەقامێك پەڕیونەتەوە.

ئەم چەكدارانە كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی 30 چەكدار بوبێتن بەهاوكاری شانە نوستوەكان دزەیان كردوەتە ناو كەركوك، لەبەرەبەیانەوە چەندین ناوچەی جیاوازی كەركوك‌و بنكەو بارەگای هێزە ئەمنیەكان‌و ئوتێل‌و ماڵێكیان كردوەتە ئامانج.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ئەم گروپەی داعش كە هێرشیان كردوەتە سەر كەركوك تیمێكی تایبەت بەهێرش‌و پەلاماردانەو پشتێنی خۆتەقاندنەوەیان لەخۆیان بەستوەو بە”ئینغماسییەكان” ناودەبرێن.

هێرشكردنە سەر كەركوك بەدیارترین كاردانەوەی داعش دادەنرێت بەرامبەر بەهێرشكردنە سەر شاری موسڵا لەلایەن پێشمەرگەو سوپای عێراق‌و هێزەكانی هاوپەیمانانەوە، “موسەنا جەبوری” ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك لەڕێگەی ئاژانسی فرانس پرێسەوە هۆشداری ئەوەی داوە “داعش دەیەوێت بەرەیەكی نوێی شەڕ لەكەركوك بكاتەوە بۆ سەرقاڵكردنی سوپای عێراق‌و هێزی پێشمەرگە كە لەبەرەی موسڵ دەجەنگێن”، ئەو دەڵێت “رێكخراوی داعش بەڕاستی لەكەركوك هەن، ئەگینا نەیاندەتوانی هێرشێكی وا ئەنجامبدەن”.

دوای 17 كاتژمێر لەهێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر شارەكە، هێشتا كەركوك ئارام نەبوەتەوە، دەنگی تەقەی پچڕ پچڕ لەچەند شوێنێكی شار دەبیسترێت، شەقام‌و كۆڵانەكانی شار جگە لەپێشمەرگەو هێزە ئەمنیەكان‌و خەڵكی چەكداریی خۆبەخش‌و ئوتومبێلەكانیان هیچی دیكە بەدیناكرێت. چەندین بەرپرسی سەربازی‌و ئەمنی گەیشتونەتە كەركوك، چەند ئوتێل‌و مزگەوت‌و ماڵێك گەمارۆ دراون كە گومانی ئەوەیان لێدەكرێت چەكدارانی قەناس بەدەستی داعش خۆیان تێدا حەشاردابێت، له‌هێرشەكانی ئەمڕۆی داعشدا بۆ سەر كەركوك دەیان که‌س كوژران‌و بریندار بون.

د.رێكەوت حه‌مه‌ره‌شید وەزیری تەندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند تا ئێستا 45 بریندار له‌که‌رکوکه‌وه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ شاری سلێمانی، ئه‌و وتی “بریندارێكیان به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه‌ گیانی لەدەستدا”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە