لە كۆنفرانسێكدا كەرۆژی 17ی كانونی دووەمی 2015 لەلایەن تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەهەولێر رێكخرابوو جارێكی تر رەخنە لە یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە بودجەی حزبەكانی هەرێم گیرا و بەوتەی مامۆستایەكی زانكۆ لەرێگای ئەو یاسایەوە مافی دەنگدەر پێشێلكراوە، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش رایدەگەیەنێت پەسەندكردنی یاساكە وایكرد پێدانی بودجەی گشتی هەرێم بەحزبەكان زیادبكرێت نەوەك كەمتر بكرێتەوە.
لەو كۆنفرانسە شاهۆ غەفور مامۆستا زانكۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەو یاسایەی پەرلەمان هەمواریكردوە تایبەتە بەپاڵپشتیكردنی دارایی حزبەكان لە یاسایەكی خراپترینەوە گۆڕاوە بە یاسایەكی خراپ و لەیاساكەدا مافی دەنگدەر پێشێلكراوە بەوەی كە جۆرێك لە خەباتی حزبەكان لەرابردوو لەگەڵ كورسییەكانیان لە خولەكانی رابردوو لەبەرچاو گیراوە.
وتیشی، لایەنێكی تری خراپیی یاساكە ئەوەیە كە بەپێی یاسا لە 1%ی بودجەی هەرێمی كوردستان تەرخاندەكرێت بۆ حزبەكان و پێویستە بودجەكە بكرێتە ساڵانەو لەو رێژەیەش كە دەدرێت كەمتر بكرێتەوەو رێژەی كورسی تێیدا ناڕوونەو پێویستە یاساكە بەجۆرێك هەموار بكرێت كە رەچاوی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكات.