ڕێکخراوی یونیسێف ئاشکرایکرد نزیکەى ٥٠ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە شوێنی خۆیان نەماون و لەو ژمارەیەش ٢٨ ملیۆنیان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە.
ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی منداڵان لە جیهان بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژە بەوەدراوە کە زۆربەى ئەو منداڵانەى کە دەربەدەربوون دووچاری مەترسییەکانی خنکان لە سنوورە ئاوییەکان و بەدخۆراکی و بازرگانی پێوەکردن و فڕیاندن و دەستدرێژیی و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دیمەنی خنکانی ئالان کوردی لە کەناراوەکانی تورکیا و لەوبارەیەوە ئەنتۆنی لیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت “هەموو دیمەنەکان گوزارشت لە چەندین ملیۆن منداڵ دەکات کە ژیانیان لە مەترسیدایە”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، زۆرێک لە منداڵان بە تەنها لە سنوورەکان پەڕیونەتەوە و تەنها لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ لە ٧٨ وڵات داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەکە سێ هێندە زیادی کردووە.