ئاماری كوژرانی كۆڵبه‌رانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوكرایه‌وه و له ساڵی رابردوودا 72 كۆڵبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له نیوه‌یان به ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران كوژراون، ئه‌مه به‌پێی راپۆرتێكی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان.
بنه‌ماڵه‌ی كۆڵبه‌رانی كوژراو كه قسه‌یان بۆ ئه‌و تۆڕه كردووه، باسیان له‌وه‌كردووه له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌رمی كۆڵبه‌رانیان به‌دوای خۆیاندا راكێشا‌و، له‌هه‌ندێك حاڵه‌تی دیكه‌شدا له به‌رانبه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوه‌كان به بنه‌ماڵه‌كانیان داوای پاره‌ی ئه‌و گوللانه‌یان كردووه كه كۆڵبه‌رانیان پێ پێكاوه.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان له راپۆرته‌كه‌یدا شیكردنه‌وه‌ی یاسایی بۆ دۆخی كۆڵبه‌رانی كورد كردووه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه به‌پشت به‌ستن به بڕگه و مادده‌كانی سیستمی یاسایی ئێران، كۆڵبهریی به تاوان نازانرێت و كوشتنی كۆڵبه‌ران به”كوشتنی به ئه‌نقه‌ست ” له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
له پێشه‌كی راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و تۆڕه‌دا كه ئه‌مڕۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه به‌دیارده‌ی كۆڵبه‌ری له زۆربه‌ی وڵاتان كراوه و تێیدا هاتووه “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه كێشه‌ی ئابووری و قاچاغچی كاڵا له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام له هیچ شوێنێكی ئه‌م دونیایه‌دا خه‌ڵك به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی چه‌ند كارتۆن چا یان چه‌ند تۆپ قوماش و ناكوژرێن”.
هه‌رچه‌ند له‌دوای راوه‌ستانی شه‌ڕی ئێران و عیراقه‌وه كوژرانی كۆڵبه‌ران له زۆربه‌ی ناوچه سنوورییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تۆماركراوه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و راپۆرته له ساڵی 2005 به‌دواوه و پاش دامه‌زراندنی (رێكخراوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغی كاڵا و پاره) رێژه‌ی كوژران و برینداربوونی كۆڵبه‌رانی كورد به‌رزبووه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا، ٤٤ كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران كوژراون و ٢١ كه‌سیش برینداربوون، ٧ كه‌سی دیكه‌ش به‌هۆی خنكان له ئاودا، سه‌رمابردوویی و رووداوی دیكه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌م ئاماره سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌كانی پێشێلكاری به‌رانبه‌ر كۆڵبه‌رانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌خۆ ناگرێت و ته‌نیا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه له‌لایه‌ن (تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان)ه‌وه تۆماركراون و كۆكراونه‌ته‌وه.
به‌پێی راپۆرته‌كه كه 13 لاپه‌ڕه‌یه، كۆڵبه‌رانی كورد ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیان هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه به‌گیان ده‌كڕن و له ئێران و به‌تایبه‌ت له كوردستاندا، به‌هۆی روانینی ئه‌منییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له بواره كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و فهرههنگییهكاندا، به‌شێوه‌ی توندوتیژیانه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشه ئابوورییه‌شدا ده‌جووڵێته‌وه.
ئه‌و جۆره روانینه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سانی ئاسایی و شوانه‌كانی سه‌ر سنووریش له گولـله‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان بێبه‌ش نه‌بن، له‌كۆی ئه‌و ٧٢ كه‌سه‌ی ساڵی رابردوو گیانیان له‌ده‌ستداوه ٤ كه‌سیان شوان بوون‌و كه‌سێكیش كۆڵبه‌ر نه‌بووه و ته‌نیا به‌گومانی ئه‌وه‌ی كه كۆڵبه‌ره له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر سنووره‌وه ته‌قه‌ی لێكراوه و كوژراوه، ئه‌مه به‌پێی هه‌مان راپۆرت.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی چه‌ند كه‌س له‌و كوژراوانه‌دا قسه‌ی كردووه و ئه‌وان وتویانه كه هێزه ئه‌منییه‌كان له ٣ حاڵه‌تی ئه‌و كوشتنانهی كۆڵبه‌ران له‌ساڵی رابردوودا، ته‌رمه‌كانیان راكێشاوه و له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا له‌به‌رانبه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوه‌كان به بنه‌ماڵه‌كانیان داوای پاره‌ی ئه‌و گوللانه‌یان كردووه كه كۆڵبه‌رانیان پێ پێكاوه.
زۆرترین ئاماری كوژرانی كۆڵبه‌ران له‌پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا (ئورمیه) تۆمار كراوه و به‌پێی راپۆرته‌كه له شاری پیرانشار ٨ حاڵه‌ت و له مه‌ریوان ٦ و له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی ئورمیه و سه‌رده‌شت ٥ حاڵه‌تی كوژرانی كۆڵبه‌ران تۆمار كراون.
له‌باری ته‌مه‌نیشه‌وه ٤١.٧%ی كوژراوان له گروپی ته‌مه‌ن ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ و ٢٠.٨% له سه‌رووی ٣٠ ساڵ بوون‌و ٣٣.٣% ی كوژراوان ته‌مه‌نیان نه‌زانراوه، هه‌روه‌ها ٢.٨%یان ته‌مه‌نیان له‌نێوان ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ و ١.١٤% ته‌مه‌نیان له خوار ١٨ ساڵ بووه.
دوو لاپه‌ڕه‌ی راپۆرته‌كه ته‌رخان كراوه بۆ شیكردنه‌وه‌ی یاسایی دۆخی كۆڵبه‌رانی كورد و تێیدا به پشتبه‌ستن به بڕگه و مادده‌كانی سیستمی یاسایی ئێران كۆڵبهریی به تاوان نازانرێت و كوشتنی كۆڵبه‌رانیش به “كوشتنی به ئه‌نقه‌ست ” له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بروایه‌یه كه له‌و رووه‌وه كه سزای یاسایی له یاسای ئێران‌دا بۆ كاری كۆڵبه‌ری پێناسه نه‌كراوه، كۆڵبه‌ری به‌پێی مادده‌ی ٢ی یاسای سزای ئیسلامیی، تاوان نییه و هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژییه‌ك له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه بۆ سه‌ر گیان و ماڵی كۆڵبه‌ران، پێشێلكردنی یاساكانی ئێران و مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه به‌پێی به‌ندی ٢ی مادده‌ی ئهلف له یاسای قاچاخی كاڵا، ئه‌گه‌ر نرخی ئه‌و كاڵایه كه‌متر له یه‌ك ملیۆن تمه‌ن ( ٣٤٠ هه‌زار دینار) بێت، ئه‌وا هیچ سزایه‌ك به‌ره‌و رووی تاوانبار نابێته‌وه، له‌و رووه‌وه كه كۆڵبه‌ران ئه‌و شت و كاڵایانه‌ی كه ده‌یگوازنه‌وه نرخه‌كه‌ی كه‌متره له‌و بڕه پاره دیاریكراوه، كه‌وابوو ته‌نیا ده‌توانرێت سزا بدرێن یان ده‌ستبه‌سه‌ر كاڵاكانیاندا بگیرێت.
“به‌ڵام له كرده‌وه‌دا نه‌ك هه‌ر كاڵاكانیان زه‌وت ده‌كرێت، به‌ڵكو خۆشیان به‌بێ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌یان رابگه‌یه‌ندرێت و به‌بێ هیچ دادگایی كردنێك، ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستدڕێژی گولـله‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان”.
له راپۆرته‌كه‌دا، بێكاری، نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری، نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار، جیاوازیكردن له ته‌رخانكردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ی كوردستان به‌راورد به‌شوێنه‌كانی دیكه، نه‌بوونی سه‌رمایه‌گوزاری له كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، كانزاكان و گه‌شتوگوزاری و به گشتی سیاسه‌تی بێبهشكردنو هه‌ژار هێشتنه‌وه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌گرنگترین هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی كۆڵبه‌ری له قه‌ڵه‌م دراون، كه خه‌ڵك سه‌ره‌رای ئاگاداربوون له مه‌ترسییه‌كانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیانیان رووی تێده‌كه‌ن.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان دامه‌زراوه‌یه‌كی مافی مرۆڤی سه‌ربه‌خۆ و ناحكومییه، ساڵی ٢٠١٤ له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ندین پارێزه‌ر و چالاكی مافی مرۆڤی كورد له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا دامه‌زراوه.
بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتی رۆژانه له‌سه‌ر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به سێ زمانی كوردی، فه‌ره‌نسی و فارسی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی رێكخراو، تۆماركردنی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و بهڵگهمهندكردنیان به‌شێوه‌ی نووسراو و ڤیدیۆیی، ناساندنی پێشێلكارانی مافی مرۆڤ و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ریان، پێكهێنانی بانكی زانیاری له‌سه‌ر زیندانیانی سیاسی كورد له هه‌موو زیندانه‌كانی ئێران و ئاماده‌كردنی راپۆرتی به‌ڵگه‌نامه‌یی ساڵانه له‌سه‌ر پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر كۆڵبه‌ران و كاسبكارانی كورد، له چالاكییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ن.
خه‌ندان- ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی
فۆتۆکان: لوقمان رەحیمی