لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی هەفتەی شەق وەشاندن!

هەفتەی شەق وەشاندن!

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

لەپاڵ ئەوەی ئەم هەفتەیە، هەفتەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەكان بو لەهەرێم بەڵام دیوێكی دیكەی، هەفتەی سەركوتكردن‌و شەق وەشاندنیش بو، بەجۆرێك كە لەماوەی سێ رۆژی رابردودا هێرشكراوەتە سەر لانیکەم شەش كەس.

ئا: نیاز محه‌مه‌د

دوێنێ(دوشەممە) لە زاخۆ لەناو بازاڕی شارەكەدا كەسێك پەلاماری عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانی دا. لاپەڕەی تایبەتی ئەو پەرلەمانتارە لەفەیسبوك لەو كاتەدا سەردانی عەلی حەمەساڵح-ی بۆ شارەكە بەشێوەی راستەوخۆ دەگواستەوەو لەدیمەنەكەدا دەردەكەوێت كاتێك ناوبراو لەگەڵ چەند كادرێكی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەناو بازاڕدا دەگەڕێت، لەناكاو كەسێك بەخێرایی دێت‌و بە بۆكس هێرش دەكاتە سەری. 

عەلی حەمەساڵح لەوبارەیەوە رایگەیاند كە تا ئەو كاتەی ئەنجامدەری ئەو كارە دەستگیرنەكرێت، پارتی‌و ئاسایشی پارتی بە بەرپرس دەزانێت. ئەو وتی “چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ زاخۆم، به‌ڵام ئاگادارم به‌رده‌وام چاودێریم ده‌كرا هه‌ر جاره‌ی به‌جۆرێك، تا سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌كاتی گه‌ڕان له‌ناو بازاڕی زاخۆ هێرش كرایه‌ سه‌رم‌و سەرم كەمێك ئازاری پێگەیشتوە”.

وتیشی “ئه‌وان حساب بۆ پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ناكه‌ن. ئێستا بۆ منی چۆن ئەكەن كە پەرلەمانتارێكم؟”.

هەر لەهەولێر عەبدولستار مەجید، وەزیری پێشوی كشتوكاڵ لەحكومەتی هەرێم‌و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی لەشوێنێكی گشتی كاتێك سەرقاڵی نانخواردن دەبێت، بەوتەی خۆی لەلایەن كەسێكەوە هێرشدەكرێتە سەری‌و بێڕێزی بەرامبەر دەكرێت‌و كەسەكەش ئەو هێرشەو بێڕێزییەكەی تۆماردەكات.

ئاماژەی بەوەشدا كە هێرشبەرەكە لەلایەن ده‌سته‌ی پاسه‌وانی عه‌بدولستار مه‌جیده‌وه‌ دەستگیركراوە، بەڵام دواتر رادەستی هێزێك كراوە كە به‌ئاسایش خۆیان ناساندوە. 

وتوشیەتی “كاره‌كه‌ له‌وه‌ ده‌چو به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بێت، ئه‌و به‌ڵته‌جییه‌ی كه‌ په‌لامارو بێڕێزییه‌كه‌ی ئه‌نجامدا، پاسه‌وانه‌كانی ئێمه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیریان كرد”.

رۆژی یەكشەممەش لەمیانی خۆپیشاندانەكانی هەولێردا وەك لە دو گرتەی ڤیدیۆیی جیاوازدا دەردەكەوێت لەیەكێكیاندا شەقوەشێنێك پەلاماری مامۆستایەكی بەشدار لەخۆپیشاندانەكەدا دەداو بەشەق تێی بەردەبێت. 

لەگرتەكەی دیكەدا كە ژنێكی پزیشكی بەشدار لەخۆپیشاندانەكەدا بە كامێرای مۆبایلەكەی وێنە دەگرێت‌و لەكاتی تێپەڕیندا بە تەنیشت هێزێكی ئەمنیدا داوایان لێدەكات بێنە نێو خەڵكی خۆپیشاندەرەوە، لەوكاتەدا كەسێك بەرەو روی دێت‌و بە “شەق” بەردەبێتە كامێراكەی. 

هەر هەمان رۆژ لەكاتی كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكاندا لەهەولێر، ژمارەیەك كەس پەلاماری سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق دەدەن كە بەقسەی خۆی لەكاتی گەڕانەوەیدا لەخۆپیشاندانەكە لێیانداوەو ئازاری زۆریان داوە.

لەگەڵ ئەوەی كادرانی پارتی تۆمەتباردەكرێن بەئەنجامدانی ئەو پێشێلكاریانە، بەڵام ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی دوی هەولێری پارتی ئەوەی رەتكردۆتەوەو لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە “کێن ئەوانەی دەڵێن ئەو کەسانە کادری پارتین؟ ئەوە بوختانە، دادگا هەیە با ئەوە بسەلمێنن، ئەگەر دەرکەوت کادری ئێمەن دڵنیابە سزا دەدرێن”.

وتوشیەتی “ئێمەش زۆر نیگەرانین کە لە مامۆستایەکی وا بە تەمەن بدرێت، ئێمە سەردانیشی دەکەین‌و داواشمان لە دەزگاکانی ئاسایش کردوە کە ئەو کەسە دەسگیر بکەن”. 

لەلایەكی دیكەوە رۆژێك بەر لەخۆپیشاندانەكان رۆژنامەنوس، سەباح عەلی قارەمان بە ئاوێنەی راگەیاند كە لەلایەن سەركەوت حەسەن، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و كەسێكی دیكەو دو پاسەوانی ناوبراوەوە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لێی دراوە بەڵام سەركەوت حەسەن ئەوەی رەتكردۆتەوە. 

سەركەوت حەسەن بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندبو سەباح عەلی قارەمان “درۆ دەکات لێدانی چی، ئەگەر لێدان بێت نیوە مردوی دەکەیت، ئەو کەی بەرگەی لێدان دەگرێت.”

وتبوشی”ئەو بە ئارەزوی خۆی رەخنە دەگرێت‌و کەس قسەی نەکردوە، بەڵام بێتە سەر تەشهیر‌و جوێندان ..تۆش ئینسانی ئیتر.”‌و “دو هەزار جوێنی بە ئێمە داوە”و “رەخنە جیاوازەو جوێن‌و ناوزڕاندن جیاوازە.”

سەباح عەلی قارەمان لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رەتی نەكردەوە كە “جنێو”ی دابێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە “جنێو”ی بە سەركەوت حەسەن نەداوە. ئەو وتی”مرۆڤ لەكاتی توڕەبوندا كاردانەوەی دەبێت، ئەكاونتیان لەفەیسبوك بەناوی منەوە كردۆتەوەو جنێویان ناردوە بۆ چەندین كەسایەتی. لەبەرامبەر ئەوەدا كاردانەوەم هەبوەو هاوشێوەی خۆیان قسەم وتوە، بەڵام دواتر ئەو پۆستەم سڕیوەتەوە”. 

لەبەرامبەر ئەوەی سەركەوت حەسەن رەتیكردۆتە لێیان دابێت، وتی”ئەو بۆ پاساودانەوە ناچارە نكۆڵی لەو كارە ناشرینە بكات كە بەرامبەر من كردویەتی. ئەم جۆرە كەسانە كە شەق لە رۆنامەنوس هەڵدەدەن، هەمیشە پاساو بۆ شەق وەشاندنەكەیان دەهێننەوە.”

سەباح گلەیی ئەوەشی لە نوسەران هەبو كە وەك كەیسەكانی دیكە لەسەر كەیسەكەی ئەم هەڵوێست‌و قسەیان نەبوە. هەروەك رەخنەشی لەمیدیای گۆڕان گرت كە روداوی هێرشكردنە سەر ئەویان نەگواستۆتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە