رۆژی دووشەممە ٢١ی ئەیلول، ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی هەولێر لەبەردەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای کەمکردنەوەی لە سەدا ٥٠ ی مووچەی پلە باڵاکانیان کرد.
ئەمەی خوارەوە دەقی یاداشتی گردبونەوەکەیە :
بۆ بەڕێزان : سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان
بابەت : داواكاری لە پێناو دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان
هەموومان لە بیرمانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی ئەوە بە هاووڵاتیانی كوردستان درا پارەی نەوت بۆ هەمووان بێت و سۆسیالیان بۆ ببڕدرێتەوەو كابانی ماڵەوە خاوەند موچەی تایبەتی خۆیان بن, هەموو ئەو حیزبانەی كابینەی بەناو دادپەروەریان پێك هێناوە ئەو بەڵێنانەیان بە دەنگدەرانیان دا, وەلێ ئەوەی بینیمان پاش هەڵبژاردنەكان یەكەم یاسای پەرلەمان بە زیادكردنی بودجەی پارتە سیاسییەكانیان دەستی پێكرد, ئەوەش دەربڕی ئەوەیە خەمی ئەوان خەمی بودجەی حیزبەكانیان بوو نەك خەمی هاووڵاتیان, هەندێك پەرلەمانتاریش سوێندی ئەوەیان خوارد كە چوونە پەرلەمانەوە یەكەم كاریان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و كەمكردنەوەی موچەكانیان بێت, هەندەكی دیش دەیان وت پاسەوان رەت دەكەینەوەو بە پاس هاتوچۆی پەرلەمان دەكەین, وەلێ دواتر كە دەستیان لە كورسی نەرم و موچەی باڵا گیر بوو, ئەوەی بیریان لێنەكردەوە ئەو بەڵێنانە بوو, ئەمەو لە گەڵ بەشداری هەر حیزبێك لە كابینەی حكومەت سوپایەك موچەی پلە باڵا زیادی كرد, تەنانەت لەم قەیرانە ئابورییەدا كە رۆژ لە دوای رۆژ هەژاری و بێكاری لە لە كوردستان بەرز بوونەوەدایە, پێ بە پێی بەرز بوونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری ژمارەی موچە باڵاكانیش بە خانەنشین و دامەزراوەوە لە بەرز بوونەوەدایە, لەم بارودۆخە سەختەی ئابووریدا كە حكومەت سیاسەتی سك گوشینی سەپاندووە بە سەر هەژاراندا, كۆمپانیاو دەوڵەمەندان و موچە باڵاكانی نەكردۆتە شەریكە بەشی باری گرانی قیرانی ئابووری, بەڵكە كوردستان بۆتە پاروی چەور بۆ كۆمپانیاكان و مافیاكانی دزی سامانی ژێر زەمینی و زەوی و خاكی كوردستان, نوێنەرانی گەل و ئەندامانی كابینەی دادپەروەریش موچە زەبلاحەكانی خۆیان مانگانە لە باخەڵ دەنێن,كە موچەی هەر یەكێكیان زیاترە لە موچەی 50 فەرمانبەری كەمترین موچەیە, ئەمەش جیاوازییەكی سەرسوڕ هێنەرە و لە ناعەدالەتترین وڵاتانی جیهانی وێنەی ئەم جیاوازییە بوونی نییە, تەنانەت كار گەیشتۆتە سەر ئەوەی هەندێك پەرلەمانتاری خانەنشین جارێكی دیكە وەك راوێژكار دامەزرێنەوەو هەندەكی دیكەش دوای خانەنشینی خۆیان هاوسەرو كەسە نزیكەكانی خۆیان كردووە بە راوێژكار, تا وای لێهاتووە راوێژكاران ئەوەندە زۆر بوونە كەسیان دەست ناكەوێت راوێژیان بۆ بكەن .
لە رابردوودا بە داخەوە چەندین جار پەرلەمانتاران لە ژێر پاڵەپەستۆی ئێمە ناچار بوون پرۆژەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان بە سەرۆكی هەرێمیشەوە و كەمكردنەوەی موچەیان پێشكەش بە پەرلەمان بكەن, وەلێ لەبەر ئەوەی جدی نەبوون و كارەكەیان تەنها بۆ نمایشی سیاسی بوو, پاشتر پرۆژەكانیان لە بیر خۆیان بردەوەو ئێستا خاوەند پرۆژەكان بە باشترین موچەو لە بەهاری تەمەنی لاوییانەوە ئەوە دوو ساڵە موچەی خانەنشینی خۆیان وەردە گرن و بێدەنگیان لێكردووە. لە بەرواری 8-9-2015 دوای خۆپیشاندانەكەی ئێمە پەرلەمان بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ پێداچونەوەو چاكسازی موچە پێك بهێنێت, مخابن كاری لیژنەكە ئێمەی بێ ئومێد كرد و لێرەوە رایدەگەیەنین ئێمە بە كەمكردنەوەی رێژەی 20%ی موچە قایل نابین وەك ئەوان پێشنیاریان كردووە, هاوكات هەنگاوەكانی حكومەتیش بۆ چاكسازی ئەوەی راگەیەنراوە جێگای دڵخۆشی نییە و مژدەی هیچ دادپەروەرییەكی پێ نییە ,ئێمە ئەمرۆ لێرە كۆبوینەتەوە بۆ جارێكی دیكە داواكارین :
1- جیاوازی موچە لە نێوان بەرزترین و كەمترین موچە لە كوردستان لە دەرەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانە, بۆ كەمكردنەوەی ئەم جیاوازییە داواكارین موچەی سەرۆكی هەرێم, وەزیرو پەرلەمانتاران و دادوەرانی ئەنجومەنی دادوەری….. بۆ نیوەی ئێستا كەم بكرێتەوە .
2- خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرجەم پلە باڵاكان رێكبخرێتەوەو بە پێی رێنوێنی خانەنشینی رێك بخرێت, ئەوانەی خزمەتی گشتی و تەمەنیان لە خوار تەمەنی خانەنشینییەوەیە بگەڕێندرێنەوە بۆ سەركارەكانیان و ئەوەی كاری نییە كاری بۆ بدۆزرێتەوە, ئەوانەشی خانەنشین دەكرێن سنورێك بۆ موچەكانیان دیاریبكرێت كە بەرزترین موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان لە 3 ملیۆن تێنەپەڕێت.
3- ئەوانەی هیچ خزمەتێكی گشتیان نییە و خانەنشینكراون لە دەرەوەی یاساو رێنوێنی و هەندێكیشیان بە پلەی بەرز, وەكو بندیوارەكان كاریان بە پێی شهادەو توانایی بۆ بدۆزرێتەوەو خانەنشینییەكەیان هەڵوەشێتەوە, ئەوانەشی لە پێش راپەڕین پێشمەرگە بوونە بگەڕێندرێنەوە سەر خانەنشینی پێشمەرگایەتی, سەركردە سیاسی و سەربازییەكان بە پلەی شایستە خانەنشین بكرێن لە گەڵ مێژووی تێكۆشانیان بگونجێت, ئەوانەشی بە پلەی بەرز خانەنشینكراون و خزمەتی پێشمەرگایەتی و گشتییان نییە و توانای كاریان نییە بخرێنە سەر موچەی چاودێری خێزانی.
4- ئەو بڕە پارەیەی لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان بۆ خەرجی سیادی دەچێت بۆ بەغدا ببڕدرێت, خەڵكی كوردستان باری گرانی ئەو خەرجییە قورسە كە بەشی زۆری لە گەندەڵی سەرف دەكرێت هەڵنەگرێت, بۆ دەبێت خەڵكی كوردستان موچەی زەبلاحی وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆك كۆماری بەغداو لەشكری حیمایەی مەتروكەو راوێژكار كە زۆربەیان لەسەر بنچینەی خزمایەتی و حیزبایەتی دامەزراون بدات؟؟.
5- سنورێك بۆ دامەزراندنی راوێژكار و پلەی باڵا لەسەر بنچینەی حیزبی دابندرێت, رۆژ لە دوای رۆژ ئەم پارتە سیاسییانە باری بودجە گران دەكەن بە دامەزراندنی ئەندامانیان لە دەزگاكانی حكومەت بە پلەی بەرز, حكومەت پێویستی بەم لەشكرە لە راوێژكارو خەبیر نییە, لە كاتێكدا وڵاتەكەمان بە دەست نەبوونی پلان و راوێژی باشەوە دەناڵێنێت .
6- دامەزراندن بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری بێت لە كوردستان, تەنها ئەوانە بگرێتەوە, خانەوادەكەیان هیچ سەرچاوەیەكی بژێویان نییە لە موچەو زەوی كشتوكاڵی و پرۆژەی ئابووری, بە پلەی یەكەم ئەو خانەوادانە بگرێتەوە كرێچین و كەسی بەخێوكەریان نییە .
7- سنورێك بۆ بەتاڵان بردنی سامانی سروشتی كوردستان و خاك و زەوی ئەم وڵاتە دابندرێت, تەواوی كۆنتراكتەكانی رابردوو بۆ دڵنیایی خەڵك لە رۆژنامەیەكی فەرمی بڵاو بكرێتەوە, تا متمانەی هاووڵاتیان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت.
هەڵمەتی دادپەروەری
21-9-2015