بەشی هەرە زۆری كەرەستەی خاوی كارگەكانی ئاسن لەهەرێمی كوردستان ئەو ئاسنە كۆنو شكاوانەن، كە گومانی ئەوەیان لێدەكرێت پاشماوەی یۆرانیۆمیان لەسەر مابێت.
كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئاسن لەهەرێمی كوردستان پشت دەبەستن بەو پارچە ئاسنە كۆنانەی لەشارەكانی ناوەڕاستو خوارووی عێراقەوە بۆیان دێت، بەشی هەرە زۆری ئەو ئاسنانەش یاخود ئۆتۆمبیلی تێكشكاوی جەنگەكانن، یاخود شیشی خانوو بینای رووخاوی بۆردمانكراوەكان، هەرچەندە تائێستا ئەو گومانە ساغنەكراوەتەوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت ئەو ئاسنە كۆنانە پاشماوەی یۆرانیۆمیان لەسەرەو پاش بەرهەمهێنانەوەیان هەمان پاشماوەیان پێوە دەمێنێتو دەچنە بازاڕەكانەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان 17 كارگەی بەرهەمهێنانی ئاسن هەیە، لەو كارگانە 13 یان لەپارێزگاری هەولێرو 4 كارگەشیان لەپارێزگای سلێمانین.
پێشتر چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی باسیان لەوە كردووە، كە لەشەڕی كەنداو لەساڵی 1991 هێزی هاوپەیمانان جۆرە چەكێكیان بۆ لێدانی سوپای عێراق بەكارهێناوە، كە یۆرانیۆمیان تێدا بووە، ئەم دەنگۆیە جارێكی تر لەساڵی 2003 دووبارە بووەوە.
رۆژنامەی گاردیان بەپشت بەستن بەراپۆرتی رێكخراوی ئاشتی هۆڵەندی بڵاویكردووەتەوە، كە لەشەڕی ساڵانی 1991و 2003 زیاتر لە 400 تەن یۆرانیۆم لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە لەعێراق بەكارهێنراوەو بەشی هەرە زۆری سوپای ئەمەریكا بەكاریهێناوە.
زۆربەی ئەو پاشماوانە لەسەر ئۆتۆمبیلو تانكو كەرەستە تێكشكاوەكان جێماون لەشارەكانی خواروو ناوەڕاستی عێراق، ئێستاش هەر ئەو شارانە سەرچاوەی سەرەكی كارگەكانی دروستكردنی ئاسنن لەهەرێمی كوردستان، بۆیە هەندێك كەس گومان دەكەن پاشماوەی یۆرانیۆم گەیشتبێتە هەرێمیش.
خاوەن كارگەیەكی ئاسن لەپارێزگای سلێمانی، كە بەهۆی ئەوەی وەك خۆی وتی نایەوێت كێشەی بۆ دروستببێت ئامادەنەبوو ناوی ئاشكرابكات بە”نیقاش”ی وت “ئێمە بەشێوەیەكی یاسایی ئەو ئۆتۆمبیلو ئاسنانە دەهێنینو دواتر دەیانكەنەوە بەئاسن بۆ بەكارهێنانەوە جا بۆ كەرەستەی ناوماڵ بێت، یاخود بۆ كەرەستەی بیناسازی”، بەڵام دڵنیا نەبوو لەوەی ئاخۆ هیچ ئاسەوارێكی چەكی مەترسیداریان لەسەرە یاخود نا.
لەهەمان رووەوە حاجی مەحمود عەلی بەرێوبەری كۆمپانیای (سلێمانی ستیل)، كە كارگەكەیان لەناحیەی بازیانی سەر بەسلێمانییەو شیش بەرهەمدەهێنینو دواتر لەدروستكردنی كەرەستەی خانووبەرە بەكاردەهێندرێتەوەو لەبازاڕەكانی هەرێم و باشوری عێراق دەفرۆشرێتەوە، بە”نیقاش”ی وت “كەرەستە خاوەكانمان ئاسنی سكرابە، كە بەشێكی زۆری لەباشورو ناوەڕاستی عێراقەوە دەهێنین ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەوێ ئەو جۆرە ئاسنە هەم زۆرەو هەمیش هەرزانترە، نرخی تەنێك ئاسنی سكراب بەپێی ڕۆژو جۆری سكرابەكەش دەگۆڕێت، لە 130 بۆ 160 دۆلاردایە”.
حاجی مەحمود رەتیكردەوە ئەوان ئاسنی پیسبوو بەیۆرانیۆم بەكاربهێنن، چونكە وەك خۆی دەڵێت ئامێری تیشكیان هەیەو بەر لەوەی ئاسنەكە بتوێننەوە پشكنینی بۆ دەكەن.
ئەم باسو خواسە هێشتا لەهەرێمی كوردستان یەكلایینەكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی بەلێكۆڵینەوەیەكی ورد نەسەلمێنراوە، تەنانەت ئەوەی ناوەندە چاودێرییەكانیش بیستویانە هەر قسەیەو بەبەڵگە پشتڕاست نەكراوەتەوە.
زوڵفا مەحمود سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستیو ژینگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كە هەرچەندە ئەوان تا ئێستا بەدواداچونیان بۆ ئەو پرسە نەكردووە، بەڵام لەدڵەراوكێدان، چونكە وەك خۆی دەڵێت “دەیان ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی هەن لەبارەی پیسبونی زۆرێك لەو ئۆتۆمبێلو ئامێرە میكانیكیانەی باشوری بەغداد بەیۆرانیۆمو هێنانی ئەو جۆرە ئامێرانەش بۆ هەرێمی كوردستان مەترسیەكی گەورەیەو پێوستە لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر بكرێت”.
پەرلەمانتارەكەی لیژنەی تەندروستی بە”نیقاش”ی وت “ئەو پرسە نەك تەنها مەترسی تەندروستی، بگرە مەترسی ژینگەیشی هەیەو دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی زیندەوەرەكانی دیكەش بەرووەكو گیانلەبەرانیشەوە، ئێستا گەیشتوینەتە سەر ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەین”.
ساڵی پار كازم میقدادی، كە پزیشكێكی عێراقییەو نیشتەجێی سویدە كتێبێكی بڵاوكردەوەو بەپشت بەستن بەهەندێ بەڵگە باس لەوە دەكات ئەو یۆرانیۆمەی ساڵانی 1991و 2003 لەعێراق بەكارهاتووە، بەقەد 250 بۆمبی ئەتۆم دەبێت، ئەگەر ئەم زانیارییە وابێت، ئەوا زەحمەتە پارچەیەك ئاسنی تێكشكاوی شەڕەكان هەبێتو تیشكی ئەتۆمی لەسەر جێ نەمابێت.
فەتحی محەمەد بەڕێوبەری پەیوەندیەكانو راگەیاندن لەوەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی نایشارێتەوە كە بەشێكی لەو ئاسنانەی هێندراونەتە كوردستان مەترسی پیسبونیان بەیۆرانیۆم لەسەرە، بەڵام بەوتەی ئەو ئێستا چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوەو بە”نیقاش”ی وت “پێشتر كۆمەلێك سكاڵای زۆر هەبوو لەسەر مەترسیەكانی ئەو ئاسنەی كە لەباشوور ناوەڕاستی عێراقەوە دەهات، تەنانەت حاڵەت هەبوو كە پاشماوەی ئەو چەكانەشی تێدا بەجێ مابوو، بەڵام لەم دواییانەدا بەرێوبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵ لەوەزارەتی پلاندانانو وەزارەتی پیشەسازیش ئەو كارگانەی ناچاركرد ئامێری پشكینین دابنێن بۆ ئەو ئاسنانە، واتە ئێستا ئەو ئاسنانەی لەناوەندو باشوری عێراقەوە دەهێندرێنە كوردستان دەپشكێندرێنو گەر پیسبووبن بەیۆرانیۆم دەبێت بنێردرێنەوە”.
فەتحی محەمەد رەتیشی كردەوە كە هیچ كارگەیەكی ئاسنی بێ مۆڵەت لەهەرێمدا هەبێت تا لابەلا سوود لەو ئاسنانە ببینن، چونكە كارگەی ئاسن پێویستی بە شوێنی گەورەو هێنانی كەرەستەی خاو هەیەو گەر بەبێ مۆڵەت بكرێتەوە ناتواندرێت بەرێوەببریت.
فازڵ عومەر بەرێوبەری ناحیەی بازیان (30كم باشووری سلێمانی) كە هەر چوار كارگە ئاسنەكەی پارێزگای سلێمانی لەناحیەكەی ئەودان، بوونی مەترسی ئاسنی پیسبوو پشت راست دەكاتەوەو بە”نیقاش”ی وت “ئێمەش لەو مەترسییە ئاگادار كراوینەتەوە، ئێمە ئێستا ئامێری پشكنینی ژینگەیمان داناوەو تائێستا هیچ حاڵەتێكی مەترسیدار ڕوی نەداوە، هاوكات هەوای بازیانیش لەڕووی ژینگەییەوە لەئاستی مەترسیدا نیە”.
تائێستا هیچ ناوەندێكی ئەكادیمی ئەم گرفتەی نەكردووە بەخەمی خۆیو لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكردووە، ئەوانەی جەخت لەمەترسییەكە دەكەنەوە، پشت بەئەزموونێكی هاوشێوە دەبەستن كە پێشتر لەوڵاتی ئێران روویداوە.
حسێن حسێنی مامۆستا لەبەشی فیزیای زانكۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات پێشتر توێژنەوە لەسەر بەشێك لەو ئاسنانە كراوە، كە لەعێراقەوە براونەتە ئێران، ئەنجامەكەی دەریخستووە مەترسی بوونی چەكی یۆرانیۆم لەسەر ئاسنەكان لەئارادایە.
حسێنی بە”نیقاش”ی وت “ئێستا گەر هەمان شت لەكوردستان دوبارە بكرێتەوە ئەوا بەدڵنیایەوە گەر ئاسنەكە بەپاشماوەی چەكە ناوەكیە كۆكراوەكان كە ئەمەریكا لەعێراق بەكاری هێناوە پیسبوبێت، ئەوا مەترسیەكی گەورەی تەندروستی دروستدەكات”.
وتیشی “ئێمە ناتوانین بەڕەهایی ئەوە بڵێن كە سەرجەم ئەو ئاسنانە بەیۆرانیۆم پیسبوبێت، چونكە ئەوەش رێژەییەو گەر رێژەی پیسبونەكە كەم بێتو لەگەڵ ئاسنی خاوێندا تێكەڵبكرێتەوە ئەوا مەترسی نییە، بەڵام گەر رێژەكەی زۆر بێت ئەوا بەكارهێنانی زۆر مەترسیدارەو دەبێت ئەو ئاسنە بخرێتە ژێر خاكەوەو بەكار نەهێندرێتەوە”.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی رابردوو 2015 ژمارەی تووشبووان بەجۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجە بریتی بووە لەچوار هەزار و 726 كەس، بەرێوبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی، كە نەخۆشخانەیەكی تایبەتە بەشێرپەنجە مەترسی كارگەكانی ئاسنی نەشاردەوە بەتایبەت لەكاتێكدا كە ئاسنی وەك پیس بەكار بهێنن.
دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە”نیقاش”ی وت “بەدڵنیایەوە بەشێوەیەكی گشتی بونی كارگەكان بەهۆی ئەو كاریگەریانەی لەپیسبونی ژینگەدا دروستی دەكەن هۆكارن بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا توێژینەوەیەكی زانستی لەبەردەستدا نییە كە لێكۆڵینەوە لەو ئاسنە كۆنانە بكات كە لەباشورو ناوەڕاستی عێراقەوە دەهێندرێنو لەهەرێمی كوردستان دوبارە بەكار دەهێندرێنەوە، هەرچەندە لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكاندا ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو ئاسنانە یۆرانیۆمیان پێوەیە.
تا ئەو كاتەی توێژینەوە زانستییەكان بوون یان نەبوونی ئەم مەترسییە دەسەلمێنن، دەنگۆی گواستنەوەی كەلوپەلی پیسبوو بەیۆرانیۆم لەباشوورو ناوەڕاستەوە بۆ كوردستان، هەر مقۆ مقۆی لەسەر دەمێنێتو یەكلایی ناكرێتەوە.
سەرچاوە:نیقاش