نادیە موراد رایدەگەیەنێت: رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئاینی ئیسلام بەكاردەهێنێت بۆ تاوانەكانی، دەشڵێت: هەمو ئەو كەسانەی ئەوانیان بینیوە، هاوسۆز بون لەگەڵیان، بەڵام هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی و دامەزراوەیەكی ئسیلامی، داعشیان تەكفیر نەكردوە، داواش دەكات، وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بە توندی دژی داعش بوەستنەوە و سنورێك بۆ تاوانەكانیان دابنێن.
نادیە موراد, یەكێك لە كچە رزگاربوانەی ئێزدی ژێر دەسەڵاتی داعش لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و كاروباری حكومەت لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، باسی لەو چیرۆكە تراژیدییانە كرد كە بەسەر ئێزدییەكان هاتوە و وتی: نزیكەی دوساڵ پێش ئێستا لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە هێرش كرایە سەریان و ئەو كاتەی ئەو دەستگیركرا، تەمەنی (19) ساڵان بوە.
وتیشی: لە كاتی دەستگیركردنیاندا، داعش پێی وتون ئێزدییەكان كافرن و پێویستە پیاوەكانیان بكوژرێن و ژنەكانیشیان بكرێن بە سەبایا، جگە لەوەش بەتەنها لە گوندەكەیان لەماوەی دو سەعاتدا (700) هاوڵاتیان كوشت كە لەنێویاندا شەش برا و دایكی نادیە هەبون.
نادیە موراد رونیشی كردەوە، ئەو تاوانەی داعش ئەنجامی دەدات بەناوی ئیسلامەوە دەیكات، بۆیە پێویستە سنورێكی بۆ دابنرێت.
نادییە موارد جەختی لەوەش كردەوە كە هەمو ئەو كەسانەی ئەویان بینیوە هاوسۆزی خۆیانیان بۆ دەربڕیون، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی و دامەزراوەیەكی ئیسلامی، داعشیان تەكفیر نەكردوە.
نادییە موراد بە پێویستیشی زانی لەسەرەتادا فكر و بیری داعش رابگیرێت، دەشڵێت: ئەگەر داعش نەوەستێنرێت، ئەوا خۆی دەگەیەنێتە هەمو شوێنێك، جەختی لەوەش كردەوە داعش هەرگیز چەكی خۆی دانانێت، بەڵكو دەبێت ناچار بكرێت بە چەك دانان و پێش هەمو شتێكیش پێویستە وڵاتانی عەرەبی نەهێڵن فكری داعش بگاتە لای گەنجەكانیان و نەهڵێن پەیوندیی بە داعشەوە بكەن.
نادییە موراد باسی لەوەش كرد، ئەو نایەوێت ئەو تاوانانە بكرێن بە كەرەستەی رەگەز پەرستی دژ بە ئیسلام، بەڵام ئەو تاوانانە بەناوی ئیسلامەوە ئەنجامدراون و دەبێت مسوڵمانان یەكەم كەس بن كە دژی بوەستنەوە.