رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگه‌یاند؛ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌نه‌ینه‌وا گێچه‌ڵ به كارمه‌ندانی رێكخراوه فریاگوزارییه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت تۆمه‌تی ساخته‌ی تیرۆریان روبهڕودهكهنهوه، ئه‌وه‌ش وایكردوه كه كاره‌كانیان سست ببن و له‌هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه‌كانی پارێزگاكه رێكخراوه‌كان ناچارده‌كه‌ن خزمه‌ته‌كانیان پێشكه‌ش به‌و خانه‌وادانه نه‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌بونی په‌یوه‌ندیان به داعشه‌وه تۆمه‌تباركراون.
رۆژی دووشه‌ممه(٢٥\٢\٢٠١٩) له‌راپۆرتێكدا له‌زاری لهما فه‌قێ، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی هیومان رایتس ۆوچ-ه‌وه له‌راپۆرتێكی رێكخراوه‌كه‌دا رایگه‌یاندوه؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی كاری كارمه‌ندانی ئه‌و رێكخراوانه خۆی كه‌م سه‌خت بێت كه له موسڵ و هه‌ندێك ناوچه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا تۆمه‌تی بونی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش روبهڕودهكرێت و ده‌ستگیرده‌كرێن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه پێده‌چێت تۆمه‌تباركردنیان به بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعشان هه‌وڵێكی ئاشكرا بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له رێكخراوه‌كان هاوكارییه‌كانیان بده‌نه ده‌سه‌ڵاتداره گه‌نده‌ڵه لۆكاڵییه‌كان یاخود بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌ندێك خانه‌واده‌ی ده‌ستكورت رابگرن كه تۆمه‌تبارن به‌وه‌ی خزمیان هه‌یه داعش بوه.
هیومان رایتس ۆوچ قسه‌ی له‌گه‌ڵ دو كه‌س كردوه كه چاودێری ئه‌و گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژییه جه‌سته‌ییانه‌یان كردوه كه ده‌كرێنه سه‌ر كارمه‌ندانی رێكخراوه فریاگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومییه‌وه.
ئه‌و دو سه‌رچاوه‌یه هێمایان بۆ ئه‌وه كردوه كه له‌مانگی كانونی دوه‌می 2018ه‌وه، 22 روداویان تۆماركردون كه خۆیان له هه‌ڕه‌شه‌كردن، ده‌ستگیركردن، ده‌ستدرێژی و دزی و روداوی ته‌قه‌كردندا ده‌بیننه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه ئه‌و ده‌ستدرێژیانه ته‌نها له‌سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وادا كورت نابنه‌وه، به‌ڵكو هاوشێوه‌ی ئه‌و روداوانه له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی عێراق بینراون.
راپۆرته‌كه ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕو كه هیومان رایتس ۆوچ دو حاڵه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كارمه‌ندانی رێكخراوه فریاگوزارییه‌كانی تۆماركردوه به‌هۆی كار مرۆییهكانیانهوه تۆمه‌تباركراون به بونی په‌یوه‌ندیان به داعشه‌وه.
له یه‌كێك له حاڵه‌ته‌كاندا یه‌كێك له رێكخراوه‌كان ناچار بوه كه سێ له پرۆژه سه‌ره‌كیه‌كانی له نه‌ینه‌وا رابگرێت.
هیومان رایتس ۆوچ داوای له هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق كردوه زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به پاراستنی كارمه‌ندانی بواری مرۆیی و پره‌نسیپه مرۆییه‌كان بخه‌نه نێو پڕۆگرامه‌كانی مهشقپێكردنیانهوه و داواشی له‌حكومه‌تی عێراقی كردوه لێكۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه بكات.
لهما فه‌قی وتویه‌تی”ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز بۆ ئه پێشێلكاریانه به‌رامبه‌ر به كارمه‌ندانی بواری فریاگوزاری نه‌بێت، هاوكاریكردنی ئه‌و عێراقیانه‌ی كه پێویستیان به یارمه‌تیدانه له‌نێویشیاندا ئه‌و خانه‌وادانه‌ی تۆمه‌تبارده‌كرێت به په‌یوه‌ندیان له‌گةڵ داعش، بۆ كارمه‌ندانی رێكخراوه فریاگوزارییه‌كان سه‌خت و زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت.”