
سۆپەرماركێتو پێشانگای ئۆتۆمبیلی تێدایە
ئەگەر جاران داعش بۆ پەیداكردنی داهات پشتی بەنەوتو سەندنی باجو سەرانە بەستبێت، ئێستا چەندین پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورەی هەیە، كە بەشێكیان دەكەونە بەغدای پایتەختو شارەكانی تری عێراق.
بەپێی ئەو زانیارییە گرنگانەی “نیقاش” دەستی كەوتوون لەبارەی سەرچاوەی داهاتی داعشەوە، دەركەوتووە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی رێكخراوەكە بەدەیان ملیۆن دۆلارو ملیار دیناری لەو شارانە خستووەتە گەڕ كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆین.
ئەفسەرێكی پلەبەرز لەدەزگای هەواڵگری عێراقی بەمەرجی بڵاونەكردنەوەی ناوەكەی بە”نیقاش”ی وت “لەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئەندامە دەستگیركراوەكانی داعش ئەنجامدراونو بەپێی ئەو بەڵگەنامانەش كە لەشارە ئازادكراوەكانی ئەنبارەوە دەستكەوتوون، چەندین زانیاری گرنگمان لەسەر پێكهاتەی كارگێڕی داعش بۆ روون بووەتەوە”.
وتیشی “لەبەڵگەنامەكاندا ناوی سەركردەكانی داعش ئاشكرابوون، نەك هەر لەعێراق، بەڵكو لەسوریاو لیبیاو چەندین ناوچەی تریش، بەڵام بەلای ئێمەوە گرنگترین زانیارییەكان ئەوانەن كە بەم دواییە لەسەر سەرچاوەی دارایی داعش دەستمان كەوتوون”.
هەتا سەرەتای ساڵی 2015 داعش لەپارێزگای سەلاحەدین، شارەكانی تكریتو بێجیو دورو یەسربو عەلەمو شرقاتی بەدەستەوە بوو، بەڵام ئێستا تەنها شرقات ماوەتەوە، ئەویش سێ هەفتەیە هێزە ئەمنییەكان گەمارۆیان داوەو پلانی ئازادكردنی لەئارادایە.
لەئەنباریش حەوت گەورە شاری بەدەستەوە بوو كە بریتی بوون لەرومادیو فەلوجەو رەتبەرو هیتو عانەو راوەو قائیم، بەڵام ئێستا تەنها راوەو عانەو قائیمی ماوەتەوە.
لەدەستدانی ئەم هەموو شارە لەماوەی ساڵێكدا بۆ داعش تەنیا خۆی لەزیانی سەربازیدا نابینیەوە، بەڵكو زیانی ئابوری گەورەشی بەركەوت، چونكە ئەو شارانە دەوڵەمەندبوون بەنەوتو كشتوكاڵو چەندین كارگە كە سودی لێدەبینین بۆ بەدەستهێنانی داهات، هاوكات ئەو باجو سەرانەیەشی لەدەستدا كە لەخەڵكی ئەو ناوچانەی دەسەندن.
سەرەڕای ئەمانە، بەڵام وەك ئەوەی ئەفسەرەكە ئاماژەی دەڵێت “لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە تائێستا داعش رووبەرووی قەیرانی دارایی نەبووەتەوە، چونكە چەندین سەرچاوەی دارایی نهێنی هەیە كە ناتوانرێت بەئاسانی ئاشكرا بكرێن، لەوانە پرۆژە بازرگانییەكانی”.
دەشڵێت “هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە بەغدادیو یاریدەدەرەكانی لەساڵی 2014ەوە پارەیەكی زۆریان خستووەتە پرۆژەی ئابوریو بازرگانییەوە، لەوەنە كڕینەوەی چەندین پێشانگای ئۆتۆمبێلو دروستكردنی مۆڵی بازرگانیو تەنانەت بەشداریكردن لەكڕینو فرۆشتنی دۆلار، بەشێك لەم سەرمایەگوزاریانەش لەناو بەغدادایە”.
هەر لەناو ئەم پرۆژانەدا وەك ئەوەی ئەفسەرەكە ئاماژەی پێدەكات چەندین حەوزی ماسیو كێڵگەی سەوزەو میوەی تێدایە لەدەوروبەری بەغدا، بگرە چەندین نەخۆشخانەی ئەهلیو دەرمانخانەی كردووەتەوە كە مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێك قازانجەكەیانە.
لەبارەی چۆنێتی كۆكردنەوەی ئەم سامانەو ناردنی بۆ شارەكانی ژێر دەستی داعش، ئەفسەرەكە دەڵێت “كەسانی ئاساییو بازرگانان كە خۆیان سەر بەداعش نین ئەم سامانە بەڕێوە دەبەن لەژێر چاودێری بەیتولمالدا (وەزارەتی دارایی) دواتر لەرێی نوسینگەكانی حەواڵەو بانكەكانەوە دەنێردرێن بۆ چەند شارێكی تر لەناوەوەو دەرەوەی عێراقو لەوێوە دەچنەوە بۆ داعش”.
كاتێك داعش زۆربەی شارە گەورەكانی نەینەواو سەلاحەدینو ئەنباری كۆنترۆڵكرد، دەستیگرت بەسەر پارەی سەرجەم بانكەكاندا، لەمڕووەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی عێراق بە”نیقاش”ی وت “داعش دەستی گرتووە بەسەر پارەی هەشت بانكدا، بەشێك لەوانە حكومین وەك بانكەكانی رەفیدەینو رەشید، ئەمە جگە لەبانكە ناحكومیەكان”.
هەرچەندە زەحمەتە بزانرێ داعش لەو بانكانەوە چەندی پارە دەستكەوتووە، بەڵام وەك ئەوەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێدەكات وا مەزەندە دەكرێت نزیكەی چوار ملیار دۆلار بێت”.
بەقسەی ئەفسەرەكەی دەزگای هەواڵگری داعش ئەم پارانەی خستووەتە پرۆژەی وەبەرهێنانەوەو دەڵێت “بڕێكی زۆری پارەی عێراقیان دەستكەوت، لەبەر ئەوەی ئەو پارەیە لەدەرەوەی عێراق كاری بازرگانی پێناكرێت، بۆیە لەناوخۆی عێراق خستیانە گەڕ”.
هەر بەقسەی ئەفسەرەكە ئەو بڕە پارەیەی لەبانكی ناوەندی موسڵو لەفرۆشتنی نەوتی عەلاسو حەمرینەوە دەستیكەوتون لەماوەی ساڵو نیوێكداو سەرجەمیان بەدۆلار بوو، لەدەرەوە خستوویەتیە گەڕ، بۆ نموونە توركیا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی هێزە ئەمنییەكان لەئەنبار دەستیان كەوتووە “بەیتولمال”ی داعش دوو ئەركی سەرەكی هەیە، یەكەمیان كۆكردنەوەو بژاردنی ئەو پارانەی داعش مانگانە دەستی دەكەوێت، دووهەمیشیان ژماردنی خەرجی موچەی چەكدارانیو خێزانی كوژراوەكانیو كڕینی چەكو تەقەمەنیو خەرجی هەڵمەتەكانی پڕوپاگەندەو راكێشانی خەڵك لەرێی فەیسبووكەوەو دیاریكردنی پارەی پێویست بۆ چەكدارەكانیان لەدەرەوەی عێراق بەتایبەتی لەئەمەریكاو ئەوروپا، هەروەها پارەی دروستكردنی شانەی نوستوو.
لەبەڵگەنامەكاندا دەركەوتووە كە لیژنەی دارایی لەنۆ كەس پێكهاتوونو هەریەكەیان تایبەتمەندیەكیان هەیەو سەرۆكی لیژنەكەش بەكارەكانیاندا دەچێتەوە.
زیاد ئەحمەد پسپۆڕی ئەمنی بە”نیقاش”ی وت “سەرچاوەی سەرەكی دارایی داعش ئەو پارەیەیە كە لەرێكخراوە جیهادییەكانو بازرگانانی عەرەبەوە دەستی دەكەوێت، هەروەها پارەی سەرانەو دەستكەوتەكانی جەنگو بەقاچاخبردنی نەوت، هەموو ئەمانەش دەكرێت بەئاسانی رێیان لێبگیرێت پاش بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان”.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو بڕیاری دەركرد بۆ وشككردنی سەرچاوەی دارایی داعش، یەك لەوانە رێگری لەبازرگانی نەوت بەپێی بڕیاری (2253) لە 17ی كانوونی یەكەمی 2015، ئەوی تریشیان بڕیاری ژمارە (2199) لەشوباتی 2015 .
بەڵام وەك ئەوەی زیاد ئاماژەی پێدەكات كێشەی گەورە لەپرۆژە بازرگانییەكانە “چونكە ناتوانرێ قازانجەكەیان بزانرێو ئاشكرا بكرێن بۆ كوێ دەچن، بەپێی ئەو سیستەمە بانكیە دواكەوتووەی لەعێراقدا هەیە، ئەمە جگە لەبوونی سەدان بانكو نوسینگەی حەواڵە، بۆیە تا ساڵانێكی دوورو درێژ وەبەرهێنانەكەی داعش دەمێنێتەوە”.
سەرچاوە:نیقاش