وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە پێی نوسراوی ژمارە (119908) رێكەوتی 9ی ئاب رێنمایی ژمارە 11ی تایبەت بە مەرج و رێنماییەكانی وەرگرتنی لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 بڵاوكردەوە.
بە پێی نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندكار مافی هەیە تەنها لە كۆلێژێكی حكومی یان تایبەت بخوێنێ، بۆیە دەبێ لەگەڵ هاتنەوەی ناوی لە هەفتەی یەكەمی ناو هاتنەوەكەدا یەكێكیان هەڵبژێرێ.
هەر لە نوسراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، خوازیار دەرچووی هەر ساڵێك بێت دەتوانێ داواكاری پێشكەشبكات و هیچ مەرجێك نییە لە وەرگرتنی تەمەن تەنها ئەو خوازیارانەی دەیانەوێ لە بەشی ئەندازیاری و پزیشكی بخوێنن نابێ تەمەنیان لە 35 ساڵ زیاتربێت.
لە رێنمایەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ، مەرجەكان بۆ وەرگرتن لە هەر بەشێك بۆ چوونە پێشبڕكێ بە گوێرەی تێكرای نمرە و چەند مەرجێك دیاریكراوە، هەروەك لە نوسراوی (4و 5 و 6 و 7 و 8 ) دا ئاماژەی پێكراوە.
لە رێنماییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەش بەوەكراوە، تەنها دەرچووانی ئەمساڵی لقی زانستی و ئەدەبی بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2016-2017) دەتوانن نمرە وەرگرن ئەویش بە چەند مەرجێك كە لە نوسراوی ژمارە 9و 10 ئاماژەی پێكراوە.
لە رێنماییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشخراوەتەڕوو، مەرجە ئەو قوتابیانەی كە فەرمانبەرن دەوامیان هاوكاتە لەگەڵ دەوامی كۆلێژ و پەیمانگاكان، مۆڵەتی خوێندن وەرگرن بە پێچەوانەوە لەكانی دەرچوونیان ئەگەر دەركەوت دەوامیان هاوكاتە لەگەڵ دەوامی كۆلێژ و پەیمانگاكان بڕوانامەكەیان لە لایەن وەزارەت پەسەند ناكرێت.
سەبارەت بە نرخی كرێی خوێندن لە رێنماییەكەدا ئاماژەبەوەكراوە، ساڵانە پێداچوونەوە بە كرێی خوێندن لەسەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێتەوە بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2013.
لە رێنماییەكەدا ئەوەش هاتووە ” ئەگەر لە خانەوادەیەك دوو قوتابی هەبوون چ خوشك و برا یان برا و برا و خوشك و خوشك یاخود ژن و مێرد و منداڵ لە یەک كاتدا قوتابی بوون لەو زانكۆیەـ ئەوا قوتابی یەكەم پارەی تەواو دەدات ئەویتریان نیوە، ئەگەریش 3 كەس بوون یەكەم و دووەم پارەی تەواو دەدەن سێهەم بە خۆرایی دەبێت، ئەگەر لە حاڵەتێك 4 یان زیاتر بن تەنها یەك قوتابی خوێندنەكەی بەخۆرایی دەبێت”.
ئەوەشی تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینی قوتابی ئاماژەبەوەكراوە، گواستنەوەی قوتابی لەو زانكۆ و پەیمانگایانە جگە لەوەی سنوردار دەبێت، پێویستیشە بەرەزامەندی هەردوو زانكۆ و پەیمانگاكە بێت كە قوتابیەكەی تێدا دەگوازرێتەوە لەگەڵ دیاریكردنی چەند مەرجێك كە لە نوسراوی ژمارە 16و 17دا هاتووە.
لە بەشێكی تری رێنماییەكەدا باس لە پلان و میكانیزمی ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلێژ و بەشەكان دیاریكراوە بە پێی چەند مەرجێك كە لە نوسراوەی ژمارە 18 و 19 ئاماژەی پێكراوە.
لەو رێنماییە نوێیەدا ئەوەش رونكراوەتەوە، ئەو بەشانەی تەنها دەرچووی ئامادەییەكانی تێدا وەردەگیرێت پێویستە لە كۆی پلانی وەرگرتن 90% بۆ دەرچووانی ئەمساڵ بێت، 10% بۆ دەرچووانی ساڵانی پێشووبێت. هەرچی بەشی پزیشكی ددانە 5% بۆ دەرچووانی دەرەوەی هەرێم دەبێت بە مەرجێ كۆنمرەیان بەزرتر بێت لە ناوەوەی هەرێم.
لە رێنماییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پلانی وەرگرتنی یەكەمەكانی پەیمانگاكان لە بەشی هاوشێوەكانی زانكۆ تایبەتەكان دیاربكراوە بەوەی دەبێ ئەو قوتابیە لارینەبوونی زانكۆیەك بهێنێ و كۆنمرەكانیشی لە ساڵی یەكەم لە پلەی زۆرباشە كەمتر نەبێت.
ئەوەی تایبەت بێت بە یەكەمی پەیمانگا تەكنیكیەكان، لە رێنماییەكەدا هاتووە “لە كاتی وەرگرتنی یەكەمی سەر ئاستی بەش لە پەیمانگاكە لە بەشی هاوشێوە لە زانكۆ تایبەتەكان ئەوا قوتابی و خوێندكاری سوودمەند لە كرێی خوێندنی ساڵی دووەمی پەیمانگا دەبەخشرێ”.
بە پێی رێنماییە نوێكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوتابی و خوێندكاری نابینا و خاوەن پێداویستیش بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن لەگەڵ دابینكردنی شوێنی خوێندن و هۆڵ و تاقیگەی تایبەت بۆیان.