بۆ پەیوەندیکردن بە ئینتەرنێتەوە چەند ڕێگایەکی سەرەکی بوونیان هەیە وەکو پەیوەندی برۆدباند (Broadband) و فایبەر ئۆپتیک (Fiber Optic) و سەتەلایت. وادیارە ڕێکخراوی چەکدارى داعش پشتی بە ڕێگای سێیەم بەستووە کە زیاتر لە شوێنە دوور دەستەکاندا بەکاردەهێنرێت.
هیچ ڕێکخراوێکی چەکداری لە جیهاندا نەیتوانیوە لە ئینتەرنێتدا هاوشێوەی داعش خۆی بنوێنێت و بە مارکێتینگی بەهێز ئەندامی نوێ کۆبکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەم گروپە لە شوێنێکدان خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن تیایدا لەناوچوون و تێکشکێنراون.
کەواتە داعش چۆن دەستی دەگاتە ئینتەرنێت؟ چۆن پەیوەندییەکانی ڕێکدەخات؟ ماڵپەڕی شپیگڵی ئەڵمانی وەڵامی ئەم پرسیارە بە مایەی کێشە و گومان دەزانێت بۆ ئەوروپا.
ماڵپەڕەکە لە هەواڵێکیدا بە درێژی باس لە فرۆشتنی خرمەتگوزاری ئینتەرنێت دەکات لە ڕێگەی سەتەلایتەکانەوە و بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دادەنێت کە داعش پشتی پێ دەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی.
بەپێی ماڵپەڕەکە لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ زیاتر لە شەش هەزار سەحنی سەتەلایت هاوردەی تورکیا کراون ئەمەش لە کاتێکدا کە ژمارەی بەشداربووانی ئەو خزمەتگوزارییە تەنها بە بڕی ٥٠٠ بەشداربوو زیادی کردووە لە چاو ساڵی پاردا، واتە زۆربەی ئەو دەفرانەی هاوردەکراون دووبارە ڕەوانەی شوێنی دیکە کراون و بە پێی ماڵپەڕی شپیگڵ ڕەوانەی سووریا کراون.
زۆری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بەڕێگەکانی دیکە و هەرزانی نرخەکەی لە تورکیا، هاوکات کەمی ئەو خزمەتگوزارییە لە سووریا و داواکاری زۆر لەسەری هۆکارێکن بۆ ئەوەی کە ئەم بازاڕە ڕووی لە سووریا کردووە. بەجۆرێک کە بەپێی ماڵپەڕەکە دووان لە بازرگانەکانی شارۆچکەی ئەنتاکیا کە دەکەوێتە پارێزگای هاتای لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا هەریەکەیدان زیاتر لە ٢٥٠٠ بەشداربووی سوورییان تۆمارکردووە و بازرگانییەکەیان بە ١٠٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەریەک لە ئیوتێلساتی فەرەنسی (Eutelsat) و ئاڤانتی ئەڵمانی (Avanti) کە گەورە کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری سەتەلایتن زانیاری ناڕوونیان داوەتە ماڵپەڕی شپیگل. بەجۆرێک کە ئیوتێل سات ڕەتی کردووەتەوە ئاگاداری شوێنی بەکارهاتنی هەموو سەتەلایتەکانی بێت لە جیهاندا و هۆکارەکەی بۆ گەڕۆکی خزمەتگوزارییەکە گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئڤانتی ڕەتی کردووەتەوە کە هیچکام لە بەکارهێنەرەکانیان لە سووریا بێت.
ماڵپەڕەکە گومانی لە ڕاستی قسەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە هەیە و دەڵێت دامەزراندنی دەفری سەتەلایتەکان پێویستی بە زانیاری وورد هەیە و دەبێت بەتەواوی لەگەڵ ژمارەکانی درێژی و پانیدا بگونجێت بۆ ئەوەی بەباشی کاربکەن. واتە کۆمپانیاکان دەتوانن لەڕێگەی سیستمەکانیانەوە (GPS) شوێنی تەواوی هەموو بەکارهێنەرەکانیان بزانن.
تێچووی دروستکردن و ناردنی کەشتی ئاسمانی نزیکەی ٤٣٥ ملیۆن دۆلار دەبێت و دەتوانێت تەنها بۆ ماوەی ١٥ ساڵ کاربکات. واتە بزنسی سەتەلایتەکان و بەڕێوەبردنیان کارێکی قورسە و کۆمپانیاکان ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بەشداربووەکانیان بن، بەڵام ماڵپەڕەکە دەپرسێت ئایا ئەمە دەبێتە پاساو بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکرێت لەوەی ژێرخانی ئەلیکترۆنی بۆ گروپێکی وەکو داعش دابین بکرێت؟
لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە بنکەی پەیوەستکردنی کێبڵەکانی ئینتەرنێت بە سەتەلایتەکانەوە دەکەوێتە هەریەک لە ووڵاتانی قوبرس (بۆ سەتەلایتی ئاڤانتی) و ئیتاڵیا (بۆ ئیوتێل سات). واتە هەموو ئەو زانیارییانەی کە لە ئینتەرنێتدا داوادەکرێن و وەدەست دەخرێن بەو شوێنانەدا تێپەڕدەبن. تۆ بڵێی ئەوان ئاگاداری ئەو زانیارییانە نەبن کە گروپی چەکداری داعش ماوەی چوارساڵە لەو ڕێگەیەوە دەیگوازنەوە؟
ئایا ئەوان بە دەست ئەنقەست پەیوەندییەکانی ئەو گروپەیان نەپچڕاندووە یان دەیانەوێت ئاگاداری ئەو زانیارییانە بن کە داعش لەماوەی گەشەسەندن و بەهێزبوونیدا گواستوویانەتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش ماڵپەڕی شپیگڵ پەیوەندی بە دەزگای زانیاری هەریەک لەو دوو کۆمپانیایە کردووە، بەڵام هیچکامیان وەڵامیان نەداوەتەوە.
لە کۆتاییدا ماڵپەڕەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە حکومەتی فەرەنسا خاوەنی نزیکەی لەسەدا ٢٦ لە پشکی کۆمپانیای سەتەلایتەکەیەتی و دەپرسێت ئایا لەدوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی پاریس و ئاشکرابوونی ئەم زانیارییانە حکومەتی فەرەنسا چی هەڵوەستێکی دەبێت؟
سەرچاوە: دێر شپیگڵ