لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ بەهۆی تانەو تەشەرەوە کوڕان‌و کچانی زانکۆکان هاوڕێیەتی یەک ناکەن

بەهۆی تانەو تەشەرەوە کوڕان‌و کچانی زانکۆکان هاوڕێیەتی یەک ناکەن

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

zankozankooخوێندکارانی زانکۆ بەنیگەرانییەوە لەپەیوەندییە هاوڕێیەتییەکانی نێو زانکۆکان دەڕوانن کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، لەبارەی هاوڕێیەتی کوڕان‌و کچانیشەوە لەزانکۆکان ئەوان لەبەر قسەی کۆمەڵگاو تانەو تەشەر سڵ لەهاوڕێیەتی رەگەزی بەرانبەر دەکەنەوە.

ئا: تەلار حیکمەت

قۆناغی زانکۆ بەیەکێک لەقۆناغە هەستیارەکانی ژیانی گەنجانی ئێمە دادەنرێت، جگە لەبەها مەعریفییەکە کە خوێندکار لەو قۆناغە تایبەتمەندی وەردەگرێت، هاوکات لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گەنجان پێ دەنێنە قۆناغێکی دیکەوە بەهەڵکشانی تەمەن‌و تێکەڵبونی رەگەزەکان.

کاتێک لەزاری خۆیانەوە پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان خوێندکارانی زانکۆ دەبیستیت، ئەوا باس لەچەندین کێشەو بەربەست دەکەن.

عومەر محەمەدی تەمەن 25 ساڵ، خوێندکاری یەکێک لەزانکۆ ئەهلییەکانی کوردستانە رەشبینانە لەبابەتی هاوڕێیەتی لەنێو زانکۆکاندا دەڕوانێت‌و دەڵێت “راستە هاوڕێیەتی لەزانكۆدا بونی هەیە، بەڵام بەداخەوە هاوڕێیەتی لەئێستادا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماوەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كام خوێندكار زیرەكتر بێت هاوڕێیەتی زیاتر دەكرێت، چونكە دەیانەوێت بەهۆی ئەوەوە نمرەی بەرز تۆمار بكەن‌و دەربچن”.

هەروەها دەشڵێت “باری ئابوری كەسەكەش كاریگەری زۆری هەیە جگە لەوەی كە خوێندكارەكە خۆی بەكەسێكی گرنگ دەزانێ تا چواردەوری ستایشی بكەن‌و بەزیرەك‌و گرنگ ناوی بهێنن”.

هەروەها ئەو خوێندكارە ئەوەشی نەشاردەوە كە مامۆستاكانیش ئەو جیاوازیە دروست دەکەن “چونكە ئەو كەسەی لەڕوی مادیەوە بەرز بێت مامۆستا زیاتر گوێی بۆ دەگرێت، بەڵام هەندێكیشیان باشن‌و بەیەك چاو سەیری خوێندكاران دەكەن”.

لەبارەی هاوڕێیەتی نێوان کوڕو کچەوە لەزانکۆ، ئەو خوێندکارە وتی “ئێمە وەك خوێندكارێكی كوڕ ناتوانین هاوڕێیەتی كچ بكەین بەهۆی تانەو تەشەری كومەڵگاوە”.

خوێندکارێکی دیکە بەناوی وەلید باس لەکێشەکەی دیکەی هاوڕێیەتی لەزانکۆکاندا دەکات، ئەویش بابەتی خزم خزمێنەیە لەنێوان خوێندكارو مامۆستادا لەگەڵ دروستبونی گروپ‌و کوتلە لەنێوان خوێندكاران‌و هاوكاری نەكردنی یەكتری “زانكۆی حكومی باشترە لەئەهلی چونكە ئەهلی دەتوانن بەپارە بەرزترین شت بكەن”.

هەروەها لەبارەی پەیوەندی هاوڕێیەتی کچ‌و کوڕیشەوە ئەو پەیوەندییە بۆ لایەنی ماددی‌و بەرژەوەندی دەگەڕێنێتەوە “هاوڕێیەتی كچ‌و كوڕیش تا ئاستێك باش نیە ئەویش بەهۆی بەهۆی كۆمەڵگاوەیە”.

سۆزان کچێکی تەمەن 22 ساڵەو خوێندکاری زانکۆیە، ئەویش نێگەتیڤانە لەبارەی هاوڕێیەتی کچ‌و کوڕ لەزانکۆ دەڕوانێت‌و باس لەوە دەکات کە “بەهۆی توانج ناتوانین هاوڕێیەتی كوڕ بكەین چونكە دەبێتە كێشە بۆمان، كچ بۆ كچ باشترە بەڵام كوڕ بۆ كچ باش نیە بەداخەوە چونكە چەندین كێشە لەگەڵ خۆی دەهێنێت”.

توێژەرێكی دەرونی پێی وایە كە پەیوەندی هاوڕێیەتی بەهەمو جۆرەكانییەوە یاخود نەمانی دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی مانای هاوڕێیەتی یاخود نەمانی پەیوەست بون بەیەكترەوە.

ئاراس ناسر، خاوەنی ماستەر لەدەرونناسی وەكو توێژەرێك لەبارەی هۆکاری لاوازبونی هاوڕێیەتی لەزانکۆکاندا بەئاوێنەی راگەیاند “پەروەردەكردنی هەڵەی خێزان، هەروەها دەشگەڕێتەوە بۆ هۆی دەرونی بۆنمونە ئەو كەسانەی كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوڕێیەتی یەكتر دەكەن، ئەمەش هۆكاری دەرونیی تاكە كەسییە چونكە بەهۆیەوە هەست بەنائارامی دەكەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە كە مانای هاوڕێیەتی بەشێوەیەكی بەرز شیبكرێتەوەو رونبكرێتەوە هەروەها بەپلەی یەك پەروەردەی خێزانەكان بۆ منداڵەكانیان”.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە