ئاوێزان نوری كچه شاعیری كه‌ركوك، یه‌كێكه له‌و شاعیرانەی ساڵانێكه سه‌رقاڵی شیعر نوسینه، ئه‌و هه‌ر له‌دنیای شیعردا خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵكو یه‌كێكه له‌چالاكوانه‌كانی شاری كه‌ركوك بۆ مافی ئافره‌تان، ئه‌و پێی وایه ئه‌گه‌ر ئافره‌ت شاعیر بێت‌و به‌هێز نه‌بێت خۆی له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌مو زوڵمه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا ناگرێت‌و ده‌بێت به‌ر له‌شاعیر بون به‌هێزو به‌توانا بێت.
ئاوێزان وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه له‌ساڵی 1981 له‌شاری كه‌ركوك له‌دایك بوه، له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌وه خولیای شیعر نوسینی هه‌بوه‌و باوكی به‌شیعری شاعیرانی گه‌وره‌ی كوردی ناساندوه، ده‌ڵێت “خولیای شیعر نوسینم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌مه‌نی پێنج ساڵی باوكم له‌رێی دیوانه‌كانی نالی‌و مه‌حوی‌و گۆران‌و سالم، له‌ڕێی كتێبخانه بچوكه‌كه‌یه‌وه فێری نوسین‌و خوێندنه‌وه‌ی كردم”.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس په‌یامی شاعیربونی داوه به‌ئاوێزان نوری، هاوڕێیه‌كی هۆنراوه‌كانی ئاوێزانی بۆ بردوه، ئه‌ویش مژده‌ی شاعیر بونی داوه‌تێ، ئاوێزان وتی “له‌ساڵی 2002 هاوڕێیه‌كه‌م شیعره‌كانی بردم بۆ مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، ئه‌ویش شه‌ن‌و كه‌وی ده‌كردن‌و پاش هه‌ڵسه‌گاندن مژده‌ی شاعیربونی دامێ، دایكیشم هاوشێوه‌ی مامۆستا موده‌ڕیس پاڵپشتم بوه بۆ شاعیربونم”.
ئاوێزان خاوه‌نی چوار به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه، سیان له‌وانه شیعرن‌و رۆمانێكیشی نوسیوه به‌ناوی نامه‌كانی نامۆ، له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه ئاوێزانیش ئازاد بوه له‌شیعر نوسین، به‌جۆرێك هه‌ریه‌ك له(پیاسه‌یه‌ك به‌كوچه‌كانی قه‌ده‌ر)و (به‌رسیله عه‌شقێك بۆ خودا)و (له‌جه‌سته‌ی گه‌ڵایه‌كدا ده‌مرم) بونه به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی ئاوێزان‌و كه‌وتنه به‌ردیده‌ی خوێنه‌رانی.
ئاوێزان كۆمه‌ڵگای كوردی به‌كۆمه‌ڵگایه‌كی قورس‌و گران ده‌زانێت بۆ ئافره‌تان، نه‌ك ته‌نها بۆ شاعیره‌كان به‌ڵكو بۆ ته‌واوی ئافره‌تان، وه‌ك خۆی وتی “له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ژیان‌و گوزه‌ران بۆ ئافره‌تان قورسه نه‌ك بۆ شاعیره ئافره‌ته‌كان، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت كه‌سێكی به‌هێزو خۆڕاگر نه‌بێت به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌مو زوڵمه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی ناگرێت”.
به‌لای ئاوێزان نورییه‌وه ئه‌گه‌ر زانیت نوسینه‌كانت هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و دواوه ده‌نێت واز له‌نوسین‌و شیعر بهێنرێت باشتره، زۆر‌و بۆری بۆ هیچ كارێك باش نیه‌و ئاكامه‌كه‌ی دواكه‌وتنه له‌كۆمه‌ڵگاو پیشه‌كه‌ی، ئه‌و ده‌ڵێت تاخوێنی گه‌رم بێت له‌ده‌ماره‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌نوسینی جوان‌و پێشكه‌شی خوێنه‌رانی ده‌كات، به‌ڵام هه‌ركاتێك زانی ده‌قه‌كانی له‌وانه‌ی پێشوتر جوان نیه، له‌نوسین ده‌گه‌ڕێته دواوه، چونكه زۆر‌و بۆری به‌لاوه باش نیه.
ئاوێزان ته‌نها له‌بواری شیعر نوسین خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵكو داواكردنی ماف‌و به‌دیهێنانی بۆ ئافره‌تان یه‌كێكی تره له‌كاره‌كانی‌و هاوشانی شیعر به‌رده‌وامی هه‌یه، ئه‌و وتی “دوای ئه‌وه‌ی بۆم ده‌ركه‌وت ته‌نها شیعر نوسین به‌س نیه بۆ بانگه‌شه‌ی ئازادی خود‌و به‌دیهێنانی مافه‌كانی ئافره‌تان، له‌ساڵی 2004ه‌وه تائێستا سه‌رقاڵی خزمه‌تكردنم به‌دۆزی ژنان، به‌تایبه‌تی كه سه‌نته‌ری په‌نا بوه مۆڵگه‌ی كاره‌كانم بۆ ئافره‌تان‌و چه‌ندین پرۆژه‌م بۆ خزمه‌تكردنی ئافره‌تان خستۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه”.
كه‌ركوك به‌لای ئاوێزانه‌وه شوێنێكی پیرۆزه، هه‌میشه‌ش به‌ژنه شاعیره كه‌ركوكییه‌كه ناسراوه، ئه‌و له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ی ئاوێنه وتی “له‌ئامێزی كه‌ركوكدا گه‌وره بوم، گه‌رموگوڕیی شاره‌كه‌م له‌ناخمدا حه‌شارداوه، كه‌ركوكچێتی ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌توانامدا بێت بۆ كه‌ركوك ده‌یكه‌م”.