ئەندامی ستافی مافی مرۆڤی یو ئێن:
دەتوانی ژیانی خۆت بگۆڕی بۆ ئەوەی هاوکاری ئەوانی تر بکەی تا بگۆڕێن
جەمیلە مەهدی هاوڵاتیێکی عێراقییە، کە لە ڕابردوودا پەنابەر بووە. لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا زەواجی کردوو و مافی خوێندنی لێ ستێندرا، بەڵام هێشتاکە ئەو نەخشەی هەبوو بۆ سەرکەوتن، جەمیلە لە تەمەنی پێگەیشتوویی بڕوانامەی دیبلۆمای تەواوکردنی دواناوەندی بەدەست هێنا، دوای ئەوەش دوو بڕوانامەی زانکۆی بەدەست هێنا، ئێستاکە ئەو کاردەکات وەک ئۆفیسەری مافی مرۆڤ لە عێراق،بۆ مافی مرۆڤی یو ئێن.
ئەوە چیرۆکەکەیەتی:
من لە کامپی پەنابەران لە شاری سنە لە دایک بووم، لە ئێران. لەنێو کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا، لە ماڵێکی پڕ لە کێشمە کێشم و توندوتیژی ژیانم دەستی
پێ کرد.
کاتێک تەمەنم سێزدە ساڵ بوو، لە شاری موسل لە عێراق دەژیام، باوکم منی نارد بۆ ئەوەی شو بە یەکێک لە خزمەکانی بکەم لە لادێدا، تازە پۆلی شەشی سەرەتاییم تەواو کردبوو.
لەوێدا، لە لادێدا، ژیانێکی دۆزەخیانە بۆ من دەستی پێ کرد، لە پڕێکدا کرام بە کۆیلەیەک و جوتیارێک، بێبەش بووم لە ئارامی منداڵی و مافە بنەڕەتییەکانم وەک مرۆڤێک.
دوازدە ساڵم بەسەر برد بە چەوساندنەوە و ژینکردن لەنێو هەژاریێکی تونددا، وەکو جوتیارێک کارم دەکرد، ئاژەڵە ماڵییەکان بەخێو دەکرد. ئەو ساتانەی کە دووگیان دەبووم و منداڵم دەبوو، تەنها بوون و گرنگیم پێ نەدەدرا و مایەی بایەخ نەبووم. هەر چوار منداڵەکەمم گەورە کرد. کە زۆر بە دەگمەن دەمبینین، چونکە بەر لە خۆرهەڵاتن دەڕۆیشتم و دوای خۆر ئاوابوون دەگەڕامەوە، خواردنی ئێوارە و ڕۆژی داهاتووم بۆ ئامادە دەکردن.
هەتا ئەو ڕۆژەی، کە ئیتر تەواو تێکشکام!
لەو ساتەدا، کە تەمەنم بیست و سێ ساڵ بوو، بڕیارم دا کە بگەڕێمەوە بۆ خوێندن و بڕوانامەی ئامادەیی بەدەست بێنم، هاوسەرەکەم پشتیوانم نەبوو ، بۆیە هەموو ئامرازەکانی ئیقناع کردنم بەکارهێنا، تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیشم دا، بەڵام هەوڵەکانم سەرکەوتوو نەبوون، لە کۆتاییدا، ترسی ئەوەش کە ڕەنگە جێی بهێڵم، هاوسەرەکەم ڕەزامەندی نیشاندا منیش خۆم لە قوتابخانە تۆمارکردەوە، براکەم لە خۆ تۆمارکردن هاوکاری کردم.
گەشتی خوێندنم ، لە ڕێگای خوێندنی دەرەکییەوە لە ماڵەوە، دەستی پێ کرد، دواتر لە موسڵدا تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندیم لەپاڵ خوێندکاران ئەنجامدا، تێیدا سەرکەوتوو بووم.
بەندێکی تازە لە ژیانی من دەستی پێ کرد.
دواناوەندیشن بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، دواتر ڕۆشتینە شار تا بتوانم خۆم لە زانکۆ تۆمار بکەم، لە بەشی زانستە سیاسییەکان. ئاسان نەبوو، هەموو ساڵەکە دەمخوێند، بە پلەی زۆرباش زانکۆم تەواو کرد.
لەپێناو ئەوەی منداڵەکانم پشتیوانی منداڵەکانم بم و خوێندن تەواو بکەن، لە سێکتەری تایبەت دەستم بە کارکردن کرد، لە شەواندا دەمخوێند و توانیم بڕوانامەی ماستەریش بەدەست بێنم.
لەگەڵ هاوسەرەکەم لە 2017 لەیەکتر جیا بووینەوە.
ئێستا بۆ مافی مرۆڤی یو ئێن کار دەکەم.
دەتوانی ژیانی خۆت بگۆڕی بۆ ئەوەی هاوکاری ئەوانی تر بکەی تا بگۆڕێن.
ئەوڕۆکە، من وەک ئۆفیسەری مافی مرۆڤ لە هەولێر ، لە ئۆفیسی یونامی، کار دەکەم. پیشەی من لە ئێستادا کاکردنە لەسەر چاودێری کردنی کەیسەکانی توندتیژی و پاراستنی مافی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی ململانێ چەکدارییەکان.
بۆچی ئەوەم هەڵبژارد؟ بڕوایێکی بەهێزم بەوە هەیە کە پێویستە هەولێکی زۆر بدرێ بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و هێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەناوبردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و چەوساندنەوە.
ئەوە گرنگە کە ئێمە پێوانەکانی توندوتیژی مافەکانی مرۆڤ دیاری دەکەین، ڕێگای کاریگەر دەگرینە بەر، لەپێناوی ئەوەی کە حکومەت و دەسەڵات لە مامەلە کردنی لەگەڵ تاوانباران، وابەستەی پێوانەکان بێت.
من خۆم یەکێکم لە کەمینەکان.
دەمێکە هەستم بە چەوسانەوە و جیاکاری کردووە لە دژی خەڵکی، بەتایبەت ئەوانەی کە سەر بە کەمینە ئاینییەکانن، پێویست بوو شتێک بکەم بۆ ئەوەی کۆمەلگا ڕۆشن بکەمەوە، کاریش بکەم بۆ ئەوەی کە ئامرازەکانی توندوتیژی بووەستێندرێن بە میتۆدگەلی ئاشتیانە. باوەڕم بە ڕێزگرتن لە شکۆی هەموو مرۆڤەکان هەیە، هەموو مرۆڤەکانیش مافیان هەیە.
ویستی کارکردنم لەو بوارەدا هەیە، بەردەوامیش دەبم، هەتاکو ئەوکاتەی کە توندوتیکی دژ بە مافەکانی مرۆڤ، نائارامی و نادادپەروەری، بوونی هەبێت.
خەون بە عێراقێکی بێ جیاکاری دەبینم.
عێراق ئەوڕۆکە، بۆ چەندان ساڵیشە، ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ دێتەوە.
هیوام وایە ڕۆژێک عێراق ببێ بە وڵاتێک کە تێیدا ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیروباوەڕ و ئازاده ئاینیی، ڕێزلێگیراوبێت. هیواخوازم عێراق لە ڕووی سیاسییەوە و لە ڕووی ئابووریەوە، جێگیر بێت، بۆ ئەوەی سەلامەت و پارێزراو بێت، خوێندەورای و خوێندنیش پێشکەوێت و ببوژێتەوە. خەو بە عێراقێکەوە دەبینم کە هاوڵاتیانی چێژێکی باڵا ببینن لە هەموو بوارەکاندا.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: مەزن.