خۆپیشاندان لە کاتێکدا کە مافێکی دانپێدانراوە لە دەستوری عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا. لە لایەکی تریشەوە پاراستنی خۆپیشاندەران ئەرکێکی دەستوری و مەدەنییە و دەبێت لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی ناوخۆوە بپارێزرێن، بەڵام سەرەڕای ئەم مافە دەستورییە و ئەو پێگە گرنگەش کە لە سیستمە دیموکراسیەکاندا ھەیەتی بەردەوام دەبینین کە دەسەڵاتە سیاسیەکانی ئەم ناوچەیە بە عێراق و کوردستانیشەوە ترسێکی گەورەیان لە خۆپیشاندان ھەیە. ئایا دەسەڵات بۆچی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەترسێت لە کاتێکدا کە نە توندوتیژی بەکاردەھێنن نە ھیچ ھۆکارێکی نامەدەنیانە دەگرنەبەر و نە ھەڕەشەی ڕوخانی دەسەڵاتیان کردووە؟
لە ڕاستیدا خۆپیشاندان ھۆکارێکی دیموکراسیە بۆ پاراستنی عەدالەت و دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی ھاوڵاتیان ، لەبەرئەوە سیستمێک کە لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی دروست نەبوبێت و پابەند نەبێت بە پاراستنی مافە مەدەنییەکان و بە بەردەوامی لە ھەڵبژاردنەکاندا تەزویری کردبێت و لە ڕێگەی گەندەڵییەکی ھەمەلایەنەوە سامانی نیشتمانی بە ھەدەر دابێت و ئەم دەسەڵاتە سیاسیە ناتوانێت خۆپیشاندان بە ئاسایی بزانێت و بە مافێکی دەستوری لە قەڵەمی بدات، چونکە خۆپیشاندانی جەماوەری کاتێک ڕودەدات کە مافەکانی ھاوڵاتی پێشێلدەکرێت و گەندەڵی پەرەدەسێنێت و دیموکراسی بەرەو ڕۆتین بوون دەڕوات.
خۆپیشاندەران کە دێنە سەرشەقام ئەو دروشمانەی کە بەرزی دەکەنەوە تەعبیر لە کەم و کوڕییەکانی حکومەت دەکات. حکومەتی دیموکراسی و چاک بەدەم خۆپیشاندەرانەوە دێت و گوێیان بۆ دەگرێت و ھەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات و داواکانیان بۆ جێبەجێ دەکات، بەڵام ئەگەر حکومەتێک توانای چاکسازی نەبێت و نەتوانێت ئەو داوایانە جێبەجێبکات، لە دواجاردا ڕێگەی چارەسەری ئەمنی و بەکارھێنانی توندوتیژی ھەڵدەبژێرێت. لەم ڕێگەیەشەوە دەیەوێت خۆپیشاندەران و گەل بێدەنگ بکات و درێژە بە ئاڕاستەی گەندەڵی و ناعەدالەتی بدات، بەمەش ئەو دەسەڵاتە دەرگا بە ڕووی دیموکراسیدا دادەخات و ھەنگاو بەرەو عەسکەرتاریەت و تاکڕەوی دەبات و دەیەوێت بەم ڕێگەیە درێژە مانەوەی خۆی بدات.
ھەرکاتێکیش دەسەڵات بەمجۆرە مامەڵەی کرد توڕەیی خەڵک زیاد دەکات و متمانەیان بەو دەسەڵاتە نامێنێت و پەنادەبەن بۆ ڕێگەچارەی تر و دواجار لە ڕێگەی ڕاپەڕینەوە ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوە و وڵات بەرەو وێرانی دەڕوات، ھەروەک لە ئەزمونەکانی سوریا و لیبیا و یەمەندا بینیمان، بەمەش نیشتمانێکی وێران و گەلێکی سەرگەردان دروست دەبێت.