داعش لە بەڵگەنامەی مەدینەدا دوای گرتنی موسڵ جگەرەی حەرام كرد، دەشڵێت پارەی جگەرە بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەچێت كە وڵاتەكانیان دژایەتی ئیسلام و موسڵمانان دەكەن و ئەوەیش بەهۆكارێك بۆ حەرامكردنی دەزانێت.
هێشتا كاتژمێرێك بەسەر هەڵاتنی لە”دۆزەخ”ەكەی داعش و كڕینەوەی گەنجێتییەكەی تێنەپەڕی بوو، بەڵام مژە قورسەكانی لەو جگەرەیەیەی لە نێوان پەنجەكانی گیر كردبوو لەتەك داگیرساندنی چەند جگەرەیەكی بەدوای یەك و لەسەر یەكتر دووكەڵ كردنە هەوا وای نیشان دەدا مستەفا دەمانێكە تامەزرۆی چیژی جگەرەكێشانێكە لە شوێنێكی گشتی یان قەرەباڵغی دوور لە چاوی تیژی جل رەشەكانی داعش كە دەیان جەڵدەیان بۆ هەر جگەرەكێشێك ئامادەیە ئەگەر ئاشكرا ببێت، مستەفا و چەندین هاوگوندیی لە سنووری نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و داعش لە خاڵی پشكنینی باقرت لە نزیك مەخموور كە 25 كیلۆمەترێك لە داعشەوە دوورە لەژێر تینی خۆری تەمووزدا لەم سنوورەی جگەرەی تێدا “حەرام” نەكراوە ئازادانە مژیان لەو جگەرانە دەدا كە یان هی خۆیان بوو یان لە كەسانی دیكەیان وەرگرتبوون.
مستەفا هێشتا 17 ساڵ تەمەنی هەیە، پێشتر دانیشتووی گوندی ئیمام غەربیی سەربە ناحیەی گەیارەیە (60 كیلۆمەتر باشووری موسڵ)، باس لە پێنج ساڵ دەكات كە جگەرەی تێدا دەكێشێت، بەڵام هەرگیز ئەو جەڵدانەی بیرناچێتەوە كە لەسەر دووكەڵی جگەرە لێیدراوە و ئازاری پێگەیاندووە و رۆژانێك بووە پشتی بە سۆندە ئەستوورەكانی چەكدارە بێ رەحمەكانی داعش خۆشە بووە، ئەو پێش ئەوەی وەكو جگەرەكێشێك قسە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ بكات و دەردەسەرییەكانی لەژێر قەڵەمڕەویی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە”داعش” بۆ ئێمە بگێڕێتەوە خاولییە تەڕە گوڵ گوڵییەكەی كرد بە دەمامك و دەموچاوی پێ شاردەوە تا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە نەناسرێتەوە، چوون بە قسەی خۆی” كەسوكارم لەژێر دەسەڵاتی داعش ماون، نامەوێ بناسرێمەوە و ستەم لەوان بكەن”.
مستەفا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: “جگەرەكێشان لە ژێر دەسەڵاتی داعش وەكو كێشان و بەكارهێنانی تلیاك و ماددەی بێ هۆشبەری دیكە وایە، چەكدارانی داعش هەر كەسێك ببینن بە ئاشكرا جگەرە دەكێشێت یان لێی ئاشكرا ببێت، یان كەسێك هەواڵ لەسەر جگەرەكێشان بدات ئەوا یەكسەر جگەرەكێشەكە رووبەڕووی سزای قورس دەكەنەوە گوایە حەرامێكی كردووە و دەبێت بە قورسی سزا بدرێت”.
سەبارەت بەو قوربانییەی لەپێناو سووتاندنی جگەرە و چێژ وەرگرتن لە دووكەڵ داویەتی باسی لەوە دەكرد كە هەرگیز بیری ناچێتەوە، دەشیگوت “من بۆخۆم چوار جار ئاشكرابووم جگەرە دەكێشم و پێیان زانییم، بۆیە جاری یەكەم 50 جەڵدە و جاری دووەم 30 جەڵدە و جاری سێیەم 40 جەڵدە و جاری چوارەمیش 60 جەڵدەیان لێ دام، هەموو ئەوانەش بە سۆندە ئەنجام دەدرا، واتە بە سۆندە لەسەر پشتیان دەدام و بەڵێنی وازهێنانییان لێ وەردەگرتم، بەڵام نەمدەتوانی جگەرە نەكێشم، جەڵدەكان هێندە قورس بوون بیرم ناچنەوە”.
سەبارەت بەدەستكەوتنی جگەرە و سەرچاوەكانی كڕینی لەژێر ئەو رێوشوێنە توندەی داعش بۆ بەرگرتن لە جگەرەكێشان گرتوویەتییەبەر و ئەو سزا قورسەی كە بۆ سەرپێچیكاران رایگەیاندووە مستەفا وتی: “لەژێر دەسەڵاتی داعش چەند جۆرە جگەرەیەك زیاتر رەواجی هەیە و دەفرۆشرێت كە ئەوانیش بە زۆرینە لە جۆرە زۆر باشەكان نیین، بەنموونە جگەرەی ئیكتیمار كە بە “ئەبوئەلبنت”یش ناسراوە، واتە رەسمی كچێكی بەسەرەوەیە زۆرتر بڵاوە، ئەو جگەرەیە لە موسڵەوە دەگاتە شوێنەكانی دیكەی پارێزگاكە، ئێمە لەلای چەند كەسێك دەمانكڕی كە نەدەبوو هەواڵییان لەسەر بدەین، چونكە سزای ئەوان قورستر بوو، لەگەڵ جەڵدەلێدان سزای داراییشیان بەسەر دەسەپێنرا، ئێمەی جگەرەكێش لەناو خۆماندا رێككەوتبووین كە لەلای كەس باسی نەكەین، چونكە چەكدارانی داعش بەوە بزانن تووشی كێشەمان دەكەن”.
ئەگەرچی جگەرە كێشان لە ئیسلامدا یەكێكە لەو بابەتانەی كە مشتومڕی زۆری زۆری لەسەرە و هێشتا فەتوای یەكلاییكەرەوە و جێی رەزامەندیی هەمووانی لەسەر بڵاونەبووەتەوە، بەڵام بە”مەكروه” واتە ناحەز دادەنرێت كە بەهۆی زیانی بۆ تەندروستی و دارایی مرۆڤەكانەوە وا دەكات لە حەرامكردنەوە نزیك ببێتەوە، بەڵام هێشتا زۆرێكیش لە زانایانی ئایینی پێیان وایە جگەرە كێشان ئەو گوناهە ناخاتە سەر مرۆڤ كە داعش باسی لێوەدەكات و مرۆڤ ئازادە لە كێشان یان نەكێشانی، دواجار زیانەكەی بە پلەی یەكەم بۆ خۆدی جگەرە كێشەكە دەگەڕێتەوە.
مستەفا لەگەڵ ئەوەیشدا بەدڵنیاییەوە باسی لەوەكرد كە خۆی زیاتر لە 20 چەكداری داعشی لە ناو گوندەكەی خۆی بەناوی ئیمام غەربی بینیوە كە جگەرەیان كێشاوە، بەڵام بە قسەی ئەو وەكو زۆر شتی دیكە بۆ خۆیان حەڵاڵ و بۆ خەڵك حەرامە، ئەو هەرزەكارە كە زۆر حەزی لەوەبوو جگەرەی جیاواز لەوەی “من دڵنیام لەوەی بەشێك لە چەكدارانی داعش بۆخۆشیان جگەرەكێشن و دەیكێشن، بەڵام بۆ ئێمە قبووڵیان نەدەكرد و رەنگە ئەگەر زۆر قسەمان كردبا بیانكوشتباین، نرخی هەر پاكەتێكیش جاری وا هەیە دەگاتە 10 هەزار دینار، واتە لەگەڵ ئەوەی گرانیشە، بەڵام هەر دەیكێشین”.
دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە”داعش” كە ئەبو بەكر بەغدادی بەخەلیفەی مسوڵمانان دەزانێت و بە یەكێك لە وەچەكانی پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد (د.خ) بێت دەزانێت لە پاش گرتنی موسڵ لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 بەڵگەنامەیەكی بەناوی “بەڵگەنامەی مەدینە”ەوە دەركرد كە هاوشێوەی دەستوورێكی بچووككراوە و بۆ راییكردنی كاروبارەكانی دەوڵەتەكەیان پشتی پێ دەبەستن، لەو بەڵگەنامەیە كە شوبهاندنە بە بەڵگەنامەی مەدەینەی سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام و 16 خاڵ لەخۆ دەگرێت و لە خاڵی هەشتەمدا كێشان و بەكارهێنانی جگەرە لە پاڵ خواردنەوە و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و مەی دا هاتووە و حەرام كراون.
لەو نامیلكەیەدا كە بەناونیشانی “تحریم التدخین و عاقبە المدخنین” دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش كە لەسەر حەرامكردنی جگەرەكێشان و سزای ئەوانەی جگەرە دەكێشن بڵاوی كردووەتەوە یەكێك لە هۆكارەكانی حەرامكردنی جگەرەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە پاڵپشتیكردنی كافران و بێ باوەڕانە لەڕووی ئابوورییەوە، چونكە وەكو هاتووە “زۆرینەی جۆری جگەرەكان لەلایەن ئەو كۆمپانیا بیانییانەوە بەرهەم دەهێنرێت كە هی وڵاتانێكن دژایەتی ئیسلام و موسڵمانان دەكەن، هەروەها جگەرەكێش بە”فاسق” و “ئەنجامدەری تاوان بە ئاشكرا” و شەهادەت هێنانیشی قبووڵكراو نییە و بۆ ئیمامەتكردنی موسڵمانانیش ناشێت.
رەزوان یەكێكی دیكە لەو ئاوارانەی كە لەگەڵ كاروانەكەی موستەفا و هاوگوندییەكانی دیكەی خۆیان گەیاندبووە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەو دەیگوت لەوەتەی داعش موسڵی گرتووە لە حوزەیرانی 2014 بەناچاری جگەرەیەكی دیكە دەكێشێت و باسی لەوە دەكرد دوو ساڵ دەبێت لەو جگەرەیە دابڕاوە كە پێش هاتنی داعش دەیكێشا.
رەزوان لە سییەكانی تەمەنییەتی و لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەیگوت “جگەرە یەكێكە لە قەدەغەكراوەكان لەلای داعش و من بۆ خۆم یەكجار لێم ئاشكرا بوو و 20 جەڵدەیان لێ دام”، وتیشی: “چەكدارانی داعش دەگەڕێن و لەناو گەنجاندا هەندێك جار لەڕێگەی بۆنكردنی دەمی گەنجانەوە دەزانن كێ جگەرە دەكێشێت، جگە لە جگەرە نەرگیلە كێشان هەر زۆر ئەستەم بووە و دەستكەوتنی پێویستییەكانی زۆر ئەستەمە، بۆیە نەرگیلە كێشان زۆر زۆر لە جگەرە كێشان قورسترە”.
بەدەم قسەكردنەوە رەزوان لەپێش كامێرای ئەنادۆڵ جگەرەكەی بەدەستەوە بوو و باسی تامەزرۆیی بۆ جگەرە تایبەتەكەی خۆی دەكرد، ئەو دەشیگوت “زۆر جار چەكدارانی داعش بۆخۆیان چرووت دەكێشن لە وێنەی ئەوەی عودەی كوڕی سەدام حوسێن دەیكێشا”. ئەو دەشیگوت ” جگەرە سەرچاوەیەكی زۆر باشی داهاتە بۆ خودی داعش و ئەوەیشی بڵاوی دەكەنەوە گوایە جگەرە دەسووتێنن بۆ پاساو هێنانەوە و شاردنەوەی راستییەكانە، چونكە خۆیان بازرگانیی بەجگەرەوە دەكەن”.
رەزوان لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ئەنادۆڵ وتیشی: “دوای هاتنی داعش و نەبوونی كار و بڵاوبوونەوەی گرانی و نەبوونی كار زۆرێك لەو گەنجانەی پێشتر جگەرەیان نەدەكێشا دەستیان دایە جگەرەكێشان و زۆرێكیشیان تووشی خەمۆكی بوون و چاوەڕوانی رۆژی رزگاربوونیانن لەدەستی داعش”.