6
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانە دەستپێکردووە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی و ڕادەی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بە ناڕوونی ماوەتەوە و هێمای پرسیاری زۆری لەسەرە.
ئاراستەی هەڵمەتەکە و نیگەرانیی پێکهاتەکان
زۆربەی ئەو بەرپرسانەی تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەستگیرکراون، سەر بە پێکهاتەی عەرەبی سونەن و ژمارەیەک بەرپرسی وەسەتی شیعەشیان تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای شیعە لە ڕووی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە، ئەگەر لە سونەکان زیاتر نەبن، کەمتر نین.
لەنێو دەستگیرکراوەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، موسەنا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی تێدایە، سەرۆکی یەکێک لە هێزە گەورەکانی سونە.
پێدەچێت محەمەد حەلبوسی دڵخۆش بێت بە دەستگیرکردنی سامەرائی نەیاری، بەڵام ترسی لەوەش هەیە پریشکی ئاگرەکە بگات بەخۆی، چونکە سونە بەهێز بووە و ئەمە پێچەوانەی ستراتیژییەتی شیعەیە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی جموجۆڵ و ناڕەزایەتی لە نێو بەشێک لە پێکهاتەی سونەدا، کە دەپرسن: “بۆچی تۆڕەکەی زەیدی تەنها ئەوان دەکاتە ئامانج و پێکهاتەکانی تر ناگرێتەوە؟” لەم چوارچێوەیەشدا سونەکان نیگەرانیی خۆیان گەیاندووەتە لایەنە سەرەکییەکانی شیعە. چاودێران پێیان وایە ئەگەر زەیدی دەست بۆ بەرپرسانی باڵای شیعە و تەنانەت کوردیش نەبات، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە و شەرعیەتی هەنگاوەکانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
باڵادەستیی هێزە شیعەکان و پارەی حزبی
بەرپرسە تۆمەتبارەکانی پێکهاتەی شیعە، سەرجەمیان کەسایەتیی باڵادەستن لەناو حزبەکانیاندا. بەشێکی زۆری ئەو پارانەی لە ڕێگەی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، بۆ بودجەی حزبەکان ڕۆیشتوون، لە پاڵ ئەوەشدا خۆیان لە سایەی حزبەکانیاندا بوونەتە خاوەنی دەیان و بگرە سەدان ملیار دینار.
بژاردە و تەحەددییەکانی بەردەم زەیدی
لە ئێستادا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و تەنها سێ بژاردەی لەبەردەمدایە:
بژاردەی یەکەم: دەستبردن بۆ بەرپرسە باڵاکانی شیعە، ڕووبەڕوبوونەوەی هێزە سیاسییەکان و بەردەوامیدان بە پرۆسەکە.
بژاردەی دووەم: ڕاگرتنی هەڵمەتەکە و قبوڵکردنی شکست.
بژاردەی سێیەم: دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی پلە ناوەند بە چاوپۆشی و ڕێککەوتنی لایەنە شیعەکان، تەنها بۆ بەخشینی شەرعیەت بە هەڵمەتەکە.
هاوکێشەی متمانە و پێکدادان
ئەگەر زەیدی هەڵمەتەکەی فراوان بکات و لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاراندا جدی بێت، متمانەیەکی گەورەی شەقامی عێراقی بەدەستدەهێنێت، بەڵام دووچاری پێکدادانێکی قورس دەبێت لەگەڵ هێزە شیعەکاندا. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر تەنها سونەکان بکاتە ئامانج یان پاشەکشە بکات، متمانەی جەماوەری بە تەواوی لەدەستدەدات.
شەقامی عێراقی هێندە رق ئەستوورن بەرامبەر بەرپرس و حزبەکان کە وایدەبینن ئەوان خوڵقێنەری دۆخی خراپی عێراقن، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی بەرپرسان تەواو دڵخۆشی کردوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی ئەنجامن.
سەرچاوە:پەنجەرە