نور عادل كچێكە تەمەنی نزیكەی ساڵێكە، بەڵام لەناو كۆمەڵگەكەشیدا كەسایەتییەكی خوازراو نیە، ئەم كچە منداڵی ژنێكە بەناوی وەفا كەخەڵكی گوندێكی نزیك شاری تكریتەو عادل كەباوكی نورە جوتیارێكی نزیك شارۆچكەی حەویجەیە .
دوای ئەوەی شاری تكریت لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە (داعش) دەستی بەسەردا گیرا، هەڕەشەی كوشتنیان لەهەمو پیاوانی ناوچەكە كرد، بۆیە خێزانی وەفا ناچاربون ناوچەكە جێبهێڵن و ڕۆیشتنە شارۆچكەی حەویجە كەخزمیان لەوێ هەبوەو داڵدەیان داون .
وەفا بە ماڵپەڕی نیقاشی راگەیاندوە:”چەند مانگێكی كەم دواتر حەویجەش لەلایەن داعشەوە داگیراو، منیش شوم بەعادل كردو لەدادگایەكی دەوڵەتی ئیسلامی مارە كراین و دواتر كچێكمان بو ناومان نا نور”.
دەشڵێت:”عادل كەسێكی زۆر دیندارو هێمن بو، پێش ئەوەی پەیوەندی بكات بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە، كاری كشتوكاڵی دەكرد، لێی پاڕامەوە كەنەچێت بەڵام ڕۆیشت و من و كچەكەمی بەجێهشێت و دوای چەند مانگێكی كەم لەهاوسەرگیرییمان پێموترا كە عادل لەبێجییە، دواتر هەندێ خەڵكی تر پێیان وتم كە لەڕومادییە، ئێستاش هیچ زانیارییەكم نییە كە لەكوێیەو هەرگیز تەلەفۆنیشی نەكردوە”.
دوای وەدەرنانی داعش لەتكریت، وەفاو خێزانەكەی گەڕانەوە بۆ گوندەكەی خۆیان، ئێستا كێشەی وەفا منداڵەكەیەتی، چونكە وەفاو عادل لەدادگایەكی دەوڵەتی ئیسلامی مارەكراون و نور هیچ بەڵگەنامەیەكی ناسنامەی عیراقی نییەو بەڵگەنامەی ڕەسمی هاوسەرگیریشیان نیە لەلایەن حكومەتی عیراق و ناوی نور لە هیچ شوێنێكی ڕەسمی تۆمارنەكراوە .
وەفا دەڵێت:”هاوڕێ و دراوسێ و هەندێك لەكەس و كارەكەم نازانن كەمن هاوسەرگیریم كردوەو خۆشم ناتوانم بیسەلمێنم كەمنداڵەكەم شەرعییە، بۆیە ئێستا لەوە بێزارم كەخەڵكی گوندەكەم ڕێزم لێناگرت و قسە لەگەڵ خۆم و نوریش ناكەن و خەڵكی ناوچەكەشم بەكچەكەم دەڵێن منداڵی حەرام یان منداڵی تیرۆرو دڵنیاشم لەداهاتودا ژیانی زۆر تاڵ دەبێت لەبەر تانە لێدان”.
لەلایەكی تریشەوە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كەوەزارەتی ناوخۆی عیراق كردویەتی دەركەوتوە نزیكەی سێیەكی ئەو كچ و ژنانەی لەتەمەنی هاوسەرگیریدان و لەناوچەكانی ژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامیدان، بەزۆر هاوسەرگیرییان لەگەڵ چەكدارانی داعش پێكراوە كەزۆربەشیان عیراقی نین .
ئەو ناوچانەی ئەم لێكۆڵینەوەی تێداكراوە بریتین لەناوچەكانی سەڵاحەدین و كەركوك و دیالەو ئەنبارو هەوڵیشدراوە هاندەری ئەو هاوسەرگیریانە بدۆزنەوەو باسیان لەوەكردوە كەهۆكاری ئاینی و ئایدۆلۆجی ڕۆڵیان هەبوە لەوەی ژنان هانبدات ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بكەن.
هۆكارێكی تریش ئەوە بوە كەژمارەیەك لەبێوەژنان و ژنانی تر لەوانەی شویان بە چەكدارانی داعش كردوە، بۆیە ئەو هاوسەرگیرییەشیان ئەنجامداوە كەپێیان وابوە هەلی هاوسەرگیرییان لەگەڵ كەسانی تردا نەبووەو نەبونی سیستمی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەعیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجار وا لە بێوەژن دەكات بیر لەوە بكاتەوە هەر چۆنێك بێت شو بكاتەوە تەنها بۆ ئەوەی پارێزگاری لەژیانیان بكەن.
لێكۆڵینەوەكە پێی وایە لەنێوان 250 بۆ 300 منداڵ لەعیراق هەن كە لەسایەی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەچنە خانەی ئەوانەی پێیان دەوترێت منداڵی تیرۆر یان منداڵی ناشەرعی .
مەحجوب منداڵێكی كوڕی هاوشێوەی نورە، بەڵام كەمێك بەختی لەو باشترە، بەڵگەنامەیەكی ڕەسمی هەیە كەدەڵێت لەسەنتەرێكی تەندروستی دەرەوەی تكریت، ڤاكسینی لەدژی نەخۆشی سیل پێدراوە، ئەمە تەنها بەڵگەنامەی ئەو منداڵە شیرخۆرەیە، بەڵام سەرباری ئەو بەڵگەنامەیەش مەحجوب مافی چاودێری تەندروستی و چونە قوتابخانەو ناسنامەی پێنەدراوە.
باوكی مەحجوب چەكدارێكی داعش بوە و چەند مانگێك لەمەوبەر لەبێجی كوژراوە، بەڵام دایكی تائێستاش لەباشوری موسڵ لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژی و ناتوانێت لەو ناوچەیە كە لەژێر چنگی داعشدایە، بچێتە دەرەوە .
پێشتریش سەدان كەسی بیانی لەوانەی چەكداری ڕێكخراوی قاعیدە جەنگاون و ژنی عیراقییان مارەكردوە، نەوەی ئەمانەش وەك داعشییەكان هیچ ناسنامەو مافی هاوڵاتیبونی عیراقییان نیەو تائێستاش ئەم كێشەیە، چارەسەرنەكراوە .
بیلال بن ئەبو ئەلبەرا سعودی یەكێكە لەو منداڵانەی سەردەمی ڕێكخراوی قاعیدە لە عیراق، باوكی بۆ قاعیدە شەڕی لەدژی سوپای ئەمەریكا كردوەو لەساڵی 2008 لە باشوری تكریت كوژراوە .
باوكی بیلال سعودی بوەو هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی ئەندام لەقاعیدە كردوە كە خەڵكی سامەڕایە سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، دوای لەدایكبونی بیلال، حەوت ساڵی بەبێ هیچ كارتێكی ناسنامە یان بەڵگەنامەی ڕەسمی بەسەربردوەو ئێستاش تەمەنی هەشت ساڵەو ناتوانێت بچێتە قوتابخانەو ژیانێكی تەنیایی بەسەردەبات.