لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ حكومەت 100 ملیار دینار-ی دەرمان قەرزارە

حكومەت 100 ملیار دینار-ی دەرمان قەرزارە

0 تێبینییەکان 20 بینینەکان
darmanوەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، 100 ملیار دینار قەرزاری كۆمپانیاكانی دەرمانە، كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو بڕە پارەیەیان نییە تا پێیانبدەنەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر پێدانی دەرمان لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە بۆ حكومەت دروستكردووە.
دكتۆر خالس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم وتی “وەزارەتی تەندروستی نزیكەی 100 ملیار دینار  قەرزاری ئەو كۆمپانیایانەیە كە دەرمان‌و پێداویستی پزیشكی دەدەنە وەزارەت، ئێمەش نەمانتوانیوە ئەو قەرزە بدەینەوە”.
وتیشی كەهەرچەندە لەئێستادا دەرمان لەبەغداوە باشتر دێت لەچاو ساڵانی رابردوودا، بەڵام رێژەكە زۆر كەمترە لەو رێژەی كە بۆ هەرێم دیاریكراوە.
حكومەتی عیراق هەرچەندە بودجەی سەدا 17ی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، بەڵام بەردەوامە لەڕەوانەكردنی بەشە دەرمانی هەرێم، هەرچەندە لەئاستی پێویستدا نییە.
ساڵانە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، دەرمان لەكۆمپانیاكانی هاوردەكردنی دەرمان دەكڕن، بەڵام لەئێستادا پارەیەكی زۆری ئەو كۆمپانیایانە قەرزارن‌و بەهۆیەوە لای پەرلەمان سكاڵایان لەسەر حكومەت كردووە.
خالس قادر وتی “كەڵەكەبوونی ئەو قەرزە زۆرەی دەرمان لەسەر وەزارەتی تەندروستی وایكردووە كۆمپانیاكانی دەرمان لەئێستا بەئاسانی دەرمانمان پێنەدەن‌و زۆر جار وەڵامیشمان نادەنەوە”.
ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان، بەدواداچوونی بۆ ئەو قەرزە كردووە، بەڵام ئاماری دروستیان پێنەدراوە.
زوڵفا مەحمود، سەرۆكی لیژنەكە وتی “ئێمە هەوڵماندا بەیەكەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی چارەسەر بۆ كێشەی كەمی دەرمان بكەین، بەڵام وەزیر پێی وتین ئەگەر وازبهێنن‌و تەداخول نەكەن خۆم كارەكانی خۆم باشتر دەكەم”.
بەوتەی زوڵفا چەند كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی دەرمان سكاڵایان بردووەتە لیژنەكەیان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانیان لەحكومەت.
گرفتێكی تریش ئەوەیە  كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە “وەزارەتی تەندروستی زیاتر ئەو دەرمانانە دەكڕن كەنرخی هەرزانە”، زوڵفا وای وت.
خالس قادر، وتەبێژی وەزارەت دەڵێت “لەنەخۆشخانە گشتییەگان دەرمان كەمبووە لەڕووی جۆرەكانەوە، بەڵام وەك كێشە كێشەی دەرمان نییە، پێشتر جۆری زیاتر بوو ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو توانایەمان نییە كەدەرمانی پێویست بكڕین”.
bazary darmanلەگەڵئەوەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم نزیكەی 100 ملیار دینار قەرزاری كۆمپانیاكانە، بەڵام كۆمپانیایەكی خۆماڵی دەرمان دەڵێت ئێستاش ئەگەر وەزارەت هاوكاربێت دەتوانێت دەرمان بۆ هەموو كوردستان دابین بكات.
دكتۆر بارام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی كارگەی ئاوامیدیكا –بۆ دروستكردنی دەرمان- بەخەندانی وت “لەسەرەتای دروستبوونی كۆمپانیاكەمان داوای هەماهەنگیمان كرد لەوەزارەتی تەندروستی‌و چەندینجار نوسراومان كردو لەدەرگاماندا بەڵام دەرگا نەكرایەوە”.
“ئەوكاتەی وەزارەتی تەندروستی پارەی هەبوو دەرمانی لەئێمە نەدەكڕی، ئێستاش كە پارەیان نییە داوای دەرمان دەكەن‌و ئێستاش شەش ملیار دینار  قەرزاری ئێمەن، بەڵام ئەگەر  هاوكاربن ئەوا ئێمە ئێستاش دەتوانین دەرمانی هەموو كوردستان دابین بكەین”، دكتۆر بارام وای وت.
دكتۆر بارام كەخۆی پسپۆڕی دەرمانەو دەڵێت “سەد جۆری دەرمانمان لەبازاڕەو توانامان هەیە دەرمانی نیوەی عیراق دابینبكەین، ئەگەر كوردستان بیەوێت دەتوانین دابینی بكەین”.
سەرچاوە:خەندان
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە