پاش ئەوەی ویكیلیكس بەهەزاران بەڵگەنامەی دەزگای هەواڵگری عەرەبستانی سعودیەی بڵاوكردەوە، دەركەوت ئەو وڵاتە بەوردی چاودێری جموجۆڵەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
هەینی رابردوو سایتی ویكلیكس شەست هەزار بەڵگەنامەی دەزگای هەوڵگریو وەزارەتی دەرەوەو باڵیۆزخانەو دامەزراوە فەرمییەكانی تری عەرەبستانی سعودییەی بڵاوكردەوە، كە پەیوەستن بەبۆچوونو جموجۆڵەكانی ئەو وڵاتە لەسەرجەم وڵاتانی جیهان.
بەشێكی گرنگی ئەو بەڵگەنامانە تایبەتن بەعێراقو لەناو ئەوانەشدا بەشێكی بەرچاویان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراون، تێیدا دەردەكەوێت، كە عەرەبستانی سعودییە لەنزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كردووە.
مێژووی بەڵگەنامەكان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی 2009 هەتا 2012، تییدا تەواوی وردەكارییەكان ئاراستەی پادشای سعودییەو شوێنگرەوەكەییو بەرپرسە باڵاكانی تری ئەو وڵاتە كراوە.
پارتیو یەكێتی ناسازێن
لەو بەڵگەنامانەدا، كە دەزگای هەواڵگری سعودییە ئامادەی كردوونو ئیمزای ئەمیر (مقرن بن عەبدولعەزیز)ی سەرۆكی ئەو دەزگایەیان لەسەرە، ئاماژە بەوە دەكات، كە پارتیو یەكێتی سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی یەكن، بەڵام ناكۆكی قووڵ لەنێوانیاندا هەیەو زۆرجار كار دەگەیەننە ئاستی شەڕی ئیعلامی لەگەڵ یەكتردا.
باس لەوەش كراوە، كە مەسعود بارزانی نارەحەتە بەوەی كۆسرەت رەسوڵ جێگریەتیو پێی خۆش نییە ئەو لەو پۆستەدا بێت.
ئەو دەزگایە چەند نووسراوێكی تایبەتی ئامادەكردووە سەبارەت بەكابینەی ئەو دەمەی حكومەتی هەرێمو بەوردی لەبارەی وەزیرەكانییەوە نووسیوییەتیو زانیاری لەسەر كۆكردوونەتەوە، لەو بەشەی، كە تایبەتە بەوەزیری سامانە سروشتییەكان هاتووە “عەبدوڵا عەبدولرەحمان عەبدوڵا ناسراو بەئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانە… لەلایەن نێچیرەڤان بارزانییەوە پاڵپشتی بەهێزدەكرێت”.
قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی بەغداو هەرێم
دەزگای هەواڵگری سعودییە ئاماژەی بەوە كردووە، كە تا دێت ناكۆكی نێوان بەغداو هەولێر قووڵتردەبێتەوە، بەشێكی ئەم ناكۆكییەش پەیوەستە بەتوركیاوە، چونكە مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ حكومەتی توركیا هەیە، بەپێچەوانەشەوە مالیكی نێوانی لەگەڵ ئەو وڵاتە خراپە.
لەبەڵگەنامەكاندا هاتووە “مالیكی دەیەوێت ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغدا بكاتە ناكۆكی كوردو عەرەب، وەك چۆن سەركەوتوو بووە لەدروستكردنی ناكۆكی تایفی نێوان سوننەو شیعە”.
ئاماژە بەوەش كراوە، كە بردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ كەركوك، پەیامێكی روون بووە بۆ هەرێمی كوردستان بەوەی ئەو شارە بەشێكە لەعێراق نەك هەرێم، ئەمەش ئەوەندەی تر ناكۆكییەكانی قووڵكردووەتەوە.
لەبەشێكی تری ئەو نووسراوانەدا باسی ناكۆكی نێوان تاڵەبانیو مالیكی كردووەو ئاماژەی بەوە كردووە، كە تاڵەبانی نیگەران بووە لەمالیكیو پێی وتووە “ماڵی عێراقی زۆر شێواوە، من نازانم كێ ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات، تۆ یان جەعفەری”، مالیكی وەڵامی داوەتەوە، كە تەنیا ئەو دەستی بەسەر دەوڵەتی یاسادا دەڕوات نەك جەعفەری.
بەڵگەنامەكان، وردەكاری زۆر زیاتر لەبارەی دانیشتنی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تێدایەو بەروونی باسی لەهەڵوێستەكانی كردوون.
بە بەڵگەنامەكانەوە دیارە، كە عەرەبستانی سعودییە لەناكۆكی نێوان بەغداو هەرێمدا زیاتر لایەنداری بۆ هەرێم هەبووە لەبەرانبەر هەژموونی ئێرانی، بەڵام زیاتر گواستنەوەی زانیاری بووە لەسەر رووداوەكان، بێئەوەی باسی بكات چۆن سعودییە دەستی بەهەرێم گەیشتووەو ئاخۆ رادەی پەیوەندی چۆن بووە
لەیەكێك لەبەڵگەنامەكاندا باس لەوە كراوە، كە مەسعود بارزانی داوایكردووە چاوی بەپادشای سعودییە بكەوێت، وەزیری دەرەوەش پێشنیاری كردووە ئەو دانیشتنە رێكبخرێت، بۆ ئەوەی بارزانی لەبەرەی هاوكارانی مالیكی دووربخرێتەوە.
بەڵگەنامەی تر بەڕێوەیە
ویكیلیكس رایگەیاندووە، كە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا نیو ملیۆن بەڵگەنامەی تر بڵاودەكاتەوەو ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بەڵگەنامەكانی لەرێی ئاڵوگۆڕی ئیمەیلی وەزارەتی دەرەوەی سعودییەو چەند دامەزراوەیەكی تر دەستكەوتووە.
لەیەكەم كاردانەوەدا وەزارەتی دەرەوەی سعودییە داوای لەهاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، كە سەردانی ئەو سایتە نەكەن، نەوەك بەڵگەنامەی ساختەی تێدابێت، بێئەوەی ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان رەتبكاتەوە.