ڕۆژی دوو شەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی سوریا و (مەزڵوم عەبدی) سەرۆكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕێكەوتنێكی دوو قۆڵیان ئیمزا كرد ، ڕێكەوتنەكە داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت ببن ، سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەر لە خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و كێڵگە نەوتیەكان و كێڵگەكانی غاز بچنە ژێر ئیدارەی دەوڵەتەوە ، هەروەها بەپێی ڕێكەوتنەكە هەموو جۆرە داواكاری و بیرۆكە و پڕۆژەیەك بۆ دابەشكردنی خاكی سوریا و پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە ڕەتدەكرێتەوە ، پێکهاتەی کوردیش وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریا تەماشا دەکرێ و ، مافی هاوڵاتیی بوون و سەرجەم مافە دەستوریەکانیشی زامن دەکرێن ، ڕێكەوتنەكە هەروەها داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە شان بە شانی هێزەكانی حكومەت هەوڵی ڕیشەكێشكردن و كۆتایی هێنان بە پاشماوەكانی ڕژێمی ڕووخاو بدەن !
ئەوەی من دەمەوێ لەم نوسینەدا پەیوەست بەو ڕێكەوتنە مێژووییە بیخەمەڕوو ئەم چەند سەرنجەی خوارەوەیە :
یەكەم / ڕێكەوتنەكە خەونی ئەوانەی لەگۆڕنا گرەویان لەسەر پارچە پارچەكردنی سوریا و ناكۆكی ناوخۆیی و نەتەوەیی و ، بڵاوكردنەوەی فەوزا و تاوان و پاشا گەردانی دەكرد لەسوریای نوێدا ، ڕێكەوتنەكە بەكارهێنانی كارتی ( هێزەكانی سوریای دیموكرات ) ی لەدەست ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەرهێنا كە بەردەوام یاری و گوشاریان پێدەكرد و ، لەناوخۆ و دەرەوە و ژوورە تاریكەكاندا سەرگەرمی دانان و داڕشتنی پیلان و نەخشەی جەهەننەمی بوون بۆ ڕووخاندن و لەباربردنی ئەزموونی دەسەڵاتی نوێی سوریا ! ڕێكەوتنەكەی (شەرع) و (عەبدی) هاوكات لەگەڵ ڕێكەوتنێكی تری ئەمڕۆی حكومەتی دیمەشق لەگەڵ پیاو ماقوڵانی شاری ( سوەیدا )ی باشوور بۆ گێڕانەوەی شارەكە و تەواوی دامودەزگاكانی بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی ئیدارەی حكومەت كارەساتێكی جیۆسیاسیی و جیۆستراتیژیی بوو كە ڕووبەڕووی پڕۆژە و ئەجێنداكانی ئیسرائیل و دەوڵەتانی تری ناوچەكەی دوژمن بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوویەوە !! بۆیە وەك ڕق و توڕەیی و کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو ڕێکەوتنە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل خێرا زنجیرەیەك بۆردومانیان بۆ سەر كۆمەڵێ بارەگا و مۆڵگەی چۆڵكراوی سوپاكەی ئەسەد لەناوچەكانی باشوری سوریا ئەنجامدا.
دووەم / ڕێكەوتن لەگەڵ لایەنی كوردی و خەڵكی شاری ( سوەیدا ) ی درووزنشین پەیامێكی بەهێزی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوو بۆ قەوارەی زایۆنی و دەوڵەتانی نزیك و دراوسێ و دەزگا هەواڵگرییەكانیان كە سوریای ئەمڕۆ جیاوازە و ، پێویستە هەمووان سنووری خۆیان بزانن و ، دەست لەپیلان و سەركێشیەكانیان لە خاكی سوریادا هەڵگرن!
سێهەم / كات و تەوقیتی ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە ماناو ئاماژەی تایبەتی خۆی هەڵگرتبوو كە دیارترینیان ئەوەیە : شكست پێهێنانی كودەتاكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو كە ( كودەتایەكی دەرەكی بوو بە كەرەستەی ناوخۆیی ) ڕۆڵێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی هەبوو لەخێراكردنی زیاتری ئەنجامدان و ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە ، ئەمە جگە لە هەڵوێستی توندی دەوڵەت و ، لایەنگیری توركیا و ، پشتیوانی گەلی سوریا كە هەر زوو لەیەكەم ڕۆژی كودەتاكەوە ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پۆلیس و سوپا و ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبووان و پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو!
چوارەم / لەپاڵ ئەو خاڵەی سەرەوەدا فاكتەرێكی تری گرنگ و سەرەكی بۆ لەدایكبوونی ئەو ڕێكەوتنە مێژووییەی حكومەتی دیمەشق و لایەنی كوردی ، جگە لە سەركەوتنی شۆڕشەكەی سوریا و دەركردنی ئێرانیەكان و ڕووسەكان ، دەستهەڵگرتنی ئەمریكیەكان بوو لە دۆسیەی سوریا (وەك لایەنی چاودێر) و ، سپاردنی ئەو دۆسیەیە بە دەوڵەتی توركیا ، هەروەها لاوازبوونی هەیمەنە و پاشەكشەكردنی ڕۆڵی فەڕەنسییەكان لەناوچەكەدا و ، شكست هێنانیان لە پاراستنی ئەوەی خۆیان ناوی دەنێن : مافی مێژوویی كەمینە دۆستەكانیان!
پێنجەم / ڕێكەوتنەكە (ئەحمەد شەرع) ئیمزای كرد وەك سەرۆكی سوریا ئەمە لەلایەك ، لەلایەكی تریشەوە بەزمانی عەرەبی نووسراوە كە تاكە زمانی فەرمی دەوڵەتە ، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا دانپێدانانی ئاشكراو بێ پێچ و پەنای هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە حكومەت و دەسەڵاتی شەرعی نوێی سوریا!
شەشەم / ڕێكەوتنەكە مێژوویی بوو بەو پێیەی ئەو پەیامەی بەگوێی هەموواندا دا كە سوریا بۆ یەكەمجار لەدوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی 1926وە جارێكی تر بە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی كەوتەوە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی قیادە و نوخبەیەكی سیاسیی سوننی مەزهەب ! واتە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر پێشكەش دەكران بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆكەیەكی كوردی لە باكوور و ، دەوڵەتۆكەیەكی دوورزی لە باشوور و ، بەدیهێنانی خەونی (دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە لە فوراتەوە بۆ نیل ) سەرجەمیان كۆتاییان هات و لەباربران.
حەوتەم / ئەو ڕێكەوتنە و ڕێكەوتنەكانی تریش كە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە ناوخۆدا ئەنجامی دەدەن ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان دەسەلمێنێ كە گەلان و وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی ئەگەر لایەنی سێهەم بچێتە دەرەوە و دەست هەڵگرێ لە دەستوەردان و پیلانگێڕی ، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ناكۆكی و گرفتە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن ، هەروەك چۆن ئەفغانیەكان و گەلانی كەنارەكانی ئەفریقیا توانیان لەماوەیەكی كورتدا لەنێوخۆیاندا یەكبگرن و ، ئێستاش ئەوەتانێ سوریەكان دەتوانن پێكەوە ئاشت ببنەوە ، كە گومانی تێدانیە یەمەنیەكان و لیبیاییەكان و سودانیەكانیش ئەگەر لایەنی دەرەكی بهێڵێ دەتوانن هەمان ئەزموون دووبارە بكەنەوە.