هاوسەرۆکێکی هەرێمی فیدراڵی ڕۆژئاوا بە سپۆتنیکی ڕووسی ڕاگەیاندووە کە ئەوان ڕێگە بە دابەشبوونی سوریا نادەن.
هەدیە یوسف هاوسەرۆکی هەرێمی فیدراڵی ڕۆژئاوا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سپۆتنیکی ڕووسی باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمەکە کردووە و باسی لە پلانەکانی ڕۆژئاوا بۆ داهاتوو کردووە.
ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە لایەنگرانی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی ڕێگە بەوە نادەن کە سوریا دابەش ببێت، وتووشیەتی ”ئێمە باوەڕمان وایە کە سیستمی فیدراڵی فۆڕمێکی نمونەییە حوکمڕانییە بۆ سوریا”.
وتووشیەتی ”ئێمە دەبینین لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا و لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا خەڵکی دەتوانن بە ئاشتی و ئازادی بژین لە سنوری وڵاتەکاندا. گەلی سوریاش دەتوانن بە ئازادی لە سوریادا بژین. ئێمەش ڕێگە نادەین بە دابەشبوونی سوریا و هەموو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بە دیموکراتیکردنی سوریایە، هاووڵاتییەکانیش پێویستە بە ئاشتی بژین و گروپ و نەتەوە هەمە چەشنەکان پێکەوە بژین”.
هەدیە یوسف وتووشیەتی کە لە ئێستادا سیستمی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی لە “کانتۆنەکانی کۆبانێ و جزیرە و عەفرین ڕاگەیەندراوە، بەهۆی ئەمەشەوە ئێمە ئەزمونمان لە دامەزراندنی حکومەتی ئۆتۆنۆمیدا هەیە. کانتۆنەکانی کۆبانێ و جزیرە لەنێوان خۆیاندا یەکیان گرتووە، هەوڵەکانیش بۆ یەکخستنی کۆبانێ و عەفرین لە ئارادان، ئەگەر ئەمەش دەربکەوێت ئەوە هەرێمەکان لە باکوری سوریا یەکگرتوو دەبن و دەبن بە یەک. سیستمەکەی ئێمەش ئەوکاتە تەنیا کۆبانێ و جزیرە و عەفرین ناگرێتەوە بەڵکو بە نزیکەیی تەواوی باکوری سوریا دەگرێتەوە. ئێمە دەتوانین گرەنتی سێ لەسەر چواری هەرێمەکانی باکوری سوریا بکەین”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە کێشەکانی ڕۆژئاوا ڕای نێودەوڵەتی یەکخست، هەدیە جەزتی لەوە کردووەتەوە کە پێکهاتەکانیان ”تاکە پێکهاتە بوون کە شەڕیان بۆ ئاسایشی گەلی سوریا لە باکوری ئەو وڵاتە کردووە لەو ماوەیەدا”، ناڕەزاییشی لەوە دەربڕیوە کە هێزەکانی حکومەت ”لەکاتی کۆنترۆڵکردنی کۆبانێدا لەلایەن داعشەوە هیچ شتێکیان نەکردووە”.
هەر لەبەر ئەوەش ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێشتا دیمەشق دانی بە ئۆتۆنۆمی هەرێمی باکوردا نەناوە و وتووشیەتی “ئێمە پێشبینی ئەوە ناکەین ڕوو بدات، هەر لەبەر ئەوە فیدراڵیمان لەسەر بنچینەی هیوای گەلەکە ڕاگەیاند”.
وتووشیەتی “لە ئێستادا ئێمە پاڵپشتی هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و ئەندامانی هاوپەیماناندا دەکەین کە خەبات دژی داعش دەکەن، بەڵام تا ئەمڕۆش نە ئەمریکا و نە وڵاتانی هاوپەیمان یان هەر دەوڵەتێکی تر هاوکارمان نەبوون لەسەر پرسی سیستمی حوکمی فیدراڵی”.
لەبارەی پەیوەندییەکانیشیانەوە لەگەڵ ڕووسیادا وتوویەتی “بوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیادا و گۆڕینەوەی بۆچوونەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان مافی خۆمانە، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی باش بنیات بنێین لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی تردا کە ڕۆڵی گرنگیان لەبارەی پرسی سوریاوە هەیە”.