
لە وەڵامی رۆژنامەنووسان کە لێیان پرسی هەڵوێستی چی دەبێت ئەگەر هێزەکانیان بە یاسایی لە عێراق دەربکرێن، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت “سزای وایان بەسەردا دەسەپێنین کە لەرابردوودا وێنەی نەبێت.” ئەو دەڵێت: “سزاکانی ئێران لەچاو ئەوانەی عێراق “هیچ سامێکیان نابێت”.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەگەر هەر تووندوتیژییەک هەبێت یا هەر شتێک بکەن کە ئێمە پێمانوابێت گونجاو نەبێت” سزای زۆر قورسیان بەسەردا دەسەپێنین”.
رۆژی یەکشەممە 5-1-2020 پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا پرۆژەبڕیارێکی پێنج خاڵیی پەسندکرد و بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربکرێن.
ئەو خاڵانەی پەرلەمان بڕیاری لەسەردا بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
– هەڵوەشانەوەی ئەو داواکارییەی کە پێشتر عێراق ناردبووی بۆ هاوپەیمانی دژی داعش.
– پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق کە رێگەنەدات هیچ هێزێکی بیانی بە هەر هۆکارێک بێت خاک و ئاو و ئاسمانی بەکاربهێنێت.
– سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.
– وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئەمریکا تۆماربکات بەهۆی پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتە لە دژی عێراق.
– حکومەتی عێراق خێرا لێکۆڵینەوە بکات لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئەنجامەکەی بە پەرلەمان رابگەیێنێت.