لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ مەترسی‌ دابەشبوونێكی‌ نوێ‌ لەكوردستان

مەترسی‌ دابەشبوونێكی‌ نوێ‌ لەكوردستان

0 تێبینییەکان 22 بینینەکان

hawlerسلێمانی‌ رووی‌ لەبەغداو پشتی‌ لەهەولێرە

راپۆرتی: هێمن حەسەن
ئێستا لەهەرێمی‌ كوردستان دوو ئاراستەی‌ باو هەیە، یەكێكیان داوای‌ گەڕانەوەو ئەوەی‌ تریان داوای‌ پشتكردنە بەغدا دەكات، ئەم دوو ئاراستەیەش بەسەر هەولێرو سلێمانیدا دابەشبوون.

لەوكاتەوەی‌ لە مانگی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ رابردووەوە (2015) پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێگەی‌ نەدا سەرۆكی‌ پەرلەمان‌و وەزیرەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بچنەوە بۆ هەولێر، كەلێنێكی‌ سیاسی‌ قوڵ كەوتە نێوان هەردوو پارێزگای‌ هەولێرو سلێمانی‌، چونكە ئەوەی‌ یەكەمیان لەهەولێر باڵادەستەو ئەوەی‌ دووهەمیشیان لەسلێمانی‌ قسە رۆیشتووە، بۆیە ئێستا ئەم دوو پارێزگایەی‌ هەرێم كە لەچوارچێوەی‌ یەك حكومەتدان، كەچی‌ لەسەر ئاستی‌ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بۆچوونی‌ جیاوازیان هەیە.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە بەفەرمی‌ ئەوەی‌ راگەیاندووە هیچ باوەڕێكی‌ بەحكومەتی‌ ناوەندی‌ عێراق نەماوە، پێی‌ وایە ئێستا فرسەتێك بۆ ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌ هاتووەتە پێشەوە، هەرچی‌ گۆڕان‌و یەكێتیشە لەگەڵ ئەوەن فرسەتێك دروست بووە، بەڵام پێیانوایە پارتی‌ بنەماكانی‌ ئەو فرسەتەی‌ لەناوبردووە، بۆیە بەناوەختی‌ دەزانن هەرێم لەعێراق جیابێتەوە.

لەئێستادا دوو ئاڕاستە لەهەرێمی‌ كوردستان هەیە كە یەكێكیان دەیەوێت هەولێر لەبەغدا دوور بخاتەوەو داوای‌ سەربەخۆیی‌ دەكات كە پارتی‌‌و هاوپەیمانەكانی‌ بەرگری‌ لێ دەكەن، ئاڕاستەكەی‌ تریشیان كە یەكێتی‌‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانەكانیانن لەگەڵ ئەوەندان كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن دۆخی‌ سیاسی‌ هەرێم چاك بكرێتەوە.

عەلی‌ عەونی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئاماژە بەوە دەكات هەرجۆرە گەڕانەوەیەك بۆ بەغدا بەبیانوی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ “خیانەتە لەگەلی‌ كورد”و بە”نیقاش”ی‌ وت “ئێستا فرسەتێكی‌ گەورە هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی‌ جیابینەوە، ناكرێت جارێكی‌ تر هەرێم بگێڕینەوە بۆ عێراقێك كە لەسەر ئەرزی‌ واقیعدا بوونی‌ نەماوە، نەك بچین هەرێم یان شارێكی‌ وەكو سلێمانی‌ بدەینە دەست بەغدا”.

دەشڵێت “هەندی‌ لایەنی‌ سیاسی‌ هەرێم هەن دەیانەوێت سلێمانی‌ بخەنەوە دەست دیكتاتۆرێكی‌ تر كە بەغدایە، دڵنیام خەڵكی‌ سلێمانی‌ لەو لایەنانە قبوڵی‌ ناكەن هەرێم پارچە پارچە بكەن”.

پارتی‌ ئەوەی‌ بڕاندوەتەوە كە جارێكی‌ تر هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام سەختی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و ناڕۆشنی‌ لەداهاتی‌ نەوت وای‌ لە گۆڕان‌و یەكێتی‌ كردوە كە بیر لەرێگای‌ دووەم بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ خەڵك.

هەرچەند پارتی‌ دەیەوێت وەك رێبەری‌ رەوتی‌ سەربەخۆیی‌ كوردستان خۆی‌ نمایش بكات، بەڵام نەیارەكانی‌ پێیان وایە ئەوەی‌ پارتی‌ دەیكات تەنها بۆ پەردەپۆشكردنی‌ كێشە ناوخۆییەكان‌و سەرقاڵكردنی‌ خەڵكییە، ئەگەرنا تائێستاش ئەو حیزبە لەبەغدا پۆستی‌ جێگری‌ سەرەك وەزیران‌و وەزیری‌ دارایی‌‌و چەند پۆستێكی‌ تری‌ هەستیارو دنیایەك بەرژەوەندی‌ ئابوری‌ هەیە.

لەناو بەشێكی‌ خەڵكی‌ سلێمانیدا بۆچوونێكی‌ باو هەیە كە پێیان وایە لەبەر ئەوەی‌ هەولێر كراوەتە چەقی‌ دەسەڵات‌و هەموو دەزگا هەستیارەكان لەوێ‌ كۆكراونەتەوە، بۆیە سلێمانی‌ لەخزمەتگوزاری‌ بێبەش بووەو تەنانەت بەهۆكاری‌ سیاسی‌ حكومەتی‌ هەرێم كە دەسەڵاتی‌ یەكەمی‌ بەدەست پارتییەوەیە، دەیەوێت سلێمانی‌ نابووت بكات.

نەك هەر خەڵكی‌ ئاسایی‌ شارەكە، بەڵكو دەسەڵاتدارەكانیشی‌ هەمان لێكدانەوەیان هەیە، بۆیە پێیان باشە راستەوخۆ سلێمانی‌ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات‌و لەوێوە بەشە بودجەی‌ خۆی‌ وەربگرێت.

كۆتایی‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ لەحكومەتی‌ هەرێم كرد كە یاسای‌ ژمارە 3ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ پەرلەمان پەیڕەو بكات كە تایبەتە بەكاركردن بەسیستەمی‌ لامەركەزییەت، بەڵام ئەنجومەنی‌ وەزیران لەرۆژی‌ 11ی‌ حوزەیران ئەو داوایەی‌ رەتكردەوە.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە مەسعود بارزانی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكات پێی‌ وایە دەبێت لایەنە كوردییەكان لەمامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا یەك دەنگ بن، لایەنەكانی‌ تریش هەرچەندە پشتیوانی‌ ئەم داوایە دەكەن، بەڵام ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكدەنگی‌ مانای‌ ئەوە نییە دوای‌ خواستی‌ پارتی‌ بكەون.

نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كە ئێستا حیزبەكەی‌ لەگەڵ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ رێككەوتنی‌ هاوبەشی‌ هەیەو بەسەر پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجە‌و كەركوكدا باڵادەستن، رۆژی‌ 15ی‌ حوزەیران لەوتارێكیدا بۆ ئەندامانی‌ حیزبەكەی‌ كە لەمیدیاكانەوە پەخشكرا وتی‌ “پارتی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان یەكلایەنەو بەتەنها بڕیاری‌ داوە، ئەوەی‌ پێی‌ دەوترێت دەزگای‌ بڕیاریدانی‌ سیاسی‌ بەهیچ شێوەیەك شەریكایەتی‌ تێدا نەبووە، یەكلایەنە بڕیاریداوە لەبەغدا بكشێینەوە”.

بەپێی‌ چەند زانیاریەك كە”نیقاش” لەبزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە دەستیكەوتووە، گۆڕان‌و یەكێتی‌ بڕیاریانداوە كە بەسەرچاوەكانی‌ داهاتی‌ سنوری‌ هەردوو پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو ئیدارەی‌ گەرمیاندا بچنەوە، بۆ ئەوەی‌ بتوانن سەرچاوەیەكی‌ دارایی‌ بۆ دانیشتوانی‌ ئەو ناوچانە بدۆزنەوەو گوزارەنی‌ خەڵك چاك بكەن.

هەر بەپێی‌ زانیاریەكان لەكۆبوونەوەی‌ رۆژی‌ 14ی‌ حوزەیرانی‌ رابردووی‌ شاندی‌ سەركردایەتی‌ هاوبەشی‌ گۆڕان‌و یەكێتی‌ باس لەوە كراوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی‌ كێشەكان لەگەڵ پارتی‌ چارەسەر بكەن، ئەگەر پارتی‌ لەسەر ئەم هەڵوێستانەی‌ بەردەوام بوو ئەوا هەوڵدەدرێت لەگەڵ بەغدا جۆرێك لەرێككەوتن ئەنجام بدەن یان بەداهاتی‌ ئەو ناوچانە باری‌ ئابوری‌ خەڵك راست بكەنەوە.

بوونی‌ ئەم دوو ئاراستەیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا مەترسی‌ ئەوەی‌ دروستكردووە كە هەرێم كەرت بكات‌و هەر یەكێك لەدەسەڵاتدارەكان ناوچەكانی‌ ژێر قەڵەمڕەوی‌ خۆیان بەئاراستەیەكدا ببەن.

مەحمود عوسمان كەسایەتی‌ دیاری‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە تەمەنێكی‌ دوورودرێژی‌ لەسیاسەتی‌ عێراقدا بەڕێكردووە، بە”نیقاش”ی‌ وت “شتێكی‌ زۆر ناشرین‌و نەگونجاوە حزبێك لەهەولێر بۆچوونێكی‌ لەسەر كێشەكان هەیەو حزبێكی‌ تر لەسلێمانی‌ بۆچوونێكی‌ تری‌ هەبێت، حەق نییە چیتر ئەم پەرتەوازەیی‌‌و دوورییە بەردەوام بێت”.

مەحمود عوسمان باس لەوە دەكات ناكرێت هەر لایەنەو لەشوێنی‌ خۆیەوە پەیوەندی‌ بەغداوە بكات، بەڵكو بەوتەی‌ ئەو دەبێت حزبەكان بەیەكەوە دانیشن‌و بڕیارێكی‌ كۆتایی‌ بدەن یان بگەڕێنەوە بەغدا یان جیاببنەوە.

بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ “نیقاش” یەكێك لەو رێگەیانەی‌ گۆڕان‌و یەكێتی‌ بیریان لێكردوەتەوە نزیككردنەوەی‌ حكومڕانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ خۆیان لەبەغدا لەپێناو چارەسەركردنی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بۆ ئەوەش بەغدا بودجەی‌ سلێمانی‌ خەرج بكات، لەبەرانبەریشدا سلێمانی‌ وەك پارێزگایەكی‌ عێراق ئەركە دەستوری‌و یاساییەكانی‌ خۆی‌ بەرانبەر حكومەتی‌ ناوەند جێبەجێ بكات.

شۆڕش حاجی‌ وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەپارچە پارچەكردنی‌ هەرێم دەكەن‌و جەخت لەوە دەكاتەوە كە حزبەكەی‌ لەسەر هەڵوێستەكانی‌ رابردوویان سورن‌و دەیانەوێت كێشەكانی‌ هەرێم لەگەڵ بەغدا بەدیالۆگ‌و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكەن.

شۆڕش حاجی‌ بە”نیقاش”ی‌ وت “پێویستە كێشەكانی‌ هەرێم لەرێی‌ دامەزراوە نیشتیمانییەكانی‌ هەرێمەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن، نەك شاندی‌ حزبی‌”.

رۆژی‌ 25ی‌ حوزەیران شاندێكی‌ هاوبەشی‌ گۆڕان‌و یەكێتی‌ سەردانی‌ لایەنەكانی‌ عێراقیان كردو لەكۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ عەبادی‌‌و مالیكی‌‌و عەمار حەكیم‌و ئوسامە نوجێفی‌‌و عەلاوی‌‌و رەوتی‌ سەدر جارێكی‌ جەختیان لەچارەسەركردنی‌ كێشەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا كردوەتەوە، لەكاتی‌ كۆبوونەوەشیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران، عەبادی‌ بەڵێنی‌ داوە بەرەوانەكردنی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێم بەو مەرجەی‌ هەرێم نەوتی‌ خۆی‌ رادەستی‌ بەغدا بكات، ئەمەش بەقسەی‌ كاوە محەمەد پەرلەمانتاری‌ گۆڕان.

لەچوارچێوەی‌ ئەو مامەڵانەی‌ سلێمانی‌ لەگەڵ بەغدا دەیكات ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری‌ سلێمانی‌ لەماوەی‌ چوار مانگی‌ رابردوودا دووجار سەردانی‌ بەغدای‌ كردوەو لەگەڵ عەبادیدا كۆبووەتەوە كە دواهەمینیان رۆژی‌ 19ی‌ حوزەیران بوو، بەڵام تاكو ئێستا پارێزگاری‌ هەولێرو دهۆك هیچ سەردانێكی‌ بەغدایان نەكردوە.

هەرچەندە هەموو ئەم سەردان‌و لێدوانانە هێمای‌ روون دەدەن بەنزیكبوونەوەی‌ سلێمانی‌‌و بەغدا، بەتایبەتی‌ كە هەردوولا دۆستی‌ ئێرانن، بەڵام بەرپرسانی‌ حیزبە فەرمانڕەواكانی‌ سلێمانی‌ ئەوە رەت دەكەنەوە بەجیا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن.

لەتیف شێخ عومەر ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بە”نیقاش”ی‌ وت “ئێمەو گۆڕان لەچوارچێوەی‌ پرۆژەیەكی‌ نیشتیمانیدا كار بۆ ئەوە دەكەین كە كێشەكانی‌ هەرێم‌و بەغدا لەرێی‌ دانیشتن‌و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی‌ نوێ نییە كە لەدەرەوەی‌ یەكڕیزی‌ لایەنەكان گفتوگۆی‌ لەسەر بكەین”.

لەتیف شێخ عومەر جەخت دەكانەوە كە پارێزگای‌ سلێمانی‌ مافی‌ خۆیەتی‌ وەك هەر پارێزگایەكی‌ تری‌ عێراق داوای‌ مافەكانی‌ خۆی‌ بكات لەبەغداو حكومەتی‌ ناوەند لەسەریەتی‌ پێداویستی‌ سلێمانی‌‌و هەموو شارەكانی‌ عێراق دابین بكات.

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری‌ دیاری‌ كورد رونیدەكاتەوە ئەوەی‌ دەبینرێت مامەڵەی‌ هەولێر لەگەڵ بەغدا جۆرێكەو سلێمانیش جۆرێكی‌ ترە، ئەوەش بەكارێكی‌ زۆر خراپ ناودەبات‌و پێیوایە هەرێم دەباتەوە بۆ دوو ئیدارەیی‌.

ئەمەش ئەو ئەزموونەیە كە هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەماوەی‌ ساڵانی‌ ناوەڕاستی‌ نەوەدەكان هەتا 2005 تاقیانكردەوەو نایانەوێت جارێكی‌ تر بیبیننەوە.

سەرچاوە:نیقاش

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە