سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان پەیامێک ئاڕاستەى حکومەت دەکات و رایدەگەیەنێت بەڕێزان لە سەرۆکایەتی حکومەت تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیا گەریە ڕابگرن، ئەمڕۆ لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار، کە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون بەدواداچونمان کرد
عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن،ئەمڕۆ بەڕادێک خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە ٤ ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە ١٢ ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت.
ئاشکراشى دەکات ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار دەبرێت و ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکەو بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت.
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا کۆمپانیایەکە، لە سحێلاوە دوو سەر حەیوان بە ٣٥ ھەزار داخڵدەکەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە.
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە کە ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخکاریە واجھەکەی چەند کەسێکە، بەڵام بە دڵنیایی لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشتە ئەگەرنا ناکرێت بەوتەى خۆشى ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم بەشێکن لەم قاچاخیە، بەیەک بڕیار ڕێگای لێدەگیرێت، لە ھەر سنورێک قاچاخی بکرێت، ئەو ھێزەی لەوێیە فەسڵی بکەن.