لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ “پێشبینی دەکرێت دەنگی كورد لەناوچە دابڕاوەكان لەسەدا 50 کەم بکات”

“پێشبینی دەکرێت دەنگی كورد لەناوچە دابڕاوەكان لەسەدا 50 کەم بکات”

0 تێبینییەکان 13 بینینەکان

پێشبینی دەكرێت لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراقدا دەنگەكانی كورد لەكەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزێت. ئەوەش بەهۆی نەبونی دەسەڵاتی كورد لەو ناوچانەو نەبونی لیستێكی كوردی یەكگرتو بۆ هەڵبژاردنەكان.

ئا: نیاز محەمەد

كورد لەسەر ئاستی ناوچە دابڕاوەكان لەهەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی 19 كورسی پەرلەمانی عێراق بو: 8 كورسی لەپارێزگای كەركوك، 8 كورسی لەپارێزگای نەینەوا، 2 كورسی لەپارێزگای دیالەو یەك كورسیش لەپارێزگای سەڵاحەدین. بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەو دەنگانە لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراقدا بۆ نیوە دابەزن.

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری عێراق لەپارێزگای كەركوك لەفراكسیۆنی پارتی باسی لەوە كرد كە كورد لەكەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ هەڵبژاردنەكان یەك دەرفەتی لەبەردەمدایەك یان ئەوەتا بە‌یەك لیستی یەكگرتو بچێتە هەڵبژاردنەكانەوەك یاخود بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنانە بكات. ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەكەی لەکەرکوک بڕیاری بایکۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی دا لەکەرکوک.

بەپێی قسەی شاخەوان ئەو بڕیارەی سەركردایەتی حزبەكەیان لەكەركوك لەو روانگەیەوە بوە كە هەفتەی رابردو پارتی داوای كردوە كورد بەلیستێكی یەكگرتو لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە‌. وتیشی “كورد بەقەوارەی جیاجیا بەشداری هەڵبژاردن بكات، چۆن لەروی سەربازییەوە ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، ئەوا لەهەڵبژاردنەكانیشدا لەدەستیان دەدات”. 

ئەو رەخنەی لەهاوپەیمانی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری گرت‌و وتی گۆڕان‌و كۆمەڵ پێكەوە لەكەركوك تەنیا 25 هەزار دەنگ دەهێننەوە، كە ئەوەش تا نەبێتە 40 هەزار ناكاتە كورسییەك‌. وتیشی “كەواتە ئەو دەنگانەی كورد بۆ دەفەوتێنن؟”. 

لەگەڵ ئەوەی وادەی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێنجشەممەی رابردو كۆتایی هات، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا پێی وایە هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی كورد لەكەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەیەك لیست بەشداری بكات. بەوتەی ئەو كورد وەك یەدەگ دو هاوپەیمانی لەكۆمسیۆن تۆماركردوە، هاوپەیمانێتییەكی یەكێتی‌و پارتی‌و، هاوپەیمانێتییەكەی سێ لایەنەكە كە بەقسەی ئەو دەتوانرێت یەكێكێکیان گەورەبكرێتەوەو لایەنی دیكەیان بۆ زیادبكرێت. 

داود جوندی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ‌و جێگری مەڵبەندی یەكێتی لەشەنگال پێی وایە بەحوكمی ئەوەی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن عێراقەوە كۆنترۆڵكراونەتەوە، نەخشەی سەربازی كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی‌و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دادەنێت‌. پێشبینیش دەكات بەو هۆیەوە دەنگی كورد لەناوچە دابڕاوەكان لەسەدا 50 رو لەكەمی بكات. 

ئەو پێشی وایە ناكۆكییەكانی نێوان كورد خۆی، بەتایبەت نێوان یەكێتی‌و پارتی، كاریگەرییەكی خراپ لەسەر بنكەی جەماوەرییان لەناوچە جێناكۆكەكان دادەنێت. 

سەبارەت بە‌هاوپەیمانی سێ لایەنە كوردییەكەش پێی وانییە هیچ دەنگێك لەناوچەکانی موسڵ بەدەستبهێنن، چونكە بەقسەی ئەو كورد لە‌پارێزگای نەینەوا بەسەر یەكێتی‌و پارتیدا دابەش بوەو حزبەكانی دیكە هیچ پێگەیەكی جەماوەریان نەبوە. باسی لەوەشكرد كە لەهەڵبژاردنی پێشودا، یەكێتی نزیكەی 78 هەزار دەنگ‌و پارتی زیاتر لە‌100 هەزار دەنگیان لەنەینەوا هەبوە. بەڵام بەهەمو حزبە‌كوردییەكانی دیكە ئینجا نزیكەی 15 هەزار دەنگیان هەبوە. 

بەڵام زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە نییە كورد لیستەكانیشی جیاواز بن لەناوچە جێناكۆكەكان زیان بكات، بەڵكو زیانی كورد لەوەدابو كە پارتی‌و یەكێتی بەسەر ناوچە دابڕێنراوەكاندا هێنایان. 

هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە‌گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەی پێكهاتوە، بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەكەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان، دەرگای بەڕوی هەمو لایەنەكاندا كراوە بو جگە لە‌پارتی‌و یەكێتی. سەبارەت بەهۆكاری داخستنی دەرگای هاوپەیمانێتییەكەیان بەڕوی ئەو دو حزبەدا، زمناكۆ جەلال وتی “ئێمە پێمانوایە ئەوانە بەرپرسن لە‌لەدەستدانی لەسەدا 51ی خاكی كوردستان، بۆیە پێمان وانییە دابەزین لەیەك لیستدا لەگەڵ ئەوان لەقازانجی ئێمە بێت”. 

رێكخەری ژوری هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمان خۆیان بەبەدیلی پارتی‌و یەكێتی دەزانن‌و پێشی وایە لەو ناوچانە هاوپەیمانێتییەكەیان دەتوانێت دەنگێكی باشتر لەیەكێتی‌و پارتی بهێنێت.

ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتمەداری ئیسلامی سەربەخۆ پێی وایە دەنگی كورد لەكەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان بەدڵنیاییەوە كەم دەكات‌. ئاماژەی بەوەشكرد كێشەی گەورەی كورد ئەوەیە كە “هاودید نییە” بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ناوچانەدا لەكاتێكدا ئەو ناوچانە لەبەردەم مەترسی گەورەدان. ئەوەش بە‌گەورەترین كارەسات ناودەبات كە لەسەرئاستی حزبی بیر لەچارەنوسی ئەو ناوچانە دەكرێتەوە.

كاروانی ئاوارەیی بەشێكی خەڵكی ناوچەكە‌و دروستبونی نائومێدی لەلایان‌، هەروەها نەبونی دەسەڵاتی كورد لەو ناوچانە بەهۆكار دەزانێت بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەداهاتودا لەبەرژەوەندی خەڵكی ئەو ناوچانەو ناسنامە كوردستانییەكەیدا نەشكێنەوە. بەدوریشی نازانێت بەغدا لەسەر بنەمای ئەو هەلبژاردنانە ئیدارەی ناوچەكان دابڕێژێتەوەو بیانكاتە پێوەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتوی ئەو ناوچانەدا. وتیشی “رەنگە عێراق هەوڵ بدات لەڕێگەی پەرلەمانەوە چارەنوسی ئەو ناوچانە دیاری بكات.”

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە