رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەراگەیەنراوێكدا ئاشكرایدەكات: لە ساڵی 2014 دا 12 هەزار و 282 مەدەنی بەهۆی كارە توندوتیژییەكانەوە لە عیراق كوژراون.
بەپێی راگەیەنراوەكەی نەتەوەیەكگرتوەكان، لەدوای ململانێ خوێناوییەكانی 2006 و 2007 ەوە، هیچ ساڵێك هێندەی 2014 خوێناویی نەبووە بۆ عیراق.
كردەوە توندوتیژییەكان لەنیوەی دووەمی 2014 ەوە گەیشتنە لوتكە، كاتێك رێكخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” هێرشی كردە سەر عیراق و لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا شاری موسڵی داگیركرد.
زۆرینەی كوژراوەكانیش دەكەونە دوای هێرشەكانی داعشەوە. نزیكەی 8500 كەس لەدوای مانگی حوزەیرانەوە كوژراون. واتە ژمارەی قوربانییەكان لەنیوەی دووەمی ئەو ساڵەدا دوو هێندە زیادیكردووە.
تاكو ئێستاش نزیكەی سێ یەكی عیراق بەدەست رێكخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی”ییەوەیە، هەرچەندە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانیویانە پێشڕەوییەكی زۆر بكەن و زۆربەی ناوچەكان لەدەست چەكدارانی ئەو گروپە توندڕەوە رزگاربكەن.