بەپێى داتاكان لە سەرەتاى ئەم مانگەوە هەناردەى نەوتى عێراق زيادى كردوە، ئەوەش دەيسەلمێنێت كە دووەم گەورەترين هەناردەى نەوت لە ڕێكخراوى ئۆپێك بەپێى پێويست پابەندى بەڵێننامەى كەمكردنەوەى هەناردەکردن نييە. ئاژانسى ڕۆيتەرز بڵاويكروەتەوە، لە 20 ڕۆژى سەرەتاى مانگى تەموزدا هەناردەى نەوتى عێراق گەيشتوەتە دوو مليۆن و 700 هەزار بەرميلى ڕۆژانە و بەوەش هيچ گۆڕانكاريەك لە بڕى هەناردە ڕووينەداوە لەچاو دوو مانگى ڕابردودا.
پێشتر ڕێكخراوى وڵاتە هەناردەكارەكانى نەوت “ئۆپێك” و هاوپەيمانەكانى كە بە “ئۆپێك پڵەس” ناسراون ڕێكکەوتن لەسەر كەمكردنەوەى بڕى هەناردەى نەوت بۆ بازاڕەكانى جيهان، ئەويش وەك پشتگيریيەك بۆ نرخى نەوت كە بەهۆى قەيرانى كۆرۆناوە دابەزينێكى بەرچاوى بەخۆيەوە بينيبوو، بەپێی ڕێککەوتنەکەش بڕياربوو عێراق ڕۆژانە يەك مليۆن و 60 هەزار بەرميل هەناردە كەمبكاتەوە. ئاژانسەكە ئەوەشى ڕونكردووەتەوە، بەپێى داتاكان تائێستاش عێراق دوورە لە پابەندبوون بە ڕێكکەوتنەكەوە، پێشتريش عێراق بە ئۆپێكى ڕاگەياندبوو كە لە مانگەكانى داهاتوودا قەرەبووى چوار مانگى ڕابردوو دەكاتەوە لە كەمكردنەوەى بڕى هەناردە.
باشورى عێراق دەروازەى سەرەكييە بۆ هەناردەى نەوت، بۆيە پێويستە ئاسەوارى پابەندبوون بە كەمكردنەوەى نەوت لەو دەروازەوە دەربكەوێت، پێشتريش ئەو وڵاتە ڕەتی دەكردەوە پابەندبێت بە هەوڵەكانى ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەى هەناردە و لە هەندێك كاتدا كەمترين پابەندبونى بە بڕيارەكانى رێكخراوەكەوە هەبووە، پێشتريش ئەوەى ڕاگەياندبوو كە لەبەرژەوەندى وڵاتە ئەگەر پابەندى ڕێكکەوتنەكە ببێت.
ڕۆيتەرز ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هەر بەپێى داتاكان هەناردەى نەوت لە باكورى عێراقەوە (هەرێمی کوردستان) زيادى كردوە، دوو سەرچاوەى ئاگادار ئەوەيان ڕونكردوەتەوە، پێشتر كە هەناردە لە هەرێمەوە370 هەزار بەرميل بووە لە مانگى شەشدا بەرزبووەتەوە بۆ 450 هەزار بەرميلى ڕۆژانە. بەپێى ئەو داتايانەش، هەناردەى نەوتى عێراق لە سەرەتاى مانگى حەوتدا ڕۆژانە 80 هەزار بەرميل زيادى كردوە.
ئاژانسەكە ئەوەشى ئاشكرا كردوە، بەپێى داتاكانى ئۆپێك، عێڕاق لە مانگى شەشدا 88% پابەندبووە بە ڕێکكەوتنى كەمكردنەوەى هەناردە، بەپێى ئەو بڕەشى كە ئێستا هەناردەى دەكات ئەوا پابەندبونى كەمدەبێتەوە بۆ 65%.