موسا چام پەرلەمانتارى جەهەپە چووە بۆ زیندان و سەردانى ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى مێردینی کردووە و ئەحمەد تورک ڕاگەیاندووە “ئاکەپە ئەو کەسانە پاکتاو دەکات کە بەیعەتى پێنادەن”.
ئەمڕۆ ٣٠ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ موسا چام پەرلەمانتارى جەهەپە چووە بۆ زیندانى سلیڤێرى ئیستانبول و سەردانى ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى مێردین، نورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتارى هەدەپە، سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکى پارتى هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و ژمارەیەکى تر لە ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکانى کردووە لەو زیندانەدا.
ئەو پەرلەمانتارى جەهەپە لە دواى چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەحمەد تورک وتویەتى ئەحمەد تورک ڕایگەیاندووە “غەیرى چالاکییەکان بۆ ئاشتى، برایەتى و ئازادى بەشداریى هیچ چالاکییەکى ترم نەکردووە. هەندێکجاریش بەهۆى کەم و کوڕی و هەڵەوە ڕەخنەم لە حزبەکەى خۆشم گرتووە”.
ئەحمەد تورک ڕاشیگەیاندووە “ئێستا لێرە ڕوون دەبێتەوە، ئاکەپە ئەو کەسانە پاکتاو دەکات کە بەیعەتى پێنادەن. ئەمە قۆناغى پاککردنەوەى ڕێگایەکە. دەیانەوێت پێش ڕیفراندۆمى سەرۆکایەتى گوڵستانێکى بێ دڕک دروست بکەن، بەڵام ئێمە تەسلیمى ئەوە نابین. هەتاوەکو بژیم، درێژە بە تێکۆشانى خۆم دەدەم”.
ژیانى ئەحمەد تورک و هەڵوێستەکانى
ئەحمەد تورک کە تەمەنی ٧٤ ساڵە، کە لە ناو خەڵکى باکوورى کوردستاندا بە ئاپێ ئەحمەد ناو دەبرێت، لە ٢ی تەموزی ساڵی ١٩٤٢ لەشاری مێردینی باکوری کوردستان لەدایکبووە و دوای کۆچى دوایى باوکیشى لە ساڵی ١٩٥٤دا ژیانی سیاسیی دەستیپێکردووە.
بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٧٣دا لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل بووەتە پەرلەمانتار، بەڵام دوای کۆتاییھاتنی خولی چوار ساڵەی پارلەمان، دەستی لە ئەندامییەتی ئەو پارتە کشاندەوە و بوو بە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە).
دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ دەستگیرکراو بۆ ماوەیەکى زۆر لە زیندانی ئامەد بە قورسترین شێوە ئەشکەنجە درا، لە ساڵی ١٩٨٧ لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل بووەتەوە بە پەرلەمانتار.
ئەحمەد تورک لەساڵی ١٩٨٨دا لە کۆبۆنەوەیەکی جەماوەریدا لەشاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دژایەتیی خۆی لە سەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە نیشاندا، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا لەسەر ئەو هەڵوێستەی لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکراتی گەلەوە لە پارتەکە دوورخرایەوە.
لەساڵی ١٩٩٠دا بۆ یەکەمجار ئەحمەد تورک بە ھاوڕێیەتی لەیلا زانا و ژمارەیەک سیاسەتمەدارى دیکەی کورد پارتی زەحمەتکیشانی گەلیان دامەزراند، بۆ یەکەمجاریش توانیان ١٩ کورسیی پارلەمان بەدەست بهێنن.
هاوکات لەسەردەمی تۆرگۆت ئۆزالدا بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕى نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا سەردانی ئۆجەلانى کردووە.
لەساڵی ١٩٩٤ جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە و ٢٢ مانگ لە زینداندا مایەوە.
ساڵی ٢٠٠٥ بووە سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەپە) و لەسەر لیستی ھەمان پارت لە ساڵی ٢٠٠٧ بووە پەرلەمانتار، لە دوایین ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا بووە ھاوسەرۆکی شارەوانی مێردین.
ڕۆڵی ئەم سیاسەتمەدارە تەمەن ٧٤ ساڵە، ھەمیشە بووتە جێى نیگەرانیی دەستەڵاتدارنی تورکیا و لە دوایین پێشھاتیشدا، لە ١٧ى ئەم مانگەدا لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى تورکیاوە لە پۆستى هاوسەرۆک شارەوانیى مێردین لابرا، کە نزیکەی %٨٠ دەنگەکانی بەدەست ھێنابوو.
دوابەداوى ئەوە لە ڕۆژى ٢١ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە بە تۆمەتى پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە دەستگیرکرا و لە دواى چوار ڕۆژ دەستبەسەرى و ڕێگەنەدان بە بینى پارێزەرەکەى، ڕۆژى ٢٤ى تشرینى دووەم ڕەوانەى دادگاى شارى مێردین کرا.
میدیاکانیش بڵاویانکردبووە، ئەحمەد تورکیش وەک ناڕەزایەتى وەڵامى هیچ یەک لە پرسیارەکانى داواکارى گشتى و دادوەرەکانى تورکیاى نەداوەتەوە.
ڕۆژی ٢٤ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ دادگاى شارى مێردین بە تۆمەتى “ئەندامبوون لە ڕێکخستندا” سزاى زیندانیکردنى بۆ دەرکرد و دواى ئەوەش ڕۆژی ٢٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لەلایەن بەرپرسانى حکومەتى تورکیاوە بە فڕۆکە برا بۆ زیندانى سلیڤێریى شارى ئیستانبول تاوەکو ماوەى زیندانیکردنەکەى لەو زیندانەدا بەسەر ببات، کە هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر لە شارى مێردینى زێدى خۆیەوە دوورە.
ڕۆژی ٢٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ حەسیب کاپڵان پەرلەمانتارى پێشووى هەدەپە لە شاری شڕنەخ سەردانى ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى مێردینى کرد لە زیندانى سلیڤێریى شارى ئیستانبول و ڕایگەیاند، ئەحمەد تورکی تەمەن ٧٤ ساڵ لە بەشى نۆى زیندانى سلیڤێرى خراوەتە ژوورى تاکە کەسى و لە تەلەفزیۆن و کتێبیش بێبەشکراوە. ئەحمەد تورک لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە “جگە لە ئاشتى و دیموکراسى هیچ ڕێگایەکى ترمان لە بەردەمدا نییە”.
لە باکوورى کوردستان شارەکانى ئامەد، مێردین، وان و ئورفە (ڕحا) بە گەورە شارەکان دەناسرێن و لە ئێستادا هیچ یەک لەو گەورە شارانە شارەوانییەکانى لە دەستى کورددا نەماوە، چونکە حکومەتى تورکیا هاوسەرۆک شارەوانییەکانى ئامەد و وان و مێردینى زیندانیکردووە. لە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠١٤دا پاڵێوراوى ئاکەپە بۆ سەرۆک شارەوانیى وان بە جیاوازییەکى کەمەوە پێش عوسمان بایدەمیر پاڵێوراوى کورد بۆ سەرۆک شاروانیى ئورفە کەوت.
بەپێى یاساکانى تورکیا سەرۆک شارەوانییەکان بە هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و نابێت وەک بەڕێوەبەرى ناحیە، قائیمقام و پارێزگا لەلایەن حکومەت و وەزارەتى ناوخۆوە دابنرێن.
سەرۆک شارەوانییەکانى باکوورى کوردستان ئەندامى پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)ن، کە خاوەنى ١١٥ سەرۆک شارەوانییە لە باکوورى کوردستان. حکومەتى تورکیا لە چوارچێوەى یاساى بارى نائاسایدا، تا ئێستا ٧٠ هاوسەرۆک شارەوانیى دەبەپەى لەکارەکانیان دوورخستەوە و لە بریى زۆربەى ئەو سەرۆک شارەوانیانە، نوێنەرانى حکومەت (قەیوم) دانراون بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى سەرۆک شارەوانییەکانى باکوورى کوردستان.