لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی سادق عەزم: تەنها شتێك كە دەتوانێت كۆمەڵگەی ئیسلامی لەقەیران‌ رزگار بكات، ریفۆرمی ئایینیە

سادق عەزم: تەنها شتێك كە دەتوانێت كۆمەڵگەی ئیسلامی لەقەیران‌ رزگار بكات، ریفۆرمی ئایینیە

0 تێبینییەکان 22 بینینەکان

sadq hazmبیریارێكی ناوداری عەرەب ئاماژە بەوە دەكات كە گرفتی سەرەكی كۆمەڵگەی ئیسلامی ئەوەیە نەیانتوانیوە بیروباوەڕی ئایینی خۆیان لەگەڵ دنیای مۆدرێندا بسازێنن، ئەو دەڵێت “زۆربەی خەڵكی موسڵمان رەفای مادی جیهانی مۆدێرن‌و بیروباوەڕی سەدەكانی ناوەڕاستیان پێكەوە دەوێت”.

سادق جەلال عەزم، بیرمەندی ناوداری سوری، بەرۆژنامەی “نویە زوریشە تسایتونگ”ی ئەڵمانی راگەیاندوە كە “رەوتە ئیسلامییەكان هەڵگری ڤایرۆسەكانی یەك نەخۆشین، هەمویان گوزارشت لەشكستی رەوتی مۆدێرنەی عەرەبی دەكەن، ئەوان بێتوانان لەوەی گەشەو پێشكەوتن ئەنحامبدەن‌و رەوتی ئیسلامی جۆرێك لەكاردانەوەیە بەرامبەر بەو شكستە”.

ناوبراو، “رەخنە گرتن لەكلتور” بەگرنگترین ئەركی رۆشنبیرانی كۆمەڵگەی عەرەبی دەزانێت‌و پێیوایە كە ئەم رەخنەیە پێویستە بەشێوەیەكی ریشەیی‌و دلێرانە، لەرەخنەگرتن لەو رێنمایی‌و ریشە ئایینیانەوە دەستپێبكات كە لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا ناگونجێن”.

سادق عەزم خۆی ئەم رەخنەیەی چەند ساڵێك لەمەوبەر بەنوسینی “رەخنەی بیركردنەوەی دینی” دەستپێكرد‌و روبەروی ئازاری ئیسلامییە دەمارگیرەكان بۆوە‌و كار گەیشت بەوەی فتوای كوشتنی بدەن.

ناوبراو، مەرجەعە دینیە باڵادەستەكانی جیهانی ئیسلامی وەك ئەزهەر لەمیسر یان بنەماڵەی سعودی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە بەزۆرو دەمارگیری رێگەیان لەریفۆرمی ئایینی لەئیسلامدا گرتوە‌و نەیانهێشتوە ئەم ئایینە لەگەڵ پێویستیەكانی سەردەم خۆی بگونجێنێت، ئەوان لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی مەعنەوی‌و سیاسی خۆیان دژایەتی هەر جۆرە هەوڵێكی نوێكردنەوەیان كردوە‌و بەمەش زەمینەیان بۆ گەشەی توندڕەوی فەراهەم كردوە، بەجۆرێك كە بەشێوەی ڤایرۆسی نەخۆشییەك سەرتاسەری كۆمەڵگە ئیسلامیەكانی گرتوەتەوە. ئەو دەڵێت “ئیسلامی تەقلیدی بمانەوێ‌‌و نەمانەوێ‌ سەرەنجام بەداعش كۆتایی دێ‌‌و هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نیە”.

سادق عەزم، دامەزراندنی سیستەمی سیكولار‌و پرەنسیپی جودایی دین لەسیاسەت بەكارێكی زۆر گرنگ دەزانێت، بەڵام پێیوایە بەتەنها ئەمە بەس نیە، ئەو بڕوای بەوەیە كە بەپارێزگاری كردن لەبیروباوەڕی ئیسلامی لەسەر بنەمای شەریعەت، سكولاریزم مەحاڵە. ئەو دەڵێت “بەر لەهەر شتێك پێویستە خودی ئەم جۆرە بیركردنەوەیە ریفۆرمی تێدا بكرێت‌و لەگەڵ پێویستیەكانی دنیای مۆدێرندا بگونجێنرێت”.

دەشڵێت “تەنها شتێك كە دەتوانێت كۆمەڵگەی ئیسلامی لەقەیران‌و سەرگەردانی ئێستا رزگار بكات، ریفۆرمی ئایینیە، هەر بەو شێوەیەی كە پرۆتستانیزم ئایینی مەسیحی ئامادەكرد بۆ قبوڵكردنی شارستانیەتی مۆدێرن”.

بەبڕوای ئەو، ریفۆرمی ئایینی پێویستە لەسەر دەستی رۆشنبیرانی موسڵمان خۆیان ئەنجامبدرێت‌و ستایشی بیرمەندانی وەك نەسر حامد ئەبو زەیدو محەمەد ئەرگۆن‌و محەمەد شەحرور دەكات، بەڵام “حەیف هەوڵی فكری ئەم بیرمەندانە هەرگیز نەبوە تەوژمێكی بەهێز‌و كاریگەر كە گۆڕانكاریی لەئایینی ئیسلامدا دروستبكاتن بەجۆرێك كە بیروباوەڕی ئایینی ئیسلام لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ‌و ئازادییە تاكەكەسییەكان بگونجێنێت”.

ئەو جەغت لەوە دەكات كە ئیسلام تا ئێستا ریفۆرمخوازێكی وردبین‌و دلێری وەك مارتن لۆسەری دامەزرێنەری مەزهەبی پرۆتستانتی بەخۆیەوە نەدیوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە