تۆماس فریدمان:
ده‌نگدانه‌كه‌ی زۆرینه‌یه‌كی كه‌می بریتانیا بۆ به‌جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆتایی دنیا نیه، به‌ڵام نیشانی ده‌دات كه چۆن ده‌گه‌ینه ئه‌و كۆتاییه. ئه‌و وڵاته‌ی كه یه‌كێكه له گه‌وره هێزه‌كانی ئه‌وروپا، پاسه‌وانێكی دێرینی لیبراڵ دیموكراسی و لیبراڵیزم و بازاڕی ئازاده، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی چه‌ند سیاسییه‌كی ره‌شبینه‌وه كه ده‌یانه‌وێت به سوودوه‌رگرتن له ترسی كۆمه‌ڵگه له په‌نابه‌ره‌كان، پێگه‌ی خۆیان ببه‌نه پێشه‌وه. له‌م بابه‌ته ته‌واو ئاڵۆزه‌دا، كه ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكی كه‌م به‌ته‌واوه‌تی له مه‌وداكه‌ی تێده‌گەن، ته‌نیا دوو بژارده‌ی تاریك له‌به‌رده‌می خه‌ڵكدا ده‌هێڵنه‌وه- بژارده‌ی مانه‌وه یاخود جیابوونه‌وه له یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌و سیاسییانه گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌گه‌كه هه‌رگیز ئوتومبیله‌كه ناگرێته‌وه و خۆیان ده‌بنه خاوه‌نی باشترینی جیهان- دژایه‌تی شتێك ده‌كه‌ن كه جه‌ماوه‌ری نیه به‌ڵام ناچار نین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پاشهاته‌كانی ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن كه ده‌نگیان بۆ خۆلێرزگاركردنی داوه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌جۆرێك به درۆ و ترساندن و به‌لاڕێدابردن له ئاستی مشتومڕه‌كانیان دابه‌زاندووه و بردنه‌وه‌كه‌ش زۆرینه‌یه‌كی ساده‌ی پێویسته، بۆیه لایه‌نگرانی جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا ته‌نیا به رێژه‌یه‌كی كه‌م سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا.
به‌كورتییه‌كه‌ی: سه‌گه‌كه ئوتومبیله‌كه‌ی گرته‌وه. به‌ڵام ئێستا به دڵنیاییه‌وه نازانێت چی له ئوتومبیله‌كه بكات. هیچ به‌رنامه‌یه‌ك نیه. ته‌نیا وه‌ڕین نه‌بێت. وه‌ك وتم، هێشتا دنیا كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌مان ئه‌م فێڵه ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وا تووشی كێشه‌یه‌كی بچوك ده‌بینه‌وه. ده‌نگده‌رانی دۆناڵد تره‌مپ ئاگاداربن: ئه‌مه چاره‌نووسی وڵاتێكه كه به‌و زۆربڵێیانه بخه‌ڵه‌تێت كه پێیانوایه ژیان ده‌توانێت لاسایی تویته‌ر بكاته‌وه- واته به وه‌ڵامی ساده، پرسیاره قورسه‌كان وه‌ڵام بدرێنه‌وه- و پیاوانی بچكۆله بتوانن سیستمه گه‌وره ئاڵۆزه‌كان ته‌نیا به به‌رزكردنه‌وه‌ی دیوار بگۆڕن و هه‌موو شتێك خۆشببێت. به‌ڵام من لاده‌ده‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ی كشانه‌وه له یه‌كێتی ئه‌وروپاش وه‌ڵامێكی گونجاو نیه بۆ بریتانیا، هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م باسه بردییه‌وه، هه‌رچه‌نده به درۆ، به‌ڵام ئه‌مه پێت ده‌ڵێت كه شتێك هه‌یه خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕاستی نیگه‌ران كردووه. ئه‌مه چیرۆكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی ئێمه‌یه: خێرایی گۆڕانكارییه‌كان له بواری ته‌كنه‌لۆجیا و به‌جیهانیبوون و گۆڕانكاریی كه‌شوهه‌وا، توانای سیستمه سیاسییه‌كانی ئێمه‌ی بۆ دروستكردنی ئه‌و داهێنانه كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و جڤاتی و كاری سیاسییانه تێپه‌ڕاندووه كه بۆ به‌رده‌وامبوونی به‌شێك له هاووڵاتییه‌كان پێویستن.
ئێمه بازرگانی و پیشه‌سازییمان به‌جیهانی كردووه و رۆبۆت و سیستمی ژیریی ده‌ستكردمان زۆر خێراتر دروست كردووه به به‌راورد به دروستكردنی تۆڕه‌كانی سه‌لامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاسه‌وانانی هه‌ڵمه‌تی بازرگانی و بژارده‌كانی پێشكه‌وتنی په‌روه‌رده‌یی كه ئه‌مانه رێگه به‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن له‌م قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌دا چه‌قیان به‌ستووه كه كات و بوار و كه‌ره‌سه‌ی گه‌شه‌كردنیان هه‌بێت. ئه‌مه زۆر كه‌سی گێژ كرد و شوێنی لێ شێواندن. له هه‌مانكاتدا، ئێمه به مه‌به‌ست سنوره‌كانمان كرده‌وه- یاخود لێشاوێكی بێ وێنه‌ی په‌نابه‌ره نایاساییه‌كانی وڵاته شكستخواردووهكانمان ئه‌زمون كرد- و ئه‌مه‌ش وایكرد هه‌ندێ كه‌س هه‌ست بكه‌ن له رووی كه‌لتورییه‌وه سه‌قامگیر نین و”ماڵ”ه‌كه‌یان له‌ده‌ستده‌ده‌ن به قوڵترین مانای ئه‌و وشه‌یه. هه‌قیقه‌ته فیزیكییه‌كه‌ی كۆچ، به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپا، نه‌ك ته‌نیا تواناكانی وڵاتانی خانه‌خوێی بۆ له‌خۆگرتنی كه‌سه‌كان تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵكو توانای پهنابهرهكانیشی بۆ لهخۆگرتنهكه تێپه‌ڕاندووه- و هه‌ردوو ئه‌مانه‌ش بۆ سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگن و ئه‌م گۆڕانكارییه خێرایانه‌ش له كاتێكدا رووده‌ده‌ن كه هه‌رگیز سیاسه‌تمان ئه‌وه‌نده له بنبه‌ستدا نه‌بووه و ئه‌وه‌نده بێ‌توانا نه‌بووه به‌رامبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌قڵی باو- بۆ نموونه ئه‌وه‌ی كه حكومه‌ته‌كان پاره به سوودی نزیك له (سفر) وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی له‌و ژێرخانه پێویستانه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری پێبكه‌ن كه هه‌لی كار به‌رهه‌مده‌هێنن و وامان لێده‌كه‌ن باشتر سوود له ته‌كنه‌لۆجیاكان وه‌ربگرین.
نادر موسه‌ویزاده، كه هاوسه‌رۆكی كۆمپانیای نێوه‌ده‌وڵه‌تی (ماكرۆ ئه‌دڤایزه‌ری پارتنه‌رز)ه كه بنكه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له له‌نده‌نه، ده‌ڵێت: “له ساڵی 2008ه‌وه، هێزی سیاسی له خۆرئاوا له تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خۆیدا سه‌باره‌ت به شه‌رعییه‌ت و به‌رپرسیارێتیی شكستیهێناوه و له‌تاوا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئه‌و شه‌رعییه‌ت و به‌رپرسیارێتییه‌ی داخوراندووه، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی وازهێنان له به‌رپرسیارێتییه لێنهبووراوهكه به‌هۆی گرتنه‌به‌ری گشتپرسیدا له یه‌كێتی ئه‌وروپا .” به گوته‌ی موسه‌ویزاده، پێویسته تێبگه‌ین له‌وه‌ی “كێشه‌كه‌ی به‌رده‌ممان (یه‌كگرتن)ه نه‌ك (په‌نابه‌رێتی).” ئه‌زموونه كردارییه‌كه‌ی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌وروپا ئه‌و راستییه‌یه كه “كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌یی و فرهئیتنی لێره گه‌شه‌ی سه‌ندووه و به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه سوود و خۆشگوزه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی به‌دیهێناوه. پێویسته ئێمه فۆكه‌سی سه‌ر كێشه‌كه- و چاره‌سه‌ره‌كه- بگۆڕین له‌سه‌ر واقیعه فیزیكییه‌كه‌ی كۆچكردنهوه بۆ سه‌ر ته‌حه‌دا سیاسی و ئابورییه‌كانی یه‌كگرتن.”
خوێندنگه و نه‌خۆشخانه و دامه‌زراوه گشتییه‌كان به‌گشتی، ناتوانن رووبه‌ڕووی ته‌حه‌داكانی سه‌ده‌ی 21 ببنه‌وه “ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌كگرتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت.” له راسیتدا، به بۆچوونی من، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به باشترین جۆر په‌ره به فره‌یی ده‌ده‌ن ده‌بنه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له سه‌ده‌ی21دا زۆرترین گه‌شه‌كردن به‌خۆوه ده‌بینن. ئه‌و وڵاتانه زۆرترین سه‌قامگیریی سیاسی‌یان ده‌بێت و زۆرترین به‌هره‌كان به‌لای خۆیاندا راده‌كێشن و ده‌توانن له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵكدا هاوكاری بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه كارێكی سه‌خته. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه ته‌كنه‌لۆجیا ئێمه زۆر به توندی پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و لێشاوی زه‌به‌لاحی داهێنان و زانیاری و په‌یوه‌ندییكردن و بازرگانی دروست ده‌كات، داهاتوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه تۆڕ دروست ده‌كه‌ن نه‌ك دیوار، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌توانن یه‌كبگرن نه‌ك ئه‌وانه‌ی جیا ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو وه‌رگرتنی زۆرترین سوود له‌م شه‌پۆلانه‌یه.
به‌جێهێشتنی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌لایه‌ن بریتانیاوه، بارودۆخێكه كه هه‌ردوولا تیایدا دۆڕاون. هیوادارم هه‌ڵمه‌تی (په‌شیمانبوونه‌وه له ده‌رچوون) بتوانێت هه‌ڵمه‌تی (ده‌رچوونی بریتانیا)كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌مریكاییه‌كانیش ترامپ تووڕ بده. هه‌رگیز ئه‌وه‌ت له‌یاد نه‌چێت كه له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، پرۆژه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا “وه‌كو هێزی ئاشتی، خۆشگوزه‌رانی، دیموكراسی و ئازادی له جیهاندا ده‌ركه‌وت” ئه‌مه به گوته‌ی ئێریك بینهۆكهری به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری په‌یمانگای (بیركردنه‌وه‌ی ئابووریی نوێ) له ئۆكسفۆرد. “ئه‌مه یه‌كێكه له مه‌زنترین ده‌ستكه‌وته‌كانی مرۆڤایه‌تی. له‌بری ئه‌وه‌ی رێگه به داڕمانی بده‌ین، پێویسته شۆكی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی (ده‌رچوونی بریتانیا) بۆ دووباره وێناكردن و چاكسازی و دووباره بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌وروپایه‌كی نوێ به‌كاربهێنین.”
سەرچاوە: نیویۆرك تایمز
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا