راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری سیاسەتی دارایی دەڵێت، هەر رێككەوتنێكی نەوتی تازە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، پێویستە بە وتووێژ و گفتوگۆ بێت.
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری سیاسەتی دارایی مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، هەر رێككەوتنێكی نەوتی تازە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، پێویستە بە رێگەی وتووێژەوە بێت و وردبینی ژمێریاری بۆ بكرێت و لەگەڵ رەخساندنی شەفافییەت لە مامەڵەكردن.
پێیشتر گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان ئامادەیە نەوتەكەی لە رێگەی بەغداوە بفرۆشێت، ئەگەر مانگانە حكوومەتی فیدراڵ 100 ملیار دۆلار لە بوودجەی گشتی بداتە هەرێمی كوردستان.
ساڵح گوتی: “حكوومەتی فیدراڵی ناتوانێت لە بەرامبەر رێككەوتنێكی نەوتی تازە بڕە پارەیەكی وەها بداتە هەرێمی كوردستان، چونكە دەبێت ئەو بابەتە بگەڕێندرێتەوە سەر مێزی وتووێژەكان و بەوردی قسەی لەسەر بكرێت و هەروەها دەبێت وردبینی ژمێریاری بۆ بكرێت لەگەڵ رەخساندنی شەفافیەت لە مامەڵەكردندا”.
راوێژكارەكەی حكوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەیش كرد، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی حكوومەتی ئیتیحادییەوە، مەبەست و ئامانجی هەموو لایەنەكانە، لەبەرئەوەی خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی وڵات دەكات و مافەكانی هەموو لایەك دەستەبەر دەكات.
ئەو دەشڵێت، دیاریكردنی بڕە پارە، پەیوەستە بە رێژەی هەناردەی نەوت و نرخی فرۆشتنی نەوت و یاسایی بوودجەی گشتیی ساڵی 2016.
لە 2ی كانوونی 2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو رێككەوتنە نەوتییەی پەسەند كرد كە لە نێوان بەغدا و هەولێر واژۆ كرابوو و بەپێی رێككەوتنەكە، دەبوو هەرێمی كوردستان بەلانیكەم 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی لەگەڵ 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك، رۆژانە رادەستی حكوومەتی فیدراڵی بكردایە بەڵام ئەو رێككەوتنە بەشێوەیەكی كۆتایی لە وەرزی هاوینی ساڵی رابردوودا لەكار وەستا و هەرێمی كوردستان بێ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی فیدراڵی نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە كرد و لە بەرامبەریشدا، حكوومەتی فیدراڵی پشكی هەرێمی كوردستانی لە بوودجەی گشتیی كە 17 لەسەدا، بڕی.