ئا: جوتیار شه‌ریف، ئه‌سته‌نبوڵ
ئارام كوڕێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵی كه‌لارییه، پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سێ هاوڕێیدا دوای قسه‌ی قاچاغچیی كه‌وتوه‌و هاتوه‌ته توركیا، به‌ڕێگه‌ی هه‌رزانی ده‌ریای ئیجه‌دا قاچاغچی بردوینیه‌تیه دورگه‌یه‌كی یۆنان، به‌ڵام له‌وێ پۆلیسی یۆنانی گرتونی‌و ره‌وانه‌ی دورگه‌یه‌كی چۆڵی سه‌ر سنوری توركیای كردون، له‌و دورگه چۆڵه‌دا چوار رۆژ‌و شه‌و بێ نان‌و ئاو‌و له‌سه‌رمادا ماونه‌ته‌وه‌و حاڵیان فره په‌رێشان بوه، هه‌ر چۆنێك بوه بۆ ئه‌وه‌ی تیا نه‌چن خۆیان گه‌یاندوه‌ته‌وه توركیا‌و ئێستا له‌ئه‌سته‌نبوڵن، ئارام وتی “له‌وه نه‌گبه‌تتر نیه له‌م دنیایه‌دا بڕوا به‌قاچاغچی ده‌كات”.
وتیشی “ئه‌و قسانه‌ی قاچاغچیه‌كان له‌كوردستان ده‌یكه‌ن هیچی لێره وانییه‌و هه‌موی فێڵ‌و درۆ‌و قۆڵبڕینه، نه شوقه‌یان هه‌یه‌و نه جێگه‌یه‌كی ماقوڵ بۆ حه‌وانه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك‌و نه گه‌ره‌نتی ده‌رچونیش به‌ره‌و بولگاریا یان یۆنان”.
ئارام نمونه‌یه‌كه له‌ده‌یان هاوڵاتی كوردستان كه به‌قسه‌ی قاچاغچییه‌كان تێده‌كه‌ون‌و روده‌كه‌نه توركیا تا له‌وێوه به‌قاچاغ به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌ڕێبكه‌ون، “ئاكسه‌رای” كه ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری ئه‌سته‌نبوڵه‌وه چه‌قی به‌یه‌كگه‌یشتنی زۆربه‌ی قاچاغچییه‌كان‌و نه‌فه‌ره‌كانیانه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌كوردستان به‌ر له‌گه‌یشتنه توركیا یان له‌ئه‌سته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌كی كورد رێكده‌كه‌ون، به‌ڵام ئیتر ئه‌وان له‌ئه‌سته‌نبوڵه‌وه خۆیان‌و ئاینده‌و چاره‌نوسیان راده‌ستی رێبه‌رێكی ئه‌فغانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانگه‌یه‌ننه سۆفیا یان ئه‌سینا.
دڵشاد كوڕێكی هه‌ولێرییه‌و له‌چوارچێوه‌ی وه‌جبه‌یه‌كدا تا سنوری بولگاریا له‌گه‌ڵ رێبه‌رێكی ئه‌فغانی رۆیشتوه، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه دوای چه‌ند رۆژێك مانه‌وه له‌ئه‌سته‌نبوڵ كه له‌لایه‌ن قاچاغچییه‌كانه‌وه گوشاری بۆ هێنراوه تاپاره‌ی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه ناخۆشه ده‌ربازی بێت كه له‌توركیا به‌هۆی نائومێدی‌و نه‌زانینی زمانه‌وه تێیكه‌وتوه، سه‌ره‌نجام به (80 وه‌ره‌قه) له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌ك رێكه‌وتوه له‌رێگه‌ی وشكانیه‌وه بیانگه‌یه‌نێته سۆفیای پایته‌ختی بولگاریا.
ئه‌و وتی “وه‌جبه‌كه‌مان 25 كه‌س بو كه زۆربه‌یان كورد بون، رێبه‌ره‌كه‌مان ئه‌فغانیه‌ك بو، به‌ڵام چوار پێنج ئه‌فغانی تریش به‌ناوی نه‌فه‌ره‌وه هاتبونه وه‌جبه‌كه‌وه، كه دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌م ئه‌فغانیانه گروپێكن پێكه‌وه‌ن‌و واخۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه نه‌فه‌رن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی وه‌جبه‌كه له‌گه‌ڵ رێبه‌ره‌كه‌دان”.
وتیشی “ئه‌م گروپه ئه‌فغانییه داری كاره‌بایی‌و بۆكس خه‌نجه‌رو چه‌قۆیان پێبو، هه‌ر كێشه‌و ناڕه‌زاییه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سێكی وه‌جبه‌كه‌وه دروستبوایه هه‌ڵیانده‌كوتایه سه‌ری، كه خۆم یه‌كێك بوم له‌وانه‌ی له‌سه‌ر سنوری بولگاریا سه‌باره‌ت به‌خراپی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رێبه‌ره‌كه بوه ده‌مه‌قاڵه‌م، یه‌كێكیان داری كاره‌بایی ده‌رهێناو ئازاریان پێگه‌یاندم به‌ڵام نه‌فه‌ره‌كان نه‌یانهێشت، ئه‌مه وایكرد وه‌جبه‌كه‌مان بگه‌ڕێته‌وه ئه‌سته‌نبوڵ”.
قاچاغچییه كورده‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ، خه‌ڵكی هه‌مو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان تیایه، بادینانی‌و سلێمانیی‌و هه‌ولێریش هه‌ن، به‌ڵام ژماره‌ی قاچاغچی سلێمانی‌و زاخۆیی له‌ئه‌سته‌نبوڵ زیاترن، زۆربه‌ی رێبه‌ره‌كانیش كه نه‌فه‌ر له‌توركیاوه به‌ره‌و یۆنان یان بولگاریا ده‌به‌ن ئه‌فغانین‌و به‌شێكی كه‌میشیان عه‌ره‌بی سورین، ژماره‌یه‌ك قاچاغچی فارس‌و ئازه‌ریش له‌ئه‌سته‌نبوڵ هه‌ن كه نه‌فه‌ری ئێرانیی به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌به‌ن.
عیماد “ناوی خوازراوی قاچاغچییه‌كی كورده” كه 25 ساڵه ئه‌م كاره ده‌كات‌و له‌ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ژی، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه له‌توركیاوه بۆ گه‌یشتنه ئه‌وروپا دو رێگه هه‌ن، یه‌كه‌میان رێگه‌ی وشكانیه كه بولگاریایه، دوه‌میشیان رێگه‌ی ئاوییه كه یۆنانه، ئه‌و وتی “نرخی رێگه‌ی بولگاریا له‌نێوان 70 وه‌ره‌قه بۆ ده‌فته‌رێكدایه، رێگه‌ی یۆنانیش دو جۆره رێگه‌ی ئاوی سالۆنیك زۆر كورته‌و به‌باخیره نرخه‌كه‌ی له‌نێوان 80 بۆ 85 وه‌ره‌قه‌دایه، ئه‌ویتریشیان رێگه‌ی ده‌ریای ئیجه‌یه كه نه‌فه‌ر به‌چوپ ده‌ڕۆن، زۆر مه‌ترسیدار‌و زۆر هه‌رزانیشه كه به10 وه‌ره‌قه تا 15 وه‌ره‌قه نه‌فه‌ره‌كان ده‌په‌ڕێنرێنه‌وه‌و زیاتر ئه‌وانه‌ی پاره‌یان پێنییه ئه‌م رێگایه ده‌گرنه‌به‌ر، كه زۆربه‌یان سوریین”.
وتیشی “رێگه‌ی قاچاغ له‌توركیاوه تانه‌مساو ئه‌ڵمانیا ده‌كرێن به‌چه‌ند قۆناغێكه‌وه كه قۆناغ به‌قۆناغ رێبه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، كه له‌كۆتایی هه‌ر قۆناغێكدا وه‌جبه‌كان له‌رێبه‌رێكه‌وه راده‌ستی رێبه‌رێكی تر ده‌كرێن”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌شێك له‌قاچاغچیه‌كان ئه‌وانه‌ن كه ده‌سه‌ڵات‌و توانایه‌كی زۆریان هه‌یه‌و پاره‌و به‌رتیل ده‌ده‌ن به‌پۆلیسه‌كانی سه‌ر سنور‌و خۆشیان ده‌زانن وه‌جبه‌كانیان گره‌نتییه‌و نرخه‌كه‌یان گرانه، هه‌شیانه تازه خه‌ریكی ئه‌م كاره‌ن‌و زۆرجار نه‌فه‌ره‌كانیان روبه‌روی مه‌ترسی ده‌كه‌نه‌وه.
عیماد ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه هه‌ندێكجار قاچاغچی ئاماده‌یه وه‌جبه‌یه‌ك له‌نه‌فه‌ره‌كانی بدات به‌گرتن بۆ ئه‌وه‌ی دو وه‌جبه‌ی تر ده‌ركات، ئه‌و وتی “بۆ نمونه قاچاغچییه‌ك 30 نه‌فه‌ری هه‌یه ده‌یكات به‌دو وه‌جبه‌ی 10 نه‌فه‌ری‌و 20 نه‌فه‌ریی بۆ ئه‌وه‌ی 10 نه‌فه‌ره‌كه به‌گرت بدات‌و له‌ملاوه 20 نه‌فه‌ره‌كه ده‌ربكات”.
وتیشی “له‌جه‌ژنه‌وه تا ئه‌مدوایه‌ش هه‌مو رۆژێك وه‌جبه‌یه‌كی 25 كه‌سیمان هه‌بوه كه به‌لانیكه‌مه‌وه بیستیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بون”.
عیماد جه‌غت له‌وه‌ش ده‌كات كه زیاتر له100 قاچاغچی به‌ناوبانگی كوردستان ئێستا له‌ئه‌سته‌نبوڵ چالاكن، به‌شێكیان هێنده گه‌وره‌و به‌ناوبانگ بون كه له‌گه‌ڵ گروپی مافیایی ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌فه‌ری پێدا تێده‌په‌ڕێت له‌په‌یوه‌ندیدان‌و نه‌فه‌ریان ناگیرێت‌و نرخه‌كه‌یان گرانه له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پۆلیس له‌هه‌ردو دیوی توركیا‌و بولگاریا دروستكردوه‌و به‌رتیل ده‌ده‌ن، ئه‌و وتی “قاچاغچیش هه‌یه ریسك ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێكیشیان شكات له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن لای پۆلیس‌و له‌كاتی ده‌ركردنی وه‌جبه‌دا ئیخباری یه‌كتر ده‌كه‌ن”.
وتیشی “قاچاغچی به‌ته‌نها نین، به‌ڵكو به‌گروپن، جاری وایه چوار پێنج برا به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن، قاچاغچییه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و رێبه‌ری خۆیان هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی نه‌فه‌ره‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و له‌نوسینگه‌یه‌كی كوردستان پاره ده‌خه‌وێنن، له‌ئه‌سته‌نبوڵ سه‌روكاری گه‌یاندنیان به‌سۆفیا یان ئه‌سینا رێكده‌خه‌ن”.
عیماد ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌نه‌فه‌ری وه‌رده‌گرن له‌نێوان رێبه‌رو قاچاغچیدا به‌ش ده‌كرێت، ئه‌و وتی “ئه‌گه‌ر نه‌فه‌ره‌كان نه‌گیرێن‌و به‌رتیل نه‌ده‌ین، جاری وایه له‌وه‌جبه‌یه‌كی 25 نه‌فه‌ری 8 بۆ 10 ده‌فته‌ر قازانج ده‌كه‌ین، چونكه هه‌ر نه‌فه‌رێك بۆ گه‌یشتنه بولگاریا 70 تا ده‌فته‌رێك وه‌ره‌قه وه‌رده‌گرین، جاری واشه كه به‌رتیلی زۆری تێكه‌وتوه له‌وه‌جبه‌یه‌كدا ته‌نها 50 وه‌ره‌قه‌مان بۆ ماوه‌ته‌وه”.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ئه‌سته‌نبوڵ سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ قاچاغچییدا ده‌بێت، ده‌بینن كه ئه‌وان له‌شوقه‌ی زۆر رازاوه‌دا ده‌ژین‌و شه‌وگاریان له‌گه‌ڵ مه‌شروب‌و به‌زمدا به‌سه‌رده‌به‌ن‌و جگه له‌نه‌فه‌ر دۆزینه‌وه هیچ ناكه‌ن‌و ته‌نها دانیشتون‌و ئه‌وه رێبه‌ره ئه‌فغانیه‌كانن كه نه‌فه‌ره‌كان به‌ره‌و سۆفیا یان یۆنان ده‌گوازنه‌وه، زۆرجاریش ئه‌م قاچاغچییانه چل په‌نجا نه‌فه‌ر له‌كاتی مانه‌وه‌یاندا له‌ئه‌سته‌نبوڵ له‌شوقه‌یه‌كی پیس‌و روبه‌ر بچوكدا داده‌نێن هه‌تا رێبه‌ر دێت به‌دوایاندا.
عیماد كه به‌روكه‌ش دوكانی شیرینی هه‌یه له‌ئه‌سته‌نبوڵ، به‌شی پشته‌وه‌ی دوكانه‌كه‌ی دیسكۆیه، ئه‌و وتی “لێره‌دا شه‌وانی سور بۆ زۆربه‌ی قاچاغچییه‌كان‌و بازرگانه كورده‌كان دروست ده‌كه‌م، كچی روسی پله یه‌ك له‌م دیسكۆیه‌دا كار ده‌كه‌ن”.
ناوبراو كه نایت كلوپی شاراوه‌ی هه‌یه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا كاری نه‌فه‌ر بردنیش ده‌كات، وتی “پێشتر كه له‌كوردستان بوم چه‌پ بوم، به‌ڵام ده‌مێكه بڕوام به‌ئایدلۆژیا نه‌ماوه‌و ئێستا ته‌نها باوه‌ڕم به‌دنیای چێژ‌و غه‌ریزه‌یه”.
زۆربه‌ی ئه‌و قاچاغچیه كوردانه‌ی له‌ئه‌سته‌نبوڵن هه‌ر له‌كاتژمێر 11و 12ی شه‌وه‌وه، ده‌چنه دیسكۆكان‌و به‌ره‌به‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شوقه‌كانیان، له‌به‌ره‌به‌یانیشه‌وه تا دوای نیوه‌ڕۆ له‌خه‌و هه‌ڵناسن، ده‌مه‌و ئێواره كه له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستن به‌ته‌له‌فون ده‌كه‌ونه په‌یوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ سلێمانی‌و رێبه‌ره‌كان‌و نه‌فه‌ره‌كانیان تا بزانن گه‌یشتونه‌ته كوێ، ئێوارانیش خه‌ریكی پاره حه‌واڵه كردن یان حه‌واڵه وه‌رگرتنن، عیماد وتی “قاچاغچییه‌كان پاره‌ی خه‌یاڵییان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام زۆربه‌ی ده‌ده‌ن به‌شه‌وانی دیسكۆو ئافره‌تی روسی”.