سروودە کرێکارییەکان
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ):
چواردە سروودی کرێکارین
چاپی یەکەم ٢٠١٦
ئەم سروودە کرێکارییانە پێشکەشە بە یەک بە یەکی ئەو ئینسانانەی کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان وەک سەنگەری بەرگری لە مەدەنیەت و سکیولاریزم و بەهاکانی ژیان لە دژی ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری و هەروەها لە بەرانبەر کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیی وەستاونەتەوە و دەجەنگن.
هەروەها پێشکەشە بەو خەباتگێڕ و شۆڕشگێرە بەرچاو ڕوونانەی خەباتی چینایەتی لە گۆشە و کەنارەکانی جیهان کە بێهەدادان تێدەکۆشن لەپێناو بەرقەراربوونی ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزم.
وتەیەک
ئەم سروودانە زۆربەیان پێشتر بڵاو بوونەتەوە، بەتایبەتی لە دوایین کۆشیعرم (پشکۆکانی نێو ئاگردانی یاخیبوون) و هەندێکیشیان تازەن و هێشتا بڵاو نەبوونەتەوە. کۆکردنەوەی سروودەکانم لەم نامیلکەیە بە پێویست زانی تا هەر سروودبێژێک لە داهاتوودا بە ئاسانی بتوانێ دەستی پێیان ڕابگا و سوودیان لێ ببینێ. لەهەمان کاتیشدا ماوەیەکی زۆرە ( چەند دەیەیە) لە نێوەندی بڵاوکردنەوەی ئەدەب و هونەری کوردیی بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێرانە و کرێکاریی، نەبینراوە. ئەم نامیلکەیە شڵەقاندنی ئەو گۆمە بێدەنگەیە تا نووسەران و شاعیران، شیعر و سروودە کریکاریی و شۆڕشگێرەکانیان بڵاو بکەنەوە و هەمووش پێکەوە برەو بە ئەدەب و هونەری ڕادیکاڵ و کرێکاریی بدەین.
هیوادارم خوێندنەوەی ئەم سروودانە چێژ و سوودی خۆیان هەبێ.
عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
ئایاری ٢٠١٦
کرێکارێکی تووڕە
خەیاڵ با هەر بەرز بفڕێ
کاڵای شیعرم بە باڵای مەرگی مەینەتی و ستەم ببڕێ
دەم پڕ شیعر
پڕ بانگەواز هاوار دەکەم
بەنێو شەقامەکانی ژین هەر دەچم و دێم
دەنگی سروودم هەر بەرزە و
دژ بە کۆیلەتی تفەنگێکم لەسەر پێم
من کرێکارێکی تووڕەم
یاخیم لە جەور و ستەم
وشەم ئاگر دەنگم گڕی بە بڵێسە
دەسووتێنم دونیای ئازار
تێکدەدەم ئەو کۆشکەی خەونی سەرمایەداری چڵێسە
ئەو باوەڕەی مێشکی کردووم بە هێلانە
ئەو ڕابەرەی هەردەم نیشان دەدا ڕێگەی
هەتا بڵێی خۆشەویستە و
لەنێو دڵدا بەرزە جێگەی
تاریکی ڕاو دەکا و بۆ خۆی هەتاوێکە و تیشک هاوێژ
ئەو لەسەرووی متمانەیە و
هەنگاو نانێم گەر پێی نەکەم پرس و ڕاوێژ
من کرێکارێکی تووڕەم
یاخیم لە جەور و ستەم
وشەم ئاگر دەنگم گڕی بە بڵێسە
دەسووتێنم دونیای ئازار
تێکدەدەم ئەو کۆشکەی خەونی سەرمایەداری چڵێسە
چەند بەئازارە و چەند سەختە
بەدەست تەفرەقە گیرۆدەی خەم و ژان بم
بەڵام نە شەکەت نە ماندووم
بۆ ڕزگاربوون لەژێردەستیی
ئومێدی ژین عەزمی لەنێو دڵدا چاندووم
من کرێکارێکی تووڕەم
یاخیم لە جەور و ستەم
وشەم ئاگر دەنگم گڕی بە بڵێسە
دەسووتێنم دونیای ئازار
تێکدەدەم ئەو کۆشکەی خەونی سەرمایەداری چڵێسە
دەبا هەمووتنۆک تنۆک بڕژێینە نێو جۆگەی خەبات
چەمی تێکۆشان هاژەی بێ
بە ڕاپەڕین بنیادنێین دونیای ئاسوودە
ئەگەر خۆمان زنجیرەکانی دەست و پێ نەپسێنین
چاو لەدەست بوونی فریادڕەس گەلێ بێکەڵک و بێسوودە
من کرێکارێکی تووڕەم
یاخیم لە جەور و ستەم
وشەم ئاگر دەنگم گڕی بە بڵێسە
دەسووتێنم دونیای ئازار
تێکدەدەم ئەو کۆشکەی خەونی سەرمایەداری چڵێسە
ئایاری ٢٠١٦
داچۆڕانی ئومێد
نامەیەک بۆ مرۆڤە نووستووەکان
دەبا هەڵبێ خۆرێکی نوێ
ئینسان خاڵیی بێ لە تاسە
ئاسوودەیی باڵ بکێشێ
بەسەر ترپەی دڵ هەناسە
چەپکەگوڵی یادەوەری
دەنێرم بۆتان گەر نەمام
خۆ لەناو دڵتان دەچێنم
دەڕوێم وەکو تازە نەمام
من و تۆ دووریش بین لەیەک
پێکەوەیە دڵ و هەستمان
لەژێر گزنگی ئازادی
دەخوێنینەوە هەڵبەستمان
یەکسانی دەکەینە چەتر
دەژین لەژێر سێبەریدا
ئەوکاتە ژیان دەبینین
ئەوین ڕێکە بەبەریدا
ئامادەین بۆ ئەو ئامانجە
بجەنگین تاکو دەتوانین
ئومێد بەرینە نێو دڵان
ئێمە پێشڕەوین و جوانین
دادەگیرسێین ڕووناکی بەخش
لەگەڵ ئومێد هەردووک تەبا
ئاوازی خەبات گوێ دەدەین
ڕەنجی ستەم دەدەین بەبا
ئەو ئاواتەشمان دێتە دی
دەگەین بە ڕۆژی خۆ بە خەون
وەکو ئینسان دەژین جوانی
دەنەخشێنین هەر وەکو تەون
ئایاری ٢٠١٦
یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
هەناوی خۆم ناخۆمەوە
ناخی خۆم ناکەمە کانگای خەم وخەفەت
بە پەیمانی درۆی ئەوان نابم بە باڵندەی فڕیو
خۆم هاوارم
بانگەوازم
لەسەر زاران دەبمە سروودێکێ چڕیو
ڕێگام سەختە
پڕ لە هەڵدێر و کەوتنە
دەنێمە لاوە دووبەرەکی و ڕق و کین
یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
کڵاوی سەر تووڕ هەڵدەدەم
دەست ناگرم بەکڵاوەوە
دەستەپاچە دانانیشم چاو لە مووچە و
تەمبەڵ بەدیار گۆشتی چەور و پڵاوەوە
تەکان دەدەم بەرەوپێشێ
ئامانجی خۆمم لا ڕوونە
هەنگاوم ناگەڕێتەوە بەردەوام بەرەو پێش چوونە
ڕێگام سەختە
پڕ لە هەڵدێر و کەوتنە
دەنێمە لاوە دووبەرەکی و ڕق و کین
یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
درەد و حەسرەت و هەژاری
هەر تەنها مەینەتی خۆم نین
بەڵکو زنجیری ژیانی هەموو خەڵکی ستەمدیدەی ڕووی زەوییە
بۆیە دڵنیام بەرخوردانم بەپشتیوانی مارکس و ڕێبازەکەی
ڕوو لە لووتکەی سەرفرازی و
پشت لە نشێوی و نەوییە
ڕێگام سەختە
پڕ لە هەڵدێر و کەوتنە
دەنێمە لاوە دووبەرەکی و ڕق و کین
یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
چەک و ئاڵا و کتێبم بەدەستەوەیە و
ڕزگاربوون لە کۆیلەتی خۆی خزاندۆتە هۆش و بیرم
چەوسێنەران لەسەر حوکم ڕادەماڵم
بۆ ئازادی و سۆشیالیزم کرێکاری ڕۆشنبیرم
ڕێگام سەختە
پڕ لە هەڵدێر و کەوتنە
دەنێمە لاوە دووبەرەکی و ڕق و کین
یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
نیسانی ٢٠١٦
سەد و سی ئەیارە ئەمڕۆ
بۆ ئەیاری ٢٠١٦
سەد و سی ساڵە ڕەنگم هەر سوورە
دڵم یەکپارچە کانیاوی ئەڤین گڕی تەنوورە
فرمێسکی چاوی هەر ئەو منداڵەم سەد و سی ساڵە شەقام بەرنادا
ئومێدی دڵی ئەو کرێکارەم سەد و سی ساڵە مەینەتی و ستەم
هەژاری و حەسرەت یەخەی بەرنادا
هەر لە بوونمەوە دەستێکم کارە و خەریکی بەرهەم
دەستەکەی ترم سەد و سی ساڵە
بۆ ساڕێژکردنی دەرد و مەینەتی و زامەکانی ژین پڕە لە مەرهەم
سەد و سی ساڵە هەر هەمان دەنگم
هەر هەمان ڕەنگم
هاواری هەمان گەرووی تاڵگرتووم
لە ئاسمانەکەی خەبات و شۆڕش، ڕاپەڕینەکان
هەمان باڵندەی حەزی باڵگرتووم
سەد و سی ساڵە من مانیفێستم لەنێو دڵ ناوە
جەستەم زامدارە و گۆرانیشم خۆش
سەد و سی ساڵە ئاهەنگی بەرزم تا بڵێی بەجۆش
هەر لە بوونمەوە بۆرژوای زۆردار
دڵگیرتر دەکات
ڕەنگینتر دەکات زنجیری دەستم
بە ژاری ئایین
هەستی نیشتمان
بە موڵکایەتی و پیرۆزی خێزان
هەلابەهەلا و لەتلەتتر دەکات خەون و مەبەستم
سەد و سی ساڵە هەر هەمان دەنگم
هەر هەمان ڕەنگم
هاواری هەمان گەرووی تاڵگرتووم
لە ئاسمانەکەی خەبات و شۆڕش، ڕاپەڕینەکان
هەمان باڵندەی حەزی باڵگرتووم
لەو ڕۆژەوەی هەم قەفەسەی سینگم تەنگ و هەناسەم سوار و تاسێنراو
سەرمایەش بۆتە مێردەزمەی ژین و
لەبۆ ئارامیم بۆمبێکە و چێنراو
هەر لە بوونمەوە چوار لام ئاگرە و
ژیان تەندوورە و دۆزەخە بوونم
بۆیە لام ڕوونە کەوا یەکگرتوو نەبم
یەکێتیم نەبێ لەم جەهەنمە قوورسە دەرچوونم
سەد و سی ساڵە هەر هەمان دەنگم
هەر هەمان ڕەنگم
هاواری هەمان گەرووی تاڵگرتووم
لە ئاسمانەکەی خەبات و شۆڕش، ڕاپەڕینەکان
هەمان باڵندەی حەزی باڵگرتووم
سەد و سی ساڵە وێنەی شیکاگۆم بە سینگەوەیە و
قوربانییەکانی ماچ دەکەم یەک یەک
باوەشیان دەنێم هەڵدەگرم نازیان
سەریان دەخەمە سەر ڕانی مێژوو
گوێ دەگرم لەبۆ سکاڵا و ڕازیان
سەد و سی ساڵە بەگەنجی ماوم پیریی ناناسم با کات بێ و بڕوا
ئاخر نۆشیومە شەرابی خەیاڵ
بە مەززەی ئاڵی باوەڕ و بروا
سەد و سی ساڵە هەر هەمان دەنگم
هەر هەمان ڕەنگم
هاواری هەمان گەرووی تاڵگرتووم
لە ئاسمانەکەی خەبات و شۆڕش، ڕاپەڕینەکان
هەمان باڵندەی حەزی باڵگرتووم
سەد و سی ساڵی تریش پێنەگا بەری تەقەللا و ڕەنج و تێکۆشان
مارکس ئاڵامە و شەقام نیشتمان
خەباتیش هەمان هاوڕێکەی جاران
سەد و سی ساڵە سەد و سی سڵاو لە ئێمەی کارگەر ئێمەی مەینەتچێژ
بۆ سۆشیالیزم و دونیای یەکسانی دەبین بە ئاواز
هەموو دەبینە زاری سروودبێژ.
سەد و سی ساڵە هەر هەمان دەنگم
هەر هەمان ڕەنگم
هاواری هەمان گەرووی تاڵگرتووم
لە ئاسمانەکەی خەبات و شۆڕش، ڕاپەڕینەکان
هەمان باڵندەی حەزی باڵگرتووم
نیسانی ٢٠١٦
بەرەو شوراکان
با کۆوەبین لە دەوری یەک
سازکەین کۆبوونەوەی گشتی
ئیرادەمان تۆکمە و خەبات
بەهێز بێ پتەو بێ پشتی
خۆ چەکدارکەین لە شوراکان
پیاوان و ژنان دەست لە دەست
هەموو وەک یەک جەستە و تۆکمە
هەنگاو بنێین بۆ یەک مەبەست
دەسەڵاتەکانی شورا
بناغەی خەونێکن مەزن
ڕزگاربوونە لە کۆیلەتی و
هێنانەدی هیوا و حەزن
دەبین بە بەربەستی هێرش
هێزی دووژمنان دەشکێنین
ئاسایشی راستەقینە و
ئازادی فەراهەم دێنین
لە لوولەی چەکی خەباتمان
گوڵ بۆ خەڵک و گڕ بۆ دووژمن
هەموو دەبین بەو زریانەی
تێکدەدا دونیای سەرەوبن
دەبین بە گۆرانی ژیان
بە بزە بۆ لێوی مناڵ
دەبین بە باغی خۆشنوودی
بە شکۆفە بۆ کوڵمی ئاڵ
بابێتە مەیدان شوراکان
با بە بانگەوازی گوێ کەڕ
دونیایەکی نوێ بناد نێین
خاڵی لە چەوسانەوە و شەڕ.
شوباتی ٢٠١٦
جەنگاوەرانی یەپەژە
دەستمان لە دەستی پیاو دایە
ئامانجمان هەر ئازادییە و بەرپەرچی خەم دەدەینەوە
بۆ بەرگری لە ئازادی و شکۆی ئینسان
گرەوی ئەم بەرخوردانە دەبەینەوە
کۆیلەتی ڕەت دەکەینەوە
بۆ تاریکی دەبین بە گڕ
بۆ ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە
دەبین بە هەڵۆی بەرزەفڕ
ژیان بە بێ هەتاوی گەش
وەک بیری داعش تاریکە
ڕێی سەنگەر گرتن لە خەبات
وەک تاڵە مووی سەر باریکە
کۆیلەتی ڕەت دەکەینەوە
بۆ تاریکی دەبین بە گڕ
بۆ ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە
دەبین بە هەڵۆی بەرزەفڕ
ئێمەی یەپەژەی چەک بەدەست
کانگای ئاگر، شاخی سەختین
لافاو ئاسا
ئاستەنگەکانی خورافە ڕادەماڵین
ئێمە گزنگی هەتاوین
بۆ باڵندەی سەرفرازی پەڕین، باڵین
کۆیلەتی ڕەت دەکەینەوە
بۆ تاریکی دەبین بە گڕ
بۆ ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە
دەبین بە هەڵۆی بەرزەفڕ
خوێنمان لە ناو لاپەڕەکانی دیرۆک و
وڵاتی خەم بۆتە سونبول
گۆرانیمان بۆ یەکسانی پیاو و ژنان
دەخوێنێ هەروەکو بولبول
کۆیلەتی ڕەت دەکەینەوە
بۆ تاریکی دەبین بە گڕ
بۆ ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە
دەبین بە هەڵۆی بەرزەفڕ
دەبا لەشکری جەهالەت بزانێ ئێمەی یەپەژە
گیان لەسەر دەست تارای کۆیلەتی تووڕ دەدەین
چاو لە هەتاوی یەکسانی و سەرفرازی دەبڕین و
ئاڵای ئازادی هەڵدەکەین
کۆیلەتی ڕەت دەکەینەوە
بۆ تاریکی دەبین بە گڕ
بۆ ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە
دەبین بە هەڵۆی بەرزەفڕ
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤
حکومەتی کرێکاری
جەستەی زاماری ژێر کارم
لە تاو ئێشی برسێتی و خەم بێ عەجمانە
بێ ئۆقرەیە
بۆ بەرگری لە بوونی خۆم
گارگە و جادەم کردە سەنگەر
ئاڵای سوورم نا بەسنگی ئاسمانەوە
بەگژ زریانی ژانا چووم
دوا ئامانجم لە خۆم پێچا و
تاجە گوڵینەی ڕووناکیم کردە سەر شووم
دێمە مەیدان..بۆ بن بڕ بوونی نایەکسانی و هەژاری
با دامەزرێ حکومەتی کرێکاری
*
من خاوەنی گشت داهاتی ئەم گۆی زەوییەم
کەچی لەژێر ناڵەی دەستەنگی و برسێتی
پشتی ژیانم چەماوە
ئەمڕۆ بەدەست مردنێکی لەسەرخۆوە دەناڵێنم
سبەی زەنگی ڕزگاری هەموو بەشەرم
مژدەی هیوام بۆ ئەو ڕۆژە
لە ناو مشتی دڵم ناوە
دێمە مەیدان..بۆ بن بڕ بوونی نایەکسانی و هەژاری
با دامەزرێ حکومەتی کرێکاری
*
هەرچی خەمە بە ئاگری تێکۆشانم دەیسوتێنم
چی چەوسانەوە و ستەمە
تەنها بۆ یادگاری مێژوو
بە فەرهەنگی دونیای ڕابردووی دەسپێرم
لەوێ ئیتر نە مناڵ بۆ شیر دەگری و
نە تینوێتی و تامەزرۆیی هیچ گەروویەک دەتاسێنێ
لەوێ ئیتر بۆ هەمیشە من ئینسانێکی ئازادم
دێمە مەیدان..بۆ بن بڕ بوونی نایەکسانی و هەژاری
با دامەزرێ حکومەتی کرێکاری
*
گۆرانییەکانم پەیامی بەهارێکن تەڕ و سەوز
بەرابەری تیایا پڕ بە پڕی گەردوون
لەناو چاوی ئینسانەکان گەش دەنوێنێ
سەرکوت و زەبر و زەنگ و زۆر
گوڵی مەرگی بورژوازی لە کێڵگەی ژیان دەچێنێ
شریخەی دەنگی هاوارم بۆ ئازادی
گوێی گشت دونیا دەزرینگێنێ
دێمە مەیدان..بۆ بن بڕ بوونی نایەکسانی و هەژاری
با دامەزرێ حکومەتی کرێکاری
*
دەبا هەموو بۆ ئەو ڕۆژە
وەک یەک گیان و یەک بیر و هێز
مارشی هەستان و شۆڕشمان
بە بەرینی هەموو جیهان دەنگ داتەوە
با بانگەواز وەک ڕەهێڵە بەسەر سەری ستەم داکەین
تا ئاونگی خەونەکانمان دەریایەک یێ
بە پانایی کورەی زەوی پەنگ خواتەوە
دێمە مەیدان.. بۆ بن بڕ بوونی نایەکسانی و هەژاری
با دامەزرێ حکومەتی کرێکاری
حوزەیرانی ١٩٩٠
هەولێر
پڕجۆش بێ کوورەی خەباتم
بە ڕەنج مێژووی پڕ سەروەریم دەنووسمەوە
ڕۆژ ڕەشی و مەینەتی ژینم
بە یەک نیزام دەبەسمەوە
ئەو نیزامە لە نێو دەبەم
ژینی ئینسان ڕووناک دەکەم
پڕ جۆش بێ کوورەی خەباتم
تا دەگەمە دوا ئاواتم
بۆ ئازادی و بۆ ڕزگاری
بۆ دنیای دوور لە ستەم و
پڕ ئاسودە و بەختیاری
ڕێی شۆڕشی کۆمۆنیستیم گرتۆتە بەر
دژی سەرمایەداری چوومەتە سەنگەر
سۆشیالیزمە ئاسۆی ژیان
با ڕزگار بێ هەموو بەشەر
بە پێشەنگی کرێکاران
پڕ جۆش بێ کوورەی خەباتم
تا دەگەمە دوا ئاواتم
ئەم دونیایەی من دەیبینم
سەرتاپا کوێرەوەرییە
ئەم نیزامە
جەهل و هەژاری و دەست تەنگی و بەربەرییە
ژینی یەکسان و ئازاد وپڕ لە سەروەریم دەوێ
تا ئینسانی تیا بسرەوێ
پڕ جۆش بێ کوورەی خەباتم
تا دەگەمە دوا ئاواتم
کاڵانیم ئینسانم ئینسان
شایانمە ئازادی ژیانم
دەمەوێ ئەم نەزمە تێک دەم
گڕ لە هەرچی کۆنە بەردەم
بە ئاگری توانا وتینم
ڕووناک بێ سەرتاپا ژینم
پڕ جۆش بێ کوورەی خەباتم
تا دەگەمە دوا ئاواتم
١٩٨٧
هەولێر
تێبینی: ئهم شیعره له گۆڤاری “ڕابهر” ئۆرگانی “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” ژماره١ ی ساڵی ١٩٨٧ دا بڵاوبۆتهوه و دواتریش لهلایهن هونهرمهند “کامهران ئهحمهد” کراوهته سروود و لە کاسێتی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە ساڵی ١٩٩٣ دا بڵاو کراوەتەوە.
شەپۆڵی دەریا
با شەپۆڵ دا دەریا هەستان و ڕاپەڕین
دانەمرکێ کەف و کوڵی ناڕەزایی
با گوێی لێبێ
تەواوی دونیا گوێی لێبێ
هەتا دوێنێ پشتمان لە ژێر باری ستەم چەمابۆوە
هەتا دوێنێ هاوارێک بووین کپ و خامۆش
ئەمڕۆ دونیا دێنینە جۆش
ڕاپەڕیوین
دەریاێکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
زۆر لە مێژە خەون و حەز و ئارەزووەکان
لە زیندانی دونیای ڕەشی چینایەتی پەلبەست دەکرێن
هەر لە قۆزاخەی خەیاڵ و هەناسە ساردی دەپوکێن
ژیاننامەم بە ئاگری داخی ستەم تۆمارکراوە
لە دەروازەی زۆر ڕێگادا
زۆر دەرگام بەڕوو داخراوە
هەتا هاژەی یەکگرتنم لە ڕووباری ڕزگاریدا
بەگوێی جادەو کۆڵان داوە
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
با بشەکێ ئەو ئاڵا سوورە نەسرەوتوەی
کە هەمیشە لە ناو دڵا شەکاوە بوو
با بشڵەقێ ئەو گۆمە مەنگە بەرینەی
ژیان تیایا هەر زنجیر بوو
ڕاپەڕینم سرودێکە و لەسەر زارە
بانگەوازێکە ئێجگار بەرز
بۆ دونیایەکی یەکسانە کە جوانتر بێ لە هەمیشە
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
ئەوا هاتین
بە پانایی شەقامەکان سروود دەڵێین
بورکانی شۆڕشێکی نوێین
موژدەی خۆرێکی نوێین هەڵدێین
با بلەرزێ عەرشی زێڕپۆشی چەوسێنەر
ئەوا هاتین کێ خۆی دەگرێ
لەئاست زریانی شۆڕشا ؟
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتەپێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
٢١ ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
هەولێر
تێبینی : ئهم سرووده لهلایهن هونهرمهند “کامهران ئهحمهد”هوه کراوهته سروود و لە کاسێتی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لەساڵی ١٩٩٣ دا بڵاو کراوەتەوە.
بەگژا چوون
دان چیڕ کەوە و لێو بکرۆژە و هاواری بەگژاچوون هەڵدە
خەم بارتەقای خۆشەویستیت
بۆ دونیای ئازاد و یەکسان لە دڵتا پەنگ ئەخواتەوە
تاسەیەکی و هەنسک چاوت ئەشواتەوە
نە پێکەنین نە چرپە و نە زەردەخەنە
ئاوڕێکت لێناداتەوە
ڕاوەستاوی و لەئاست هێرشی مەینەتی
سروودی ڕزگار بوون ئەڵێی
بۆ ژیانێکی بێ ستەم
وەک هەتاوێکی گەش هەڵدێی
زەوی گەورە هێندە گەورە
زۆر گەورەتر لە پێویستی
ئاو هەوا و خواردەمەنی
گەلێ زیاترە لە پێویستی
ئەی بۆ لێوی هەناسەی تامەزرۆییمان شکۆفەیە؟
بۆچی ئەوەی پێناسەی ژینی پێبکرێ
مەمرە و مەژی لێ نوسراوە.
نەهامەتە تەنگ بە ئاسمان هەڵبچنی و
زەوی شەق کەی
بەشی ئێمە نیوەچڵ بێ و کەمتریشمان پێبڕاوە
ڕاوەستاوی و لەئاست هێرشی مەینەتی
سروودی ڕزگار بوون ئەڵێی
بۆ ژیانێکی بێ ستەم
وەک هەتاوێکی گەش هەڵدێی
ژیانی پڕاوپڕ لەززەت لەم دونیا پێچەوانەیە تایبەتییە و
ئەوەی پەساپۆڕتی دڕندەیی نەبێ لێی بێبەشە
ئینسان ئەوەی بەهای ئینسانی لەبازاڕ نەفرۆشتبێ و
جەرگی ژان کا بۆ نەهامەتی بەشەرییەت
بەشی دەردە ژانە هەشە
چی شک ئەبەی بەگژ مەینەتی بچییەوە
یەک ڕوحی خۆت
دوو کۆیلەتی
ڕاوەستاوی و لەئاست هێرشی مەینەتی
سروودی ڕزگاربوون ئەڵێی
بۆ ژیانێکی بێ ستەم
وەک هەتاوێکی گەش هەڵدێی
نە سکاڵا نە پاڕانەوە لە ئاسمان
نە بەر دەرگای هیچ دڕندە و ئینسان کوژێک دادت نادات
تەنها شۆڕش هەر شۆڕشی ڕزگاری بەشەر لە ستەم
ئەم مۆتەکە ئەسڕێتەوە و ئاڵای یەکسانی هەڵئەکا
خۆری خۆشی و بەختەوەری دێتە هەڵبوون
بەهاری ژین دەم بۆ مرۆڤ واڵا ئەکا
ڕاوەستاوی و لەئاست هێرشی مەینەتی
سروودی ڕزگاربوون ئەڵێی
بۆ ژیانێکی بێ ستەم
وەک هەتاوێکی گەش هەڵدێی
٢٨ ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢
هەولێر
یەکگرتن
با دەست خەینە ناو دەستی یەک
با دوو نەبین ببین بە یەک
دەبا دەنگمان زوڵالتر بێ
بورژوازی با وڕ و کاس و ڵاڵتر بێ
با پەیامی ئاشتی بەرین
بیدەین بە گوێی دونیای بەرین
بۆ یەکگرتن بانگەواز بین
بۆ ئازادی هەم گۆرانی و هەم ئاواز بین
با ببین بە ئاوی سازگار
بۆ گەرووی تینووی مناڵێ
دەبا ببین بەژێی دەنگی
ئەو کۆیلەیەی کە هیچ ناڵێ
با پەیامی ئاشتی بەرین
بیدەین بە گوێی دونیای بەرین
بۆ یەکگرتن بانگەواز بین
بۆ ئازادی هەم گۆرانی و هەم ئاواز بین
با گوڵە گەنم بەرین بۆ
من تەنیا نیم تۆش وەرە تۆ
با ڕەگی کۆیلەتی ببڕین
با بەرگی ستەم دادڕین
با پەیامی ئاشتی بەرین
بیدەین بە گوێی دونیای بەرین
بۆ یەکگرتن بانگەواز بین
بۆ ئازادی هەم گۆرانی و هەم ئاواز بین
بچین بەگژ ستەم و جەور
دەست کۆتا کەین تفەنگ و تەور
بڵێین گۆرانی بۆ ژیان
دوور لە زوڵم و دوور لە گریان
ڕەنگیتر کەین ژینی ئینسان
با پەیامی ئاشتی بەرین
بیدەین بە گوێی دونیای بەرین
بۆ یەکگرتن بانگەواز بین
بۆ ئازادی هەم گۆرانی و هەم ئاواز بین
٢٠١٤
کەنەدا
لە هەشتی سێدا
لەچی بڕوانم لە هەشتی سێدا
لە ستەمی پیاو
باڵاپۆشی ژن
نەریتی ڕزیو
تەماشای چی بکەم
سووتان لووت بڕین
یان فرۆشتنی ژن بە زێر و زیو
هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لەهەشتی سێدا
ڕۆژی خەباتی جیهانی ژنان
چیت پێشکەش بکەم
ماچ
گوڵ
سۆز
وەفا
یان پەیمان بدەم ئەی جەنگاوەری ئاڵای سوور بەدەست
بچمەوە بە گژ ستەم و جەفا
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
هەناسەی ژانی ستەمی ژنان
دووکەڵی ئازار هەڵدەمژێ و جیایە
چونکە ژنانی ئەم سەر زەمینە
هەشتی مارس نەبێ یاد دەکرێنەوە
دەنا هەمیشە ئافرەت تەنیایە
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
لەبەر پیرۆزی پێکەوە خەبات
دەمەکە دیاری گوڵێکی سوور جوان
هەر وەک ڕوخسارت قەشەنگ ڕازاوە
ئاخر ئەی هاوڕێی ڕێی بەرخوردانم
لەڕۆژی ژنان هەر چاوی منی خەباتگێرەوە وا
ئەسرینی عەشقی ئازادی ژن و پیاوی تیازاوە
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
زەنگی پڕ لەزری بڕیاری خەبات
گوێی بورژوازی کۆمەڵ کاس دەکا
پێکەوەبوونمان لە جەنگی ستەم
گۆرانییەکە دونیای یەکسانی ژینمان باس دەکا
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
دڵم لێوانلێو بەرخوردانێکە
عەشقی ڕزگاری لێ پڕە و دەڕژێ
شیعرم دەبێتە ئاگردانێک و
چی چەوسانەوە و کۆیلەیی و خەمە تیایدا دەبرژێ
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
دەستم لە دەستی ژنی خەباتکار
سەودای بانگەواز وەک هەور بڵندە
مەلێ تێکۆشان بۆ دادپەروەری لەئاسمانی ژین
شەقەی باڵی دێ هەروەک باڵندە
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
بۆ من گشت ڕۆژێ هەر هەشتی سێیە
ژنانی ئینسان لووتکەی ئاوات و
ترۆپکی هیوای سەنگەری بوونن
ئاخر ژنانن ئەگەر بخوازن گڕی زنجیرن
ڕووباری ئاوی سازگار و ڕوونن.
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
لە هەشتی سێدا
هەردووک بۆ ژیان دەڵێین گۆرانی
دڵ ڕێژاو دەکەین لێوڕێژ لە جوانی
هەشتی مارس ڕۆژی دەنگ هەڵبڕین و بڕیاری جەنگە
ڕۆژی بینینی ئاواتەکان و
ڕۆژی گڕدانی شوورەیی و نەنگە
لە هەشتی سێدا
دڵی ژنان و پیاوانی عاشق
دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی
دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی
پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی
مارسی ٢٠١٥ تا مارسی ٢٠١٦
گۆرانی کۆیلە
من کرێکارم
بە ئاگام لە گشت کۆسپ و دەردەکان
لەگەڵ هەنگاوما
زریانی مەرگی سەرمایە دێنم
وەک بڵێسەی گڕ دەچم بە ئاسمان
مەینەتی و زوڵم و زۆر دەسووتێنم
داری ستەم و چەوسانەوە و ژان لە ڕەگ دەردێنم
من کرێکارم
نەخشەڕێگای من بەرەو ئازادی تەنها شۆڕشە
ڕووخانی حوکمی سەرمایەدارە
وەک بەلشەفییەکی سەدەی بیست و یەک
ئامانج و ئومێد
دامەزراندنی بناغەی حوکمی جیهانی کارە
بە ڕێگای لینین
لەژێر ڕۆشنایی بیرۆبۆچوونی مارکسی مەزن
ڕیزم یەکدەخەم هەروەک یەک جەستە
من کرێکارم خەمی کۆیلەتیم بۆتە گۆرانی و لاوک و بەستە
من کرێکارم
ئەو دەست شەقارەم گشت ڕۆژێ برسیم
من ناوەڕۆکی ئەو پرسیارانەم کە لە مێژوودا لە مارکس پرسیم
من کرێکارم
نەخشەڕێگای من بەرەو ئازادی تەنها شۆڕشە
ڕووخانی حوکمی سەرمایەدارە
وەک بەلشەفییەکی سەدەی بیست و یەک
ئامانج و ئومێد
دامەزراندنی بناغەی حوکمی جیهانی کارە
لام ڕوونە هەروەک مانگی ساماڵی شەوێکی هاوین
کاتی هۆشیاری چینایەتیمان بەرەو سەر بچێ
باڵای قازانجی سەرمایەداران
بەناخی مەرگ و نابوودبوون دەچێ
هەرکات یەکگرین
ئەوا سەرکەوتن سەر ڕێی موژدەیە
ئێمە دەچینە سەر دووندی ئاوات
سەری سەرمایەش لەڕێی سوژدەیە.
من کرێکارم
نەخشەڕێگای من بەرەو ئازادی تەنها شۆڕشە
ڕووخانی حوکمی سەرمایەدارە
وەک بەلشەفییەکی سەدەی بیست و یەک
ئامانج و ئومێد
دامەزراندنی بناغەی حوکمی جیهانی کارە
شوباتی ٢٠١٦
زریان
لەو جێگایەوە هەڵدەکەم
کە تاریکیی باڵای بەقەد باڵای دوندە
لەو شوێنەوە دێمە لرفە
کە ستەم و چەوسانەوە چەتری سەری شار و گوندە
لەگەڵ هەورا دەچمە لووتکەی سەرفرازی
بێستانی ژین گوڵڕێژ دەکەم
خەندەش دەنێمە سەر لێوان
ناهێڵم چیتر منداڵی سەر گۆی زەوی برسن بن و
سەر لە سەرین کەن بێ شێوان
بە مانگەوە
بەتریفەی خۆشنوودییەوە
دەپچڕێنم چی زنجیری کۆت و بەندە
ژیان دەکەم بە بەهەشت و
ڕوخسارەکانی ئینسانیش بە هاوەڵی بزە و خەندە
من باهۆزی یەکگرتنم
ئەچمە نێو کەلێنی کات و قڵشتی با
زریانی مەرگهێنەرم
دەبا لرفەم ڕوحی تەزیوی سەرمایە و سوودی ورد و درشتی با
پۆڵووی گڕم دەسووتێنم پەڕوباڵی ناتەبایی
ئەو مەشخەڵەم
لەژێر ئاڵای ڕزگاریدا دەقرچێنم زێدەبایی
تشرینی دووەمی ٢٠١٥
پێڕست
١- پێشکەشە
٢- وتەیەک
٣- کرێکارێکی تووڕە
٤- داچٶڕانی ئومێد
٥- یەکبوون مەرجی سەرکەوتنە
٦- سەد و سی ئەیارە ئەمڕۆ
٧- بەرەو شوراکان
٨- جەنگاوەرانی یەپەژە
٩- حکومەتی کرێکاریی
١٠- پڕ جۆش بێ کوورەی خەباتم
١١- شەپۆڵی دەریا
١٢- بەگژاچوون
١٣- یەکگرتن
١٤- لەهەشتی سێدا
١٥- کۆرانی کۆیلە
١٦- زریان
١٧- پێڕست
زۆر سوپاس بۆ هاوڕێی ئازیزم کاک گۆران عەبدوڵا بەڕێوەبەری سایتی دەنگەکان کە بەرگی ئەم نامیلکەیەی بەم شێوە جوانە دزاین کرد.
اناشید عمالیة
عبداللە سلیمان (مەشخەڵ)
الطبعة الاولی ٢٠١٦