دیارده‌ی قۆپییه‌کردن‌و گزیکردن له‌تاقیکردنه‌وه‌کانی پۆلی 12 له‌ئه‌مساڵدا زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بو، ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی په‌روه‌رده له‌په‌رله‌مانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت که کێشه‌که ئه‌وه‌یه “که‌سی یه‌که‌م”ی بانده‌کان نادۆزرێته‌وه، توێژه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش ئاماژه به‌وه ده‌کات که هۆکاری قۆپییه‌کردن ئه‌وه‌یه خوێندکاران ده‌یانه‌وێت به‌کۆششی که‌م، نمره‌ی به‌رز بهێنن.
ئا: سروه جه‌مال
له‌تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌مساڵی پۆلی 12، قۆپییه به‌هه‌مو شێوه‌کانییه‌وه ئاماده‌یی هه‌بو: کڕینی پرسیار، به‌کرێ گرتن، بلوتوس، پێوتنه‌وه‌ی ناو هۆڵه‌کان، پێوتنه‌وه‌ی مامۆستاکان. به‌ڵام تا ئێستا ڕون نه‌بوه‌ته‌وه ئایا ساڵانی ڕابردو به‌م رێژه‌یه قۆپییه‌کردن نه‌بوه، یاخود هه‌بوه، به‌ڵام به‌م جۆره‌ی ئێستا ئاشکرا نه‌بوه‌و چاوی میدیای له‌سه‌ر نه‌بوه.
سه‌رهه‌د خوێندکارێکی پۆلی 12ی ئاماده‌ییه‌و ئه‌مساڵ به‌شداری له‌تاقیکردنه‌وه‌کان کردوه‌و ناڕازییه له‌و دۆخه‌ی ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی پێدا گوزه‌را، به‌بڕوای ئه‌و خوێندکاره، ئه‌وانه‌ی په‌نا بۆ قۆپییه‌کردن ده‌به‌ن دو جۆرن، “هه‌ندێکیان ئاستیان نزمه‌و له‌پێناو ده‌رچون یاخود وه‌رگیران له‌کۆلێژێک ئه‌و کاره ده‌که‌ن، هه‌ندێکی دیکه‌شیان هه‌رچه‌نده ئاستیان به‌رزه، به‌ڵام له‌ڕقدا په‌نا بۆ قۆپییه‌کردن ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رزترین نمره به‌ده‌ستبهێنن‌و له‌کۆلێژه به‌رزه‌کان وه‌ربگیرێن”.
ئه‌و خوێندکاره به‌نیگه‌رانییه‌وه باس له‌وه ده‌کات کاتێک له‌تاقیکردنه‌وه‌کان هاتوه‌ته ده‌ره‌وه‌و ئه‌و که‌سانه‌ی بینیوه که وه‌ڵامه‌کانیان ده‌ستکه‌وتوه زۆر بێزاربوه‌و “تاقه‌تی سه‌عیکردنم نه‌ده‌ما”.
ژیار ئیسماعیل یه‌کێکی دیکه‌یه‌و له‌و خوێندکارانه‌ی ئه‌مساڵ تاقیکردنه‌وه‌کانی پۆلی 12ی ئه‌نجامداوه‌و زۆربه‌ی شه‌وه‌کان به‌هۆی بێکاره‌باییه‌وه له‌ناو باخ‌و سه‌رشه‌قامه‌کان سه‌عی‌و کۆششی خۆی کردوه، له‌باره‌ی کاریگه‌ریی قۆپییه‌کردنه‌وه ئه‌و خوێندکاره رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و دیارده‌یه ده‌بێته هۆی پڕبونی زانکۆکان له‌خوێندکاری “ئاست نزم”، “هه‌ر ئه‌مانه‌ش سبه‌ینێ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵام چ به‌ڕێوه‌بردنێک؟ وه‌ک ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا کوردستانی پێدا ده‌گوزه‌رێت”.
بەبڕوای توێژەری كۆمەڵایەتی هێمن عبدالقادر، دیاردەی قۆپیەكردن “جۆرێكە لەتاوان”، ئەو هۆكاری بڵاوبونەوەی ئەم دیاردەیەدەگەڕێنێتەوەبۆ ئاسانی ڕێگاكە بۆ دەسكەوتنی شتێكی زۆر “واتا بەكەمترین ماندوبون زۆرترین ده‌ستکه‌وت بەدەست بهێنیت,ئەمەش جۆرێكە لەتاوان‌و هەمیشە تام‌و چێژی تاوان لەكاتی سەركەوتندا,هەستێكی باوەڕپێنەكراو بەخاوەنەكەی دەدات,جگە لەوەی چاوپۆشی بەردەوام و نەبونی یاسای تایبەت‌و سزانەدانی هیچ كەسێك لەسەر ئەم كارەو میتۆد‌و شێوازەكانی تاقیكردنەوەو ئامرازە زۆرسەرەتایی‌و سادەكان بەهۆكار دادەنێت”.
هه‌روه‌ها ئه‌و توێژه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی ئەم دیاردەیە كاریگەری خراپی لەسەر خوێندكار دەبێت “بەوەی كە هەمیشە ڕێگای نادروست‌و ئاسان هەڵدەبژێرێت كە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ كەسێك كە دزی دەكات‌و دەیەوێت پارەیەكی زۆری بێ ماندوبون بەدەست بهێنێت,هەروەها لەئاستی تیۆریشدا ئەم خوێندكارە هیچ زانست‌و مەعریفەیەك نەفێردەبێت نەلەداهاتوشدا هیچ سودێكی دەبێت”.
دیارترین شێوازی قۆپییه‌کردن له‌مساڵدا، دزه‌کردنی پرسیاره‌کان بو له‌هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌وه به‌ڕێگای ڤایبه‌ر دواتر گواستنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌کان له‌ڕێگای ته‌له‌فۆن‌و گوێبیستی بلوتوسه‌وه.
ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی كوردستان،شێركۆ حەمە ئەمین له‌وباره‌یه‌وه به‌ئاوێنه‌ی ڕایگەیاند “ئێمەش ئەو زانیارییانەمان پێگەیشتوە گومانی فرۆشتن‌و بردنە دەرەوەی پرسیار‌و كارئاسانی بۆ منداڵی دەستڕۆیشتو لە ناو هۆڵەكان، دواتر زانیاری زۆرترمان كۆكردۆتەوە لەسەر ئەو حاڵەتانەو كردومانە بەیاداشتێك لە 22-6 لەرێی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پێشكەشی وەزارەتی پەروەردەمان كردوە، هەروەها بەدواداچونمان كردوە بۆ ئەوەی كۆمەڵێ خەڵك گیراون‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە,بەڵام چاوەڕێی ئەو لیژنەیەین كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دروستكراوە تا بزانین دەرئەنجامه‌کان چۆن ده‌بێت”.
له‌باره‌ی رۆڵی رێکخراوه‌کانی قوتابیان‌و خوێندکاران له‌و دۆخه‌دا، ئه‌ندامی به‌شی راگه‌یاندنی سکرتاریه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان، کامۆ خدر به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند که ئه‌وان به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تبون‌و به‌دواداچونیان کردوه، “بۆمان دەركەوتوە لەچەند شوێنێك پرسیارەكان براونەتە دەرەوە بەڵام خۆشبەختانە كەسەكان دەستگیركراون”.
له‌کاتی تاقیکردنه‌وه‌کاندا باندێک به‌تۆمه‌تی دزه‌کردنی پرسیاره‌کان‌و هاریکاریکردنی خوێندکاران بۆ قۆپییه‌کردن له‌لایه‌ن پۆلیسی سلێمانییه‌وه ده‌ستگیرکران‌و له‌دوای ئه‌وه‌یشه‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ستگیرکردنی چه‌ندین که‌سی به‌و تۆمه‌ته راگه‌یاند.
ژیاری خوێندکار هیچ گه‌شبین نییه به‌دۆزینه‌وه‌ی که‌سه سه‌ره‌کییه‌کان‌و به‌سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستگیرکراون، “دۆزینەوەی ئەو كەسانە لەقیامەتە نەك لەدونیاو ئەو بەڵگانەی دەستی ئاسایش كەوتون بەڵگەی باشن بەڵام كە دو ڕۆژی تر ئەنجام ئاشكرا كرا ئەوكات بارودۆخەكە دەبینین”.
به‌ڵام ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی په‌رورده‌ی په‌رله‌مان رایده‌گه‌یه‌نێت که باشتره تا کاری لیژنه‌که ته‌واو ده‌بێت، ئومێدمان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌ویش ڕه‌شبینه له‌دۆزینه‌وه‌ی که‌سی یه‌که‌می ئه‌و بانده، “گومان ئەكەم كە كەسی یەكەم بگیرێت,كێشەكە له‌وه‌دایه له‌م وڵاتە كەسی یەكەم نادۆزرێتەوەو ون دەكرێت”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “بۆئەوەی ئاستی زانستی دانەبەزێت‌و جیاوازی دروست نەبێت‌و خەڵك هەست بەنائومێدی نەكات، نابێت لە ژێر هیچ بیانویەكدا چاوپۆشی لەوانە بكرێت كە كارئاسانییان كردوە چونكە ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بەعەدالەتی كۆمەڵایەتیی. ئێمە هەمو رێكارێك بەكاردەهێنین لەڕێی ئەو میكانیزمانەی كە لەبەردەستمانایە، هەر لەبانگكردنی وەزیرەوە تا بانگكردنی بەڕێوبەرە گشتیەكانیش هەتا گەر پێویست بكات رای گشتی بۆ دروست دەكەین”.