نەدەبا من لێرەبم!
ئێرە خەونم لەبیر دەباتەوە، ئێرە من وندەكات
نەدەبا لە مندا ئێرە هەبێ!
نەدەبا من لە ئێرەدابم، ئێرە بەبێ من ئێرەیە.
باشترە خۆم كۆبكەمەوە…
فەرموون/ كڵاوەكەم پڕە لە یادەوەریی، بابۆ ئێوە بێ.
فەرموون/ چاكەتەكەم بۆنی نیشتیمان دەدا، با بۆ ئێوە بێ.
فەرموون/ پیتی ژێر قەڵەمەكەی ژیانم كاڵبوونەتەوە، با بۆ ئێوە بن.
من كە دەرۆم، وەك هیچ كەس نارۆم
رۆیشتن خۆ رووتكردنەوەیە لە شوێن، لە یادەوەریی
رۆیشتن جێهێشتنی بوونێكە، بۆ بوونێكی تر
من كە رۆیشتم، لێرە دەبم، بەڵام رۆیشتووم!
دڵم پڕ ئەكەم لە (ئەوێ)
خەونەكانم بۆ (ئەوێ) دەبینم.
پێ یەكانم بۆ (ئەوێ) دەرۆن و، روو بە (ئەوێ) دەرۆم .
دەبێ بەرووتی بڕۆم!
هیچ رۆیشتنێك رۆیشتن نیە، گەر بەرووتی نەبێت.
دەبێ خۆم خاڵیكەمەوە لە ئێرە
دەبێ ئێرە لە خۆما خاڵی كەمەوە، ئەوكات دەرگا بەرووی رۆیشتندا بكەمەوە.
من وەك هیچ شاعیرێك نیم
ئەوەی لێرە منی زنجیركردووە، یادەوەرییەكانمن.
ئەوەی لێرە منی هێشتووەتەوە، برینەكانمن.
تا
یادەورییەكانم بەسەر تەنافێكەوە جێنەهڵێم
تا خۆم نەدەمە دەست نەسیمێكی نوێووە، رۆژێكی نوێووە،
تا ئێرە لە خۆما نەكوژم، من هەر لێرەم، ئەگەر لێرەش نەبم.
چاوەرێی هیچ شوێنێك نیم
دەزانم، تا ئەو حەكیمەدێت برینەكانم ئەمكوژن
دەزانم، دەبێت بەر لە چاوەروانیكردنی حەكیمێك، ئێرە لە خۆما بكوژم.
ئێرە، برینێكی هێندە سەختە، تا بەربوونەوەی ژیانم چارە ناكرێ.
_ _ _
لێرە…
هەركەسێكم بینی، بەرماڵێكی راخستبوو دەپارایەوە، دەیووت: ئەمە شیعرە!
هەركەسێكم بینی، لە دورەوە تاریكیەكەی دڵی دیاربوو، كەچی باسی هەڵهاتنی روناكی دەكرد!
هەركەسێكم بینی، سەری لە شێوەی قەفەز بوو، كەچی باسی فڕینی ئەكرد!
هەركەسێكم بینی، پشتیكردبوویە خۆی و رویكردبوویە بیابان و، دەیووت: بۆ خۆم دەگەرێم!
ئیتر بۆ لە ئێرە، لە ئێوە وننەبم و نەكەومە شوێن هەتاوەكەی خۆم؟
بۆ لەبەر ئێوە كوفرێك لەناوما سەوز بێت؟
بۆ خۆم زیندانیكەم؟ بۆ دورنەكەومەوە لەم بیابانە؟
بۆ ئێرە لە خۆما وننەكەم و وێڵی دوای خۆبم؟
_ _ _
گەر لێرە بمێنمەوە
دەبمە بەلەمێك، لەنێوان پیكەنین و گریانا، رۆژەكان پوچ ئەكەم.
دەبمە باخەوانێك، لەنێوان خەون و بێداریدا، شەوەكان پوچ ئەكەم.
دەبمە گالیسكەوانێك، ئەسپی چوپی تاو ئەدەم.
خەمی خۆمە، لێرەبم وەك گەڵایەك هەڵودەرم و وەرزێك راناچڵەكێنم.
بۆیە خەریكی خاڵیكردنەوەی ئێرەم لە خۆما.
بەنیازم
ئەو گوڵانە هەڵوەرێنم، دونیایان لەبەر چاومان جوانكرد.
بەنیازم، پەنجەرەكان لە مانگ بشارمەوە، رێگاكان لە موسافیرەكان
بەنیازم، دڵی ئازیزەكەم بەجۆرێك بشكێنم، لێی ببم بە بێگانە.
بەنیازم، كاتی رەشەباكان كۆلارەكانی منداڵم هەڵدەم،
كاتی پێكەوەبوون چرای عەشق خامۆشكەم.
بەنیازم
ئەم ماڵە بەتەنیایی برازێنمەوە، ئەم تەنیایە بكەمە هاودەمی ئەم ماڵە.
ماڵێك بە ئومێد رەنگ بكرێت، بەرگەی خەمگینییەك ناگرێت.
ماڵێك دیوارەكانی بە خەمگینی، بە جریوەی ئەستێرەكان هەڵنەچنیت،
بەشی دورییەك ناكات.
دەبێ خەمی ماڵەكەم بخۆم
چونكە هێشتا
هەموو رۆژێك كە هەتاو هەڵدێت، بۆ من خەنجەرێكە!
هەموو ئێوارەیەك كە هەتاو ئاوادەبێت، بۆ من جێهێشتنی برینێكە.
هەموو بینینی مرۆڤێك، بۆ من بینینی تەرمێكە.
_ _ _
كە خاڵی بوومەوە لە ئێرە
من
بۆ ئەو كەسە دەنووسم
وێرانییەكەی ناخی، بە ئومێدەكانی دەرەوە، ئاوەدان نابێتەوە.
بۆ خەمگینەكان دەنووسم
ئەو خەمگینانەی، هیچ بارینێكی خۆشی، لەگەڵ ژیان ئاشتیان ناكاتەوە.
من
بۆ ئەو ژنانە دەنووسم
وەك درەختن، تەنها هێلانەی پیاوێكن، فڕین بزانێت.
بۆ ئەو پیاوانە دەنووسم
وەك كەشتیەك، هەموو دەریاكانی تەمەنیان تەیدەكەن،
تابگەنە كەناری ژنێك.
بۆ خوداییەك دەنووسم
غەریبە بە دڵە پیسەكان، ئاشنایە بە نەسیمی بەیانیان،
لەناو ژیرەكاندا شوێنێكم هەیە.
من
بۆ ئاوەدانكردنەوەی جوانیەكەی تۆ و
روناككردنەوەی دونیا و
دڵە وێرانەكەی خۆم دەنووسم.
_ _ _
تۆ
ئاگرێكت لە مندا هەڵگیرساندووە، تەنها بە رەشەبای مەرگ دەكوژێتەوە.
نە دەبا لێرەبم
ئێرە خراپ ئەم سرێتەوە
ئێرە خراپ ئەمكاتە ئێوە
ئێرە خراپ دورم ئەخاتەوە لەخۆم.
ئێرە خراپ كاڵم ئەكاتەوە و خۆم نادۆزمەوە.
گەر رۆیشتم بەو جۆرە نارۆم تۆ دەرۆیت
گەر رۆیشتم بەو جۆرە نارۆم ئێوە دەڕۆن
گەر رۆیشتم لە شوێنی خۆم دەبم
ناچمە هیچ شوێنێك و
هیچ شوێنێك جگە لێرە لە ناوما ناكوژێنمەوە.
دەبێ لێرەبم
تا ئێرە لەخۆمدا وندەكەم
دەبێ لێرە نەرۆم
تا ئێرە لە مندا دەروات.
كە ئێرە لە مندا نەما
كە ئێرە لەمندا رۆیی
ئێتر من خۆمم.
ئاوا دەرۆم، لێرەوە بۆ ناو خۆم.
نەبەز گۆران
2014 – 2015