له‌ئینگلیزییه‌وه نه‌جیبه قه‌ره‌داخی
بۆ من مایه‌ی خۆشحاڵی و شه‌ره‌فێکی گه‌وره‌یه که لێره‌م. له ڕاستیدا من به‌نیازی فێربون هاتم بۆ ئێره. به‌ڵام پێم وترا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم فێربم پێویسته قسه بکه‌م. بۆیه ده‌بێ بیر له وتنی شتێک بکه‌مه‌وه. به‌ڕاستی ئه‌و بابه‌ته‌ی دیاری کراوه لێره گفتۆگۆی له‌سه‌ر بکه‌م بابه‌تی دڵخوازی من نیه، بۆیه پێم باشتره توێکاری و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری بکه‌م.
به‌وته‌کانی دواین قسه‌که‌ردا بۆم ده‌رکه‌وت که من وه‌ک مارکسیه‌ک پێناسه ده‌کرێم، وه له دیدی ئه‌و پێناسه‌یه‌شه‌وه من دوژمنم، بۆیه باشتره ئاگام له‌خۆم بێت. (مورای بوکچین) که پێموایه ئۆجه‌لان پێی کاریگه‌ر بوه، له دواین وتاریدا ئه‌و پێشنیاره ده‌خاته ڕوو که ئاینده‌ی چه‌پگه‌رایی په‌یوه‌سته به موتوربه کردنی باشترین ناوه‌ڕۆکی مارکسیزم و باشترین جه‌وهه‌ری ئانارشیزم له پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شدا. بۆیه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویسته من و (ده‌یڤد گره‌یبه‌ر) کتێبێکی هاوبه‌ش بنوسین. به‌شی یه‌که‌می کتێبه‌که ناوده‌نێین (گوێ بگرن مارکسیه‌کان) وه به‌شی دووه‌میش ناوده‌نێین (گوێ بگرن ئانارشیسته‌کان). له‌ڕاستیدا ماوه‌ی پێشوو من کتێبێکم له‌ژێر ناونیشانی (حه‌ڤده ناکۆکی و کۆتایی سه‌رمایه‌داری) نوسی. کتێبه‌که ئێستا بۆ هه‌ردوو زمانی تورکی و ئه‌ڵمانی وه‌رگێڕدراوه. دوو ڕۆژ پێش ئێستا ده‌قه ئه‌ڵمانیه‌که‌یم بینی و ئێستا به‌رده‌ست و ئاماده‌یه. ده‌قه تورکیه‌که‌ش له‌سه‌روه‌ختی ده‌رچوندایه و مانگی ئایار له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌یناسێنم و پێشکه‌شی ده‌که‌م. دوو پرسیاری جه‌وهه‌ری ناوه‌ڕۆک و سه‌نته‌ری کتێبه‌که پێکدێنن. که په‌یوه‌ندیان به باسه‌که‌ی ئێره‌وه هه‌یه.
پرسیاری یه‌که‌می کتێبه‌که ئه‌وه‌یه دژه سه‌رمایه‌داری بون چ مانایه‌کی هه‌یه؟ من پێم وایه هه‌میشه له هه‌مبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا به‌د حاڵیبونێک هه‌یه، بۆیه سه‌ره‌تا هه‌وڵمداوه سروشتی سه‌رمایه پێناسه بکه‌م، وه کاتێک به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه چ هێڵێکی ئۆپۆزسیۆن بونیاد بنێین بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی؟ هه‌ڵبه‌ت چه‌وسانه‌وه شێوازی زۆره و سه‌رمایه‌داریش تاکه فۆرمی سته‌مکاری نیه. بۆ نمونه چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی، چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ژادی و زۆر فۆرمی دیکه‌ی سته‌مکاری که پێویسته هه‌موو ئه‌م فۆرمانه به‌ریان پێ بگیرێ. به‌ڵام بۆ من زۆر گرنگه بپرسم، باشه ئه‌گه‌ر ئێمه به‌ره‌نگاری سه‌رمایه بوینه‌وه ده‌بێ چی بکه‌ین؟
پرسیاری دووه‌می کتێبه‌که ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ ئێمه دژی سه‌رمایه‌داری بین، له‌کاتێکدا خه‌ڵکێکی زۆر به سیسته‌می سه‌رمایه‌داری خۆشحاڵن؟ زۆرێک له ئێمه ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌مان له سه‌رمایه‌داری هه‌یه، به‌ڵام خۆشحاڵانه به ته‌له‌فونه ده‌ستیه‌کانمانه‌وه ده‌سوڕێینه‌وه که داهێنان و به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارین. ئێمه تۆڕه‌کانی میدیای کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کاردێنین که سه‌رمایه‌دارانه په‌رده‌پۆش و ڕازاوه ڕێکخراون. هه‌روه‌ها ئه‌و پرسیاره‌ی له نێو خودی دنیای سه‌رمایه‌داریشدا قوت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه، ئایه ده‌شێ بیر له سه‌رمایه‌داریه‌کی ئه‌خلاقی بکه‌ینه‌وه؟ بۆیه ئێستا ده‌رک به بونی بزوتنه‌وه یان جوڵه‌یه‌ک ده‌که‌ین که ده‌کرێ ناوی بنێین سه‌رمایه‌داریی وشیار. ئێستا ئێمه له چوارده‌وری خۆمان نیشنانه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ست پێده‌که‌ین. یه‌کێک له سه‌رنجڕاکێشترین نیشانه یان ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م جوڵه‌یه له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردودا ئه‌وه‌بوو دوو یاسا له هه‌مبه‌ر ئازادی دینی له ئۆکلاهۆما و هندستان ده‌رچون، ئه‌م یاسایانه به ئاشکرا خه‌ڵکی ئیماندار سه‌رپشک ده‌که‌ن بۆ جیاکاری و پێشێل کردنی مافی هاوڕه‌گه‌زبازان به‌نێر و مێوه، به‌تایبه‌تی له ناوچه دینیه‌کان. لێره‌دا کۆمپانیا و دامه‌زراوه سه‌رمایه‌داریه‌کان وه‌ک به‌رگریه‌ک له مافی هاوڕه‌گه‌زبازان، ڕاسته‌وخۆ داوایان له یاسادانه‌رانی ئۆکلاهۆما و هندستان کرد له‌و بڕیاره پاشگه‌ز ببنه‌وه. پێیان وتن ئێمه دژی ئه‌م فۆرمه له یاسای سزادانی ئاینی ده‌وه‌ستینه‌وه و به‌رگری له مافی هاوڕه‌گه‌زبازان ده‌که‌ین. بۆیه ئه‌و دوو وڵاته به‌خێرایی په‌شیمان بونه‌وه‌و یاساکانیان گۆڕی.
هه‌نوکه خه‌ڵکێکی زۆر له چینی سه‌رمایه‌داران پێیان وایه نادادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر قوڵ بوه‌ته‌وه، ئه‌وان چالاکیه‌کان بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شکردنه‌وه‌ی داهاته گشتیه‌کان به کرده‌ی زۆر پێویست و ژیاری ده‌بینن. دیسان خه‌ڵکێکی زۆری سه‌ر به‌م چینه به‌جدی پێیان وایه کێشه‌ی ژینگه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێت. بۆیه ئاماده‌ن ببن به به‌شێک له‌و به‌رخودانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی گه‌رمبونی زه‌وی و فۆرمه‌کانی تری وێرانکردنی ژینگه سه‌رپێ خراوه.
لێره‌دا کێشه ئه‌وه‌یه پێمان وابێت ئێمه ده‌توانین له یه‌ک کاتدا دژی نیو-لیبراڵیزم بین به‌ڵام لایه‌نگری سه‌رمایه‌داری. دژی مۆنۆپۆڵی سه‌رمایه‌داری بین به‌ڵام لایه‌نگری سه‌رمه‌داران! بۆ من زۆر گرنگه بیسه‌لمێنم ئه‌مه کارێکی نه‌کرده‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی کات سه‌رمایه به‌ڵێنی زۆر ده‌دات، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک له‌م به‌ڵێنانه نیوه‌ناچڵ جێبه‌جێ کراون، به‌تایبه‌ت له هه‌مبه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ که له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت بونیاد نراون وه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له هه‌ندێک شوێنی دیاری کراودا پیاده ده‌کرێن. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئێمه به‌هانه‌یه‌کی باشمان هه‌یه بیسه‌لمێنین له نێو پرۆسه‌ی که‌ڵه‌که کردنی سه‌رمایه‌دا پرسی کورد چاره‌سه‌ر ناکرێت. ئێمه له‌سه‌رمانه ئه‌و به‌هانه و هۆکارانه بخه‌ینه به‌رچاو. ئه‌گه‌ر توانرا له نێو ئه‌م سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌دا کێشه‌کانی گه‌رم بونی زه‌وی، کێشه‌ی نادادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی، کێشه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه جیۆگرافیه‌کان، کێشه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر بکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ته‌ندروست بمێنێته‌وه، ئه‌وا به سوپاسه‌وه منیش له پێناوی مانه‌وه‌یدا کارده‌که‌م و دژبه‌ری سه‌رمایه‌داری نابم.
به‌ڵام به‌ڵێ من له‌به‌ر هۆکارگه‌لێکی دیار دژی سیسته‌می سه‌رماداریم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هۆکارانه‌ی وام لێده‌که‌ن نه‌یاری ئه‌م سیسته‌مه بم، له بونیادی سه‌ره‌تایی مندا ڕێکه‌وت و بۆماوه‌یی نین. یاخود تایبه‌تمه‌ندی و نامۆییه‌ک له په‌روه‌رده کردنم دا، یان روداوێکم به‌سه‌ردا هاتبێت منی له که‌سێکی وشیاره‌وه کردبێت به قوربانی. نه‌خێر هیچ یه‌کێک له‌م هۆکارانه نیه. من ئه‌نتی سه‌رمایه‌داریم له‌به‌ر کۆمه‌ڵێک هۆکاری ته‌واو عه‌قڵانی. وه له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش وه‌ک پێویستیه‌کی ژیاری ده‌بینم که خه‌ڵکی عه‌قلانی ئه‌و توانسته‌یان هه‌بێ گوێ له هۆکاری عه‌قلانی بگرن بۆیه یه‌کێک له‌و مه‌سه‌له سه‌ره‌کیانه‌ی که جێی بایه‌خی منه ئه‌وه‌یه وه‌ڵامی شیاو‌و به‌جێی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه، بۆ ده‌بێ ئێمه دژبه‌ری سه‌رمایه‌داری بین.
ئه‌و ناکۆکیانه‌ی من لێیان ڕاماوم هه‌مان ئه‌و کێشانه‌ن که پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێن، ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بین. کۆمه‌ڵێک هۆکاری تێکئاڵاو هه‌ن که پێکه‌وه گرێ دراون. یه‌کێک له ڕێکاره‌کانی دژبه‌ریی سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و بیرۆکه‌یه بده‌ین که به‌های به‌کارهێنان له به‌رامبه‌ر به‌های ئاڵوگۆڕدا تۆخ ده‌کاته‌وه و ده‌یکاته ئالته‌رناتئڤ. ده‌توانین ئه‌م هاوکێشه‌یه له تێزه‌کانی ئاپۆشدا بدۆزینه‌وه. زۆر گرنگه ئه‌م بابه‌ته له‌به‌رچاو بگیرێت. پێویسته به‌رامبه‌ر هێزی پاره خۆڕاگر بین. لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی پاره پرسێکی قه‌به‌یه، پرسێکه ڕوبه‌ڕوی ئه‌و هه‌وڵ و بیرۆکانه ده‌بێته‌وه که ده‌یانه‌وێ ناوچه‌یه‌کی خۆسه‌ری جیاواز له جیهاندا بخولقێنن به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز به‌ڕێوه بچێت. ئه‌مه پرسێکی ڕیشه‌ییه له بونیادنان و په‌ره‌سه‌ندنی ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆمی هانده‌ر و گه‌شه‌سه‌ندوی وه‌ک ناوچه‌ی خۆسه‌ریی کۆبانی و هاوشیوه‌کانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌م ناوچه ئۆتۆنۆمیانه‌دا به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌و هه‌ژمونی دراوه جیهانیه‌کانی وه‌ک دۆلار و نمونه‌کانی دا بمێنیته‌وه، مانای وایه تۆ ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆ نیت. له ڕیفراندۆمی سکۆتلاندیه‌کاندا که‌من پێم وابو کرده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش و تایبه‌ت بوو، ئه‌م گرفته به‌ڕونی ده‌رکه‌وت،من حه‌زم به ناسیۆنالیزمی سکۆتلاندی نیه. له بنه‌ڕه‌تدا حه‌زم له هیچ شێوه‌و فۆرمێکی ناسیونالیزم نیه. بۆیه کاتێک ناسیونالیزمی سکۆتلاندی داوای جیابونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆییان کرد من لایه‌نگریم نه‌کردن. له‌ڕاستیدا سکۆتیه‌کان دوو به‌ره بوون. به‌ره‌یه‌کیان نه‌ته‌وه‌گه‌راکان و به‌ره‌ی دووه‌میش ئه‌و خه‌ڵکانه بوون که ده‌یانویست ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆم و مۆدێلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو جیاواز بۆخۆیان بونیاد بنێن و له سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشینی له‌نده‌ن ڕزگاریان بێت. بۆیه من له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ی به‌ره‌ی دووه‌مدا بڕیارمدا لایه‌نگریی ڕیفراندۆمی سکۆتیه‌کان بکه‌م، وتم به‌ڵێ فه‌رموون سه‌ربه‌خۆیی خۆتان ڕاگه‌یه‌نن.
به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێکی سه‌رنجڕاکێش قوت ده‌بێته‌وه. دوای ڕاگه‌یاندنی جیابونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی کێ کۆنترۆڵی دراوی سکۆتلاندی ده‌کات؟ سکۆتیه‌کان له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا وتیان ئێمه به‌رده‌وام بانکه‌کانی ئنگلته‌را به‌کاردێنین!. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت ئه‌مه یه‌کێک بو له‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌ی کۆمۆنه‌ی پاریس له ساڵی ١٨٧١ دا که به‌رگرییان له مانه‌وه‌ی بانکه‌کانی فه‌ره‌نسا کرد. به‌رگریان له سه‌ره‌کی ترین ئامرازی هه‌یمه‌نه کرد به‌سه‌ر خۆیانه‌وه. لێره‌ش له سکۆتلاندا هه‌مان هه‌ڵه‌یان دوباره کرده‌وه. بانگه‌شه‌ی بونیادنانی سه‌ربه‌خۆیی و مۆدێلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازیان ده‌کرد و قایلیش بون به هه‌یمه‌نه‌ی بانکه‌کانی ئینگه‌لته‌را!.
مارکس و ئەنگلس هیواخواز بوون ڕۆژێک جیهان بکه‌وێته ژێر حوکمی دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریاوه. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئێستا ئێمه له‌ژێر حوکمی دیکتاتۆریه‌تی بانکه ناوه‌ندیه‌کانی جیهاندا ده‌ژین و ئه‌مه‌ش خراپترینی خراپه‌کانه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بانکانه‌ش به سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌رمانگه داراییه‌کانی زلهێزه‌کان چوارده‌وریان گیراوه. ئایه ده‌توانین چی له ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ین له‌کاتێکدا هه‌ژمونی پاره هێشتا ئاماده‌یی هه‌یه؟! له‌کاتێکدا هه‌ژمونی پاره وه‌ک مارکس ئاماژه‌ی پێداوه کۆمه‌ڵگاکان وێران ده‌کات و خۆی شوێنیان ده‌گرێته‌وه. بۆیه ئه‌م دیموکراتیه‌ی ئێستای دنیا دیموکراتی هێز و قودره‌تی پاره‌یه. ئه‌مه‌یه دیمۆکراتیه‌که‌ی ئه‌مریکا که ده‌توانین به‌ڕونی بیبینین. وه له‌لایه‌ن باڵاترین ده‌زگای دادوه‌ریی ئه‌و وڵاته‌وه به‌رگری لێده‌کرێت که له یاساکه‌یدا ده‌ڵێ خه‌رجکردنی پاره پارێزگاریه له ئازادی ڕاده‌ربڕین! به‌مانایه‌کی تر له ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا دیموکراتی هه‌یه، به‌ڵام جۆرێکی تایبه‌تی دیموکراتی که به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و دیموکراتیه کۆنفیدراڵیه نیه که ئۆجه‌لان باسی ده‌کات. وه به‌دڵنیاییه‌وه بونیادنانی ئه‌و مۆدێلی خۆسه‌ریه‌ی که پایه‌و ڕایه‌ڵه‌کانی دیموکراسی ده‌توانێت تێیدا چه‌که‌ره بکات شتێکی جیاواز و ئه‌لته‌رناتیڤه. به‌ڵام یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ناکۆکیه‌کان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه که له نێوان نرخ و پاره‌دا هه‌یه.
له بنه‌ڕه‌تدا نرخ یان به‌ها په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌ک ئۆبژه. ئه‌و خۆی ماده نیه به‌ڵکو شوناسێکی مادیانه‌ی له فۆرم و چوارچێوه‌ی پاره‌دا هه‌یه. له‌کاتێکدا پاره خۆی له‌وه که‌وتوه ماده بێت و بوه به ئه‌ندێشه‌و شتێکی خه‌یاڵی. له‌ڕاستیدا ئێستا بازاڕی پاره خۆی گیرۆده‌ی گه‌وره‌ترین و ترسناکترین ناکۆکیه. ئه‌و ناکۆکیه گه‌وره‌یه‌ی که ده‌ره‌نجامی ته‌قه‌لای به‌رده‌وامی سه‌رمایه‌یه بۆ چه‌سپاند و به‌رده‌وامیی گه‌شه‌کردنی بێسه‌روبه‌ر. گه‌شه‌ی ئاڵۆز و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ بۆ هه‌میشه هه‌روه‌ک ده‌زانن ئه‌م گه‌شه کردنه ئاڵۆز و ئاوێته‌یه به هێواشی ده‌ست پێده‌کات و به تێپه‌ڕینی کات گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بێت.
به‌شێک له‌و مشتومڕه‌ی من له کتێبه‌که‌مدا سه‌ر ڕێم خستوه ئه‌وه‌یه ئێمه له دۆخیکی زۆر دژوارداین. له کاتێکدا ئه‌م که‌ڵه‌که بونه ئاڵۆز و بێسه‌روبه‌ره هێنده سه‌خت و دڕندانه‌یه، هیچ ڕیگایه‌ک نیه بۆ هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک که بتوانێت به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی بیگرێته خۆی. جگه له تاکه ڕێگایه‌ک، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌که که تێیدا هیچ سنورێک بۆ گه‌شه‌کردن بونی نیه. هه‌ڵبه‌ت پاره ته‌نیا شتێکه ده‌توانێت به‌رده‌وام به‌بێ هیچ سنور و فشارێک گه‌شه بکات و په‌ره‌بسه‌نێت. بۆیه لێره‌دا بانکه ناوه‌ندیه‌کان به‌رده‌وام هه‌ڵده‌ستن به زیادکردنی ژماره سفر بۆسه‌ر دراوه‌کانی جیهان. ئه‌مه‌ش گه‌شه‌کردنێکی جه‌هه‌نه‌میه. جاران پێمان وابوو ملیۆنێره‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندن، دواتر وا نه‌مایه‌وه و بلیۆنێره‌کانمان به ده‌وڵه‌مه‌ند زانی. به‌ڵام ئێستا ئه‌و ڕایه‌شمان گۆڕی و بۆ ناسینی ده‌ڵه‌مه‌ندی ڕاسیه‌قینه قسه له‌سه‌ر ترلیۆن ده‌که‌ن. ئه‌مه‌یه حه‌قیقه‌تی که‌ڵه‌که بون و گه‌شه کردنی ئاوێته و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ. چیتر له‌ناو پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا بوارێک بۆ ئه‌م گه‌شه ناسروشتی و که‌ڵه‌که‌بونه نه‌ماوه‌ته‌وه. بۆیه گوازراوه‌ته‌وه بو نێو بازاڕی سامانه هونه‌ریه‌کان. په‌ڕیوه‌ته نێو بازاڕی زه‌وی و خانوبه‌ره. ئێستا نرخی زه‌وی له جیهاندا له به‌رز بونه‌وه و هه‌ڵکشانێکی ناسروشتیدایه، به‌جۆرێک که له توانای هیچ که‌سێکدا نه‌بێت له ناو عه‌رشی ئه‌م سیسته‌مه‌دا بژی که پێی ده‌ڵێن نیو یۆرک سیتی. یان له سه‌نته‌ری شاری له‌نده‌ن. له‌ڕاستیا چیتر خه‌ڵک توانای ژیانی له زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌کاندا نه‌ماوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵک سه‌رقاڵی سه‌رمایه گوزاریی خانوبه‌ره‌ن، له‌م بواره‌شدا دروست کردن و بونیادنانی خانوبه‌ره بۆ چێ کردنی ماڵ و خانویه‌ک نیه بۆ خه‌ڵک. به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به بونیادنان و دروست کردنی کۆمه‌ڵێک ئاپارتمان و یه‌که‌ی نیشته‌جێبونه‌وه هه‌یه بۆ حکومرانی هاوبه‌شی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و سه‌رمایه گوزاری که که‌سیان تێدا ناژی.
هه‌ر که‌سێک شه‌وان به نێو ئه‌م ئاپارتمانه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی شاری نیو یۆرکدا پیاسه‌یه‌ک بکات، به‌ڕونی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌بینێت. بڕوانه له ٤٠٠ گڵۆپی ئه‌م ئاپارتمانه زه‌به‌لاحانه ته‌نیا ٥ دانه‌یان ده‌گڕێن، هه‌موو چراکانی تر خامۆشن، هیچ که‌س له‌نێویاندا ناژی، ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی سه‌رمایه گوزاری بونیاد نراون. ئه‌مه ئه‌و بارودۆخه شێتانه‌یه که به‌های ئاڵوگۆڕ شاڕێکانی به‌های به‌کارهێنان و پێداویستی له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکدا وێران ده‌کات و خۆی ده‌بێته ئه‌لته‌رناتیڤ. ئێستا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه لای تێزه‌که‌ی مارکس له‌سه‌ر به‌های به‌کارهێنان و به‌های ئاڵوگۆڕ و بازاڕی خانوبه‌ره، ده‌توانین ده‌ستبه‌جێ ده‌رک به سروشتی دژواریه‌کان بکه‌ین ئێستا و لێره‌دا کاتی من ته‌واو بو به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌م ئایدیایه تۆخ که‌مه‌وه و بڵێم، هه‌موو شتێک لێڵ و نادیار ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌و کاته‌ی ڕێگایه‌ک بۆ ده‌ستنیشان کردنی هه‌موو مانا داینامیکیه‌کانی سه‌رماداری ده‌دۆزینه‌وه، تا ئه‌وکاته‌ی تێده‌گه‌ین چۆن و بۆچی ئێمه دژه سه‌رمایه‌داریین. مانای ڕاسته‌قینه‌ی دژه سه‌رماداری چیه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره گرنگه‌یه که هه‌تا ئێمه له جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی تێنه‌گه‌ین هیچ به‌هانه‌یه‌کمان بۆ دژبه‌ری کردنی سه‌رمایه‌داری پێ نیه.
ده‌یڤد هارڤی کێیه؟
ده‌یڤد هارڤی پرۆفیسۆری زانسته‌کانی جیۆگرافی و مرۆڤناسی، له ناوه‌ندی خوێندنی باڵا له زانکۆی نیویۆرک. خاوه‌نی گه‌لێک کتێب و وتاری ناوه‌زه‌یه له بونیادنانی زانستی جیۆگرافی هاوچه‌رخدا.
سەرچاوە: ماڵپەری “ئازادی کۆمەڵگا”